Accessibility links

حەیدەر شەشۆ: دەبێت لە دەستوری هەرێمدا وەکو ئێزیدی مامەڵەمان لە گەڵ بکرێت، مافی ئێزیدی لەژێر دروشمی "کوردی ڕەسەن" نەخورێت و ون نەبێت


حەیدەر شەشۆ سەرۆکی پارتی ئێزیدی دیموکرات
حەیدەر شەشۆ سەرۆکی پارتی ئێزیدی دیموکرات

حەیدەر شەشۆ سەرۆکی پارتی ئێزیدی دیموکرات لەم وتووێژەدا باس لە بۆچونی خۆیان وەک ئێزیدییەکان دەکات لەسەر پرسی دەستوری هەرێمی کوردستان.

"دەبێت وەکو ئێزیدیەک مامەڵە بکرێت و مافی ئێزیدی لەژێر دروشمی "کوردی ڕەسەن" نەخورێت و ون نەبێت "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا سەرۆکی پارتی ئێزیدی دیموکرات دەربارەی بۆچونی پێکهاتەی ئێزیدییەکان لەسەر پرسی دەستور وتی "بەڕاستی پڕۆژەی ڕەشنوسی دەستوری هەرێمی کوردستان زۆر زۆر گرنگە بۆ هەموو پێکهاتەکانی کوردستان بۆئەوەی لە پاشەڕۆژدا دەستور هەبێت و پشتی پێببەستین بۆیە هەبوونی دەستور لە هەرێمی کوردستان بەلای ئێزیدییەکانەوە زۆر زۆر گرنگە، هیوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبەسیاسیەکانی کوردستان مافی هەموو پێکهاتەکان لە دەستوری پاشەڕۆژی هەرێمی کوردستان ڕەچاو بکەن بەتایبەت ئێزیدی کە من وەکو ئێزیدیەک قسەدەکەم، دەبێت وەکو ئێزیدیەک مامەڵە بکرێت و مافی ئێزیدی لەژێر دروشمی "کوردی ڕەسەن" نەخورێت و ون نەبێت لەبەرئەوە داخوازیمان لەهەموو لایەنی سیاسی کوردستانی هەیە بەتایبەت پارتی و یەکێتی کە مافی ئێزیدی لە دەستوری هەرێمی کوردستان ڕەچاو بکرێت."

حەیدەر شەشۆ ڕاشیگەیاند" ئێمە دەڵێین لەژێر ناوی "کوردی ڕەسەن"دا مافی ئێزیدیەکان نەخورێت واتە هەموو کاتێک دەڵێن ئێزیدی "کوردی ڕەسەن"ن بەڵام لە واقیع ئەو مافەیان نییە لەبەر ئەوە ئێمە داوادەکەین لە هەرێمی کوردستان وەکو چۆن برایانی مەسیحی و تورکمان لەدەستوردا مافییان دەپارێزرێت ئێمەش هیوادارین مافی ئێزیدیش وەکو ئەوان ڕەچاوبکرێت."

"کوردی ڕەسەن تەنها دروشم بووە و لە ئەرزی واقیع وانەبووە، ئەو دروشمە زیانی لە ئێمە داوە."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئێوە وەکو ئێزیدییەکان ناتانەوێت وەکو کوردی ڕەسەن ناوتان ببرێت شەشۆ ڕەتیکردەوە و وتی" بەدڵنیاییەوە ئێمە کوردی ڕەسەنین" بەڵام شەشۆ زیاتر دەلێت" بەدڵنیاییەوە ئەو دروشمەی "کوردی ڕەسەن" تەنها دروشم بووە لە ئەرزی واقیع نەبووە و زیانی لەئێمە داوە، ئێمەی ئێزیدی کوردین و بەدڵنیایشەوە ئێمە کوردی ڕەسەنیین، بەڵام لە هەمانکاتیشدا داخوازی مافی کوردی خۆمان دەکەین لە دەستوری هەرێمی کوردستاندا هەروەها لەناو حکومەتیشدا ئێمە تەنها ئەوەمان ناوێت بڵێین ئێوە کوردی ڕەسەنن بەڵام مافمان نەبێت و لەژێر ناوی یەکێتی و پارتی مافی ئێزیدی ون دەبێت، ئێمە بەردەوام داوادەکەین خەڵکی ئێزیدی ئێمەش وەکو خەڵکی کوردستان سەیربکرێن

" سازشیش لە کوردستانی بوونی ناوچەکانی خۆمان ناکەین "

سەرۆکی پارتی ئێزیدی دیموکرات جەختیکردەوە ئەوان کار لەسەر چەسپاندنی داخوازییەکانی خۆیان دەکەن لەناو دەستوردا، لەو ڕوەوە دەڵێت" ئێمە کار لەسەر داخوازی خۆمان دەکەین کە داخوازی ئێمە جێبەجێ ببێت ئێمەش مافی خۆمانمان هەبێت وەکو هەموو پێکهاتەی هەرێمی کوردستان لەحکومەتی هەرێمی کوردستاندا و لەپەرلەمانی کوردستاندا و ئێزیدییەکانیش ئەرکیان هەبێت و خزمەتی وڵات بکەن وەکو هەموو پێکهاتەکانی تر بۆئەوەی دەرفەتێک بدەنە ئێمەو نەڵێن ئەو ناوچانە ناوچەی ماددەی (140) ن، شەنگال و شێخان و بەعشیق و هەموو ناوچەکان کوردستانیین و سازشیش لە کوردستانی بوونی ناوچەکانی خۆمان ناکەین تا مافی خەڵکی ئەو ناوچەیە ون نەبێت."

" ئەگەر ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەخۆنەگرێت ئەو دەستورە نەبێت باشترە "

حەیدەر شەشۆ ئەوەشی وت" پێویستە ئەو دەستورە تەنها بۆ ئەو چوار پارێزگایە نەبێت کە (هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە) بگرێتەوە نابێت مافی شەنگال و خانەقین و مەخموور و زەممار پێشێل بکرێت ئێمە هیوادارین کە دەستوری هەرێمی کوردستان دانرا لەناو ئەو دەستوردا هەموو خاکی هەرێمی کوردستان تێدا دیاری بکرێت و مافی هەموو میللەتی کوردستانی تێدا دیاریبکرێت، بەدڵنیاییەوە ئەگەر ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەخۆنەگرێت دەستورێکی تەواو نییە و ئەو دەستورە نەبێت باشترە."

"ئێزیدییەکان لە 10%ی میللەتی کورد پێکدێنێت "

حەیدەر شەشۆ ئەوەشی ڕاگەیاند" ئێمە داواکاری زۆرمان نییە، ئێمە دەمانەوێت مامەڵە لە ئێزیدیدا بکرێت نەک تەنها لەسنوری پارێزگای دهۆک بەڵکو مامەڵە بکرێت لەگەڵ هەموو ناوچەکانی تری شێخان و شەنگال و بەعشیقە و دهۆک ڕێژەی ئێمەی یەزیدی لەو ناوچانە لەبەرچاو بگیرێت ڕێژەی 10%ی میللەتی کورد پێکدێنێت لە عێراقدا."

" داوای دەستورێکی مەدەنی و دیموکراتی دەکەین، دەستورێک بێت مافی هەموو میللەتێکی کوردستانی تێدا ڕەچاوبکرێت "

لەمیانەی زنجیرە وتووێژەکانی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لەسەر پرسی دەستور لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی هەرێم پێشتر هەریەکە لە (محەمەد حەکیم-وتەبێژی فەرمی کۆمەڵی دادگەری) هەروەها (د.محەمەد ئەحمەد) سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان جەختییان لەوەکردبوەوە کە ئاینی ئیسلام لەبەر ئەوەی ئاینی زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستانە بکرێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی دەستوری هەرێمی کوردستان هاوشێوەی دەستوری عێراق بەلانی کەم (وەک خۆیان دەیانوت).

بەڵام حەیدەر شەشۆ دەڵێت" من ڕێزم هەیە بۆ هەموو ئاینێکی کوردستان بەڵام دەوڵەتێک بەناوی دینی ئەو دەوڵەتە سەرکەوتوو نابێت، دەوڵەت لەسەر بابەتی ئایینی پێکنایەت، ئەمڕۆ کوردستان بەچاوێکی دیموکراتی لە هەموو میللەتی خۆی دەڕوانێت بەتایبەت میللەتی کورد، من ڕێزم هەیە بۆ دینی ئیسلام و هەموو ئایینەکانی تر بەڵام ئەمڕۆ دەبێت مافی میللەتی کورد بپاریزین، بیروباوەڕی میللەتی ئێمە ئیسلام بێت یان مەسیحی یاخود کاکەیی بێت ئێمە ڕێزی لێدەگرین بەڵام ئەگەر بوترێت دینی ئیسلام دینی کوردستانە ئەوە بابەتێکی زۆر مەترسیدارە."

بەڵام خۆ لە دەستوری عێراقی بەو شێوەیە هاتووە کە ئاینی زۆرینەی گەلی عێراق، ئاینی ئیسلام بکرێتە یەکێک لەسەرچاوە سەرەکییەکانی داڕشتنی یاساکانە لە عێراقدا، ئایا بۆ ئەمە دەڵێن چی؟

لای خۆیەوە حەیدەر شەشۆ بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە و دەڵێت" بەڕاستی نابێت وەکو ئەوە بێت کەلە دەستوری عێراقیدا هاتووە بوترێت دینی دەوڵەت دەبێت ئیسلام بێت و هیچ شتێک پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام نەبێت ئەگەر وابێت مانای ئەوەیە هیچ دەرفەتێک نادات بە ئاین و پێکهاتەیەکی تر مومارەسەی مافی خۆیان بکەن لەبەرئەوە ئێمە داخوازی دەستورێکی مەدەنی و دیموکراتی و دەستورێک بێت مافی هەموو میللەتێکی کوردستانی تێدا ڕەچاوبکرێت و مافی هەمووانی تێدا پارێزراوبێت بەحوکمی کەمینەو زۆرینە نەکرێت."

"هیوادارم دەستوری هەرێمی کوردستان پشت نەبەستێت بەوەی ئەوەی لە دەستوری عێراقیدا هاتووە "

شەشۆ ئەوەشی وت " بەڕاستی ئێمە ئەوە بەباش نابینیین کە وەک دەستوری عێراقی بێت، من جارێکی تر دوبارەی دەکەمەوە ڕێزم هەیە مەسەلەی عێراق مەسەلەیەکی ترە بەحوکمی عەرەب و شەریعەتی عەرەبی هەتا لە هەندێک بابەتدا ئەو دەستورە جێبەجێ ناکرێت و مافی میللەتی کوردی تێدا نابینین لەدەستوری عێراقیدا، هیوادارم دەستوری هەرێمی کوردستان پشت نەبەستێت بەوەی ئەوەی لە دەستوری عێراقیدا هاتووە، بابەتی شەریعەتی ئیسلام لە دەستوری هەرێمی کوردستان ڕەچاو نەکات لەبەرئەوەی سەدان ساڵ و هەزاران ساڵە میللەتی کوردستان و خاکی کوردستانیش بووەتە قوربانی بابەتی ئاینی من هیوادارم سیاسەتمەدران و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان پاشەڕۆژی میللەتی کوردیان لەبەرچاو بێت. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:28 0:00


XS
SM
MD
LG