Accessibility links

د.محەمەد ئەحمەد: زەمینەی نوسینەوەی دەستور لە ئێستادا وەک پێویست نیە، لە پێشوتردا دەستور کرابووە ڕیکلامی هەڵبژاردن بۆیە سەرنەکەوتووە


د.محەمەد ئەحمەد بەرپرسی دەستەی باڵای چاودێری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
د.محەمەد ئەحمەد بەرپرسی دەستەی باڵای چاودێری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان

د.محەمەد ئەحمەد بەرپرسی دەستەی باڵای چاودێری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەم وتووێژەدا باس لە بۆچوونی حیزبەکەی دەکات لەسەر پرسی نوسینەوە و پەسەندکردنی دەستوری هەرێمی کوردستان.

"ئێستا ده‌سه‌ڵاتداره‌کان به‌ گونجاوی ده‌بینن قسه‌ی لێبکه‌ن و زه‌مینه‌ی بۆ سازبکه‌ن ئه‌گه‌رنا هه‌مووکاتێک کاتی دەستورە "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا بەرپرسی دەستەی باڵای چاودێری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەربارەی بۆچوونی حیزبەکەی لەسەر پرسی دەستوری هەرێمی کوردستان وتی" به‌پێی ده‌ستوری عێراقی مافی ئه‌م هه‌رێمه‌یه‌ به‌ڵکو ئه‌رکی ئه‌م هه‌رێمی کوردستانه‌یه‌ پێویسته‌ به‌ده‌ستورێک ئه‌رک و ده‌سه‌ڵاته‌کانی و مافه‌کانی هاوڵاتیان و په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ ناوه‌ندا ڕێکبخرێت له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌ستور ده‌بووایه‌ زوو بکرایه‌ به‌ڵام ئیتر ئاڵۆزه‌ سیاسیه‌کان نه‌هێشتووه‌ هه‌تا ئێستا ده‌ستورێک فه‌راهه‌م بکرێت بۆ ڕێکخستنی کاره‌کانی هه‌رێمی کوردستان."

سەبارەت بەوەی هۆکاری چیە تا ئێستا هەرێمی کوردستان دەستوری نیە لە کاتێکدا دەستوری عێراقی ڕێگای پێداوە؟

لەوەڵامدا د.محەمەد ئەحمەد وتی" زانایانی بواری ده‌ستور ده‌ڵێن ده‌ستور به‌شێکی زۆری ئیراده‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ ئێستا ده‌سه‌ڵاتداره‌کان به‌ گونجاوی ده‌بینن قسه‌ی لێبکه‌ن و زه‌مینه‌ی بۆ سازبکه‌ن ئه‌گه‌رنا هه‌مووکاتێک کاتیه‌تی به‌ڵام له‌مکاته‌دا ئه‌وان زۆرتر پێیان گونجاوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ زه‌مینه‌که‌ به‌ گونجاو ده‌بینن له‌لای خۆیانه‌وه‌."

" خه‌ڵکی کوردستانیش ترسێکیان هه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌لێکی موسوڵمانه‌ به‌ڵام کاره‌کته‌ره‌کانی زیاتر عه‌لمانیین...... "

د.محەمەد ئەحمەد ئەوەشی وت" لای ئێمه‌ ده‌ستور ده‌بێت پێش هه‌مووشتێک ته‌وافوقێک- سازانێکی نیشتیمانی دروستبکات، ده‌ستور ده‌بێت پارێزگاریی له‌ قه‌واره‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ بکات، ده‌ستور ده‌بێت هه‌موو هاوڵاتیه‌ک به‌بێ جیاوازی به‌ده‌ستوری خۆی بزانێت، خه‌ڵکی کوردستانیش ترسێکیان هه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌لێکی موسوڵمانه‌ به‌ڵام کاره‌کته‌ره‌کانی زیاتر عه‌لمانیین، ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ئایدۆلۆجیای خۆیان بسه‌پێنن له‌پرسی په‌یوه‌ندی ئایین و ژیانی کۆمه‌ڵگه‌ ئه‌مانه‌ نه‌بێت ئیتر ده‌بێت ئه‌م شتانه‌ی تێدابێت."

بەرپرسی دەستەی باڵای چاودێری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئێوە دەتانەوێت ئاینی ئیسلام ببێتە سەرچاوەی سەرەکی یاسادان؟ وتی" ئه‌وه‌ له‌ڕاستیدا له‌هه‌موو جیهاندا هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی یاسایی به‌هێنده‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی ده‌وڵه‌مه‌ند نییه‌ چ جای له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی موسوڵماندا که‌ 95% ی موسوڵمانه‌ یاساش بۆ خه‌ڵک داده‌نرێت، ده‌ستورێک ده‌بێت له‌گه‌ڵ نه‌گۆڕه‌کانی ئاینی ئیسلامدا دژ نه‌وه‌ستێته‌وه‌."

"دەستور نابێت بکرێتە ڕیکلامی هەڵبژاردن، نابێت بکرێتە نابێت بکرێته‌ کێبه‌ڕکێ و ململانێی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵات"

ئایا دەستور دەتوانێت ئەو کێشانەی لەهەرێمی کوردستان هەیە وە لە نێوان لایەنەسیاسیەکاندا هەیە دەتوانێت گرفتەکان چارەسەر بکات؟ وەڵامەکەی د.محەمەد ئەحمەد بەمجۆرە بوو" له‌ڕاستیدا ده‌ستور یاریده‌ده‌ره‌ ناتوانم بڵێم ده‌ستور خۆی چاره‌سه‌ری ده‌کات چونکه‌ ده‌ستور ده‌قێکه‌ ده‌بێت خه‌ڵک جێبه‌جێی بکات به‌ڵام بوونی ده‌قه‌که‌ یارمه‌تیده‌رێکی به‌هێزه‌ بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌و شتانه‌ی که‌ خه‌ڵک خولیانه‌ و ئاواتیانه‌ که‌بۆیان بهێنێته‌دی."

هەروەها ڕاشیگەیاند" ده‌ستور نابێت بکرێته‌ مادده‌ی ململانێی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵات، ده‌ستور ده‌بێت بکرێته‌ خه‌م و خولیا و کاری هاوبه‌شی نێوان هه‌موو هاوڵاتیان به‌بێ جیاوازی چونکه‌ ده‌ستور ئوسوڵه‌ گشتیه‌کان جێگیر ده‌کات ئه‌گه‌ر جیاوازیه‌ک و کێشمه‌کێشێک هه‌بێت له‌ ورده‌کاریه‌کاندایه‌ که‌ دواتر یاسا ڕێکی ده‌خات له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌ستور نابێت بکرێته‌ کێبه‌ڕکێ و ململانێی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵات، ده‌ستور نابێت بکرێته‌ ڕیکلامی هه‌ڵبژاردن، ده‌ستور نابێت بکرێته‌ جێگه‌ی ململانێی سیاسی نێوان لایه‌نه‌کان ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ده‌ستورێکی سه‌رکه‌وتوو و کاریگه‌ر به‌ده‌ست بهێنیین
له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌ستور بۆ ئه‌وه‌بێت."

" ده‌ستور نابێت به‌ په‌له‌په‌ل هه‌ڵبکوڵێنرێت "

بەرپرسی دەستەی باڵای چاودێری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەشڵێت" کاتێک که‌ ململانێی و ناته‌بایی و جیاڕایی هه‌یه‌ ده‌بێت له‌ده‌ستوردا شتێک بنوسین په‌له‌شی لێنه‌کرێت، ده‌ستور نابێت به‌ په‌له‌په‌ل هه‌ڵبکوڵێنرێت به‌ڵکو ده‌ستور ده‌بێت زه‌مینه‌ی بۆ سازبکرێت، هه‌ر ده‌ستورێک نه‌توانێت ته‌وافق- سازانی نیشتیمانی دروستبکات ئه‌وه‌ ده‌ستور نییه‌."

"زەمینەی نوسینەوەی دەستور ئێستا وەک پێویست نیە، لە پێشوتردا دەستور کرابووە ڕیکلامی هەڵبژاردن بۆیە سەرنەکەوتووە"

د.محەمەد ئاماژە بەوەش دەکات ئێستا زەمینەی نوسینەوەی دەستور لە هەرێم نیە، لەو ڕوەوە وتی" له‌ئێستادا ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ وه‌کو پێویست نییه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌ڵکێک بیانه‌وێت ببن به‌خاوه‌نی ده‌ستورێک ده‌بێت لانی که‌م له‌ ئوسوڵه‌ گشتیه‌کاندا، له‌ بنه‌ما گشتیه‌کاندا ده‌بێت ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ سازبکرێت بۆیه‌ ده‌ڵێم نابێت په‌له‌ی لێبکرێت نابێت بکرێته‌ ململانێی سیاسی و نابێت بکرێته‌ ڕیکلامی هه‌ڵبژاردن."

د.محەمەد ئەحمەد جەختیکردەوە " ئێستا وه‌کو پێویست زه‌مینه‌ی دەستور نییه‌ به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدان ده‌بێت ئیشی بۆبکه‌ن، ده‌بێت کاری بۆبکه‌ن و کاتی بده‌نێ ده‌بێت جه‌ماوه‌ر تێبگه‌یه‌نن که‌ ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی نییه‌ به‌ته‌نها هه‌ڵبژاردنێکی کاتی یان قۆناغی به‌ڵکو ده‌ستور مه‌سه‌له‌یه‌کی ئێستا و ئاینده‌یه‌، ده‌ستور سه‌رچاوه‌یه‌ دواتر بۆ یاساکان، سه‌رچاوه‌یه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت خه‌ڵکه‌که‌ خۆی وریا بکرێته‌وه‌ له‌وه‌ی نابێت خه‌م ساردبێت له‌ مامه‌ڵه‌کردن له‌ پرسی ده‌ستوردا، ئه‌مه‌ وه‌کو پێکهێنانی حکومه‌تێک نییه‌ که‌ ئه‌مڕۆ له‌ گه‌ڵی بن یان له‌ گه‌ڵیدا نه‌بن چونکه‌ ده‌ستور ئه‌و بنه‌مایانه‌ن که‌ ئێستا و ئاینده‌ ده‌به‌ستێت به‌یه‌که‌وه‌ بۆیه‌ ده‌بێت خه‌ڵکه‌که‌ به‌رچاوڕۆشن بکرێت له‌و پرسانه‌."

هەروەها وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە ئایا پێتان وایە لە پێشتردا پرسی دەستور بۆ "ڕیکلامی دەستور" بەکارهاتووە؟ د.محەمەد ئەحمەد وتی" له‌مه‌وپێش وه‌ها بووه‌ بۆیه‌ سه‌رنه‌که‌وتووه‌ هیوادارم له‌مه‌ودوا وانه‌بێت."

" پێش نوسینەوەی دەستور دەبێت ئەم کارانە بکرێت "

بەرپرسی دەستەی باڵای چاودێری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە پێویست زانی پێش نوسینەوەی دەستور زەمینە سازی بکرێت لە ڕێگای ئەنجامدانی ئەم کارانەوە لەو روەوە دەڵێت" ده‌بێت لایه‌نه‌کان به‌خه‌مێکی نیشتیمانی و به‌خه‌مێکی گشتی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ده‌ست بده‌نه‌ ده‌ستی یه‌کتری و بیانه‌وێت له‌ مه‌سه‌له‌ی ده‌ستوردا لیژنه‌یه‌کی کارامه‌ له‌ خه‌ڵکی سیاسی و له‌ خه‌ڵکی یاسایی و له‌ خه‌ڵکی خاوه‌ن ئه‌زموون پێکبهێنن تێیان بگه‌یه‌نن که‌ ده‌ستور ده‌بێت له‌ سه‌روو هه‌موو جیاوازیه‌کانه‌وه‌ بێت و ده‌ستور ده‌بێت بۆ ئاینده‌ش بنوسرێت، هی ئێستا نییه‌، ده‌ستور ده‌بێت هه‌موو هاوڵاتیه‌ک خۆی به‌خاوه‌نی بزانێت بۆ هاوڵاتیان ده‌نوسرێت له‌به‌رئه‌وه‌ به‌م شته‌کان که‌ ده‌نووسن و ئاماده‌ی ده‌که‌ن ده‌بێت به‌م ڕۆحه‌وه‌ بێت، ده‌بێت جه‌ماوه‌ر هه‌مووی به‌رچاو ڕۆشن ببێت و زه‌مینه‌یه‌کی وه‌ها بسازێنرێت که‌ خه‌ڵکه‌که‌ ته‌واو چاو ڕۆشن بن له‌سه‌رئه‌وه‌ی کام مادده‌یان قبوڵه‌ و کام مادده‌یان قبوڵ نییه‌، ئه‌گه‌ر قبوڵیان نییه‌ بۆ قبوڵیان نییه‌؟ ئه‌ی جێگره‌وه‌که‌ی چییه‌؟ ده‌بێت جه‌ماوه‌ر به‌ته‌واوه‌تی به‌رچاو ڕۆشن بێت و خه‌ڵک به‌دڵ ئارامییه‌وه‌ ده‌ست ببات بۆ (به‌ڵێ یان نه‌خێر) ی به‌رامبه‌ر هه‌رمادده‌یه‌کی ده‌ستور."

"ئاسان نیە ئەمساڵ هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستور "

د.محەمەد ئەحمەد بە دووری زانی ئەمساڵ هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستور، د.محەمەد دەڵێت" ئاسان نییه‌ و بڕواناکه‌م ئه‌مساڵ بتوانرێت دەستوری هەرێمی کوردستان پەسەند بکرێت له‌م خوله‌شدا ئه‌گه‌ر بتوانرێت زه‌مینه‌سازی بۆبکرێت ڕێژه‌یه‌ک باشه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌خوله‌کانی داهاتوودا ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ده‌ستورێکی سه‌رکه‌وتوو به‌رهه‌م بهێنیین به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت هه‌رچۆنێک بێت بگوزه‌رێنیین ئه‌وه‌ شتێکی تره‌."


XS
SM
MD
LG