ڕۆژی 22ی چواری ساڵی 1898 یەکەم ڕۆژنامەی کوردی "کوردستان" لە شاری قاهیرە پایتەختی وڵاتی میسر چاپ کرا.
ڕۆژنامەوانیی کوردی پێی نایە 123هەمین ساڵی تەمەنیەوە.
122 ساڵە ڕۆژنامەوانیی کوردی لە هەڵکشان و داکشاندایە؛ دەشێت بەشێکی ئەو ڕەوشەی ڕۆژنامەوانیی تێیکەوتووە پەیوەندی هەبێت بە کورد خۆیەوە، بەڵام زیاتر لۆمەکە دەکەوێتە سەر سەرکوتکردنەکانی ئەو وڵاتانەی کوردیان تیادایە ، تورکیا و ئێران و سوریا و هەروەها عێراقیش.
ساڵانی پاش بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی "کوردستان" تا ئەم کاتە، دەیان نێوەندی میدیایی بە میدیای ئەلیکترۆنیشەوە دروست بوون، بەڵام هێشتا گلەیی لە میدیای کوردی هەیە لە زۆر لایەنەوە، وەک دەگوترێت ئەم سەروەختەی میدیای کوردی سەروەختێکی شپرزە و پەڕتەوازەیە لە سۆنگەی ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانییەوە و لە ڕووی سیاسیشەوە هێندەی ئەوەی میدیا بۆتە سەرچاوەیەک بۆ بەکارهێنانی دەستەواژە نەخوازرەکانی دژ بە بەها کۆمەڵایەتییەکان و تێکدانی باری دەرونی وەرگر و چەواشەکردنی وەرگر، هێندە نەیتوانیوە ببێتە ئەو میدیایەی کاریگەری ئەرێنی لەسەر ڕای گشتی دروست بکات وەک دەسەڵاتی چوارهەم.
هەرچۆنێک بێت، بەگشتی دەشێت ڕەوشی ڕۆژنامەوانیی بۆ کورد لە عێراقدا تا ئەندازەیەک جیاوازبێت بە بەراورد لەگەڵ ڕەوشی کورد لە وڵاتەکانی تردا، چونکە لە ساڵی 1991ەوە کورد لە عێراقدا خۆی فەرمانڕەوای خۆیەتی.
میوانی بەرنامە:
نیاز عەبدوڵا، نوسەر و ڕۆژنامەوان
لە دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991ەوە، میدیا لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا برەوێکی بەخۆوە بینیوە، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دەزگا میدیاییەکاندا، میدیا نەیتوانی تایبەتمەندێتییەکانی خۆی بپارێزێت و زۆرێکیش لە تایبەتمەندێتییەکانی خۆی لەبەردەم سیاسەتدا لەدەستداوە و زۆر جاریش پسپۆڕانی میدیا ئاماژەیان بەوە کردووە "میدیا کراوەتە بەشێک لە گرفت و ئاڵۆزییەکان" و دەشگاتە ئەو ئاستەی بگوترێت میدیا لە گواستنەوەی زانیارییە ڕاست و دروستەکانەوە بۆ بینەران و بیسەران و خوێنەرانی، چۆتە قۆناغێکەوە بۆ چەواشەکاری.
ڕۆژنامەوانان کۆڵەکەیەکی گەورەن لە جیهانی ڕۆژنامەوانیدا و گرنگی ڕۆژنامەوانیش، لە گەیاندنی ڕاستیەکانی تایبەتن بە قەیران و بە ئاشتی.
ئەرکی میدیا زانیاری پێدانە بە وەرگر و دواتر وەرگر بڕیار دەدات نەک ئەوەی میدیا بڕیاری بۆ بدات، ئەرکی میدیا ئەوە نییە ببێتە بەشێک لە ژوورە تاریکەکان بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان.
لەم سەروەختەی هەرێمی کوردستانی عێراقدا، میدیای چەواشە کاریگەرییان هەن کە لە میدیای سێبەر و میدیای کەسە باڵا دەستەکانی حزبەکاندا خۆیان دەنوێنن، لە بەرامبەریشدا ئەو میدیایەی لەسەر پرەنسیپە میدیاییەکان و بەپێی بنەما جیهانییەکان کاردەکەن، ڕۆڵیان کەمتر بۆتەوە.
جالێرەدا گرنگە بپرسین، کاتێک میدیای کوردی پێدەنێتە 123هەمین ساڵی تەمەنیەوە، ئایا کۆمەڵگەی کوردی چەندێک ئاشنایە بە بایەخ و کاریگەرییەکانی میدیا؟!
میدیا و ئامڕازەکانی تری میدیایی وەک تۆڕەکانی سۆشیال میدیا بە گشتی ئاڕاستەکانی کارکردن و بەڕێوەبردنیان گۆڕاوە و هێندەی ئەوەی بۆ مەبەستی کەسێتی بەکارهێنراون، نەیانتوانیوە بچنە خانەی خزمەتکردنێکی گشتییەوە.
کورد لە عێراقدا نزیکەی 30 ساڵە فەرمانڕەوای خۆیەتی، چەند ساڵی تر پێویستن تا میدیایەکی نیشتمانی دروست ببێت؟
ئایا یاساکانی دژە تێرۆر و بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم چ کاریگەرییەکیان هەیە بەسەر میدیاوە؟
ئایا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت بۆ بەرەوپێشچوونی میدیا؟
نیاز عەبدوڵا، نوسەر و ڕۆژنامەوانی ناودار، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.