Accessibility links

کاوە عەبدولقادر: باسکردن لە نوسینەوەی دەستور بۆ لەبیربردنەوەی قەیرانی لێبڕینی موچەیە


کاوە عەبدولقادر ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان
کاوە عەبدولقادر ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان

کاوە عەبدولقادر ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەم وتووێژەدا باس لە بۆچونی فراکسیۆنەکەیان دەکات لەسەر پرسی نوسینەوەی دەستوری هەرێمی کوردستان.

" ئه‌وانه‌ی که‌ بڕیاریانداوه‌ که‌ ده‌ستور بنوسرێته‌وه‌ و لیژنه‌ پێکبهێنن بۆ ده‌ستور چۆن ده‌ستور ده‌نوسنه‌وه‌؟! له‌کاتێکدا په‌رله‌مانیان بێ ئه‌رزش کردووه‌"

لەسەرەتای وتووێژەکەدا کاوە عەبدولقادر سەبارەت بە بۆچونیان لەسەر پرسی دەستور ڕایگەیاند" له‌ڕاستیدا هه‌تا ئێستا ته‌نها وه‌کو قسه‌وباس باسی لێوه‌کراوه‌ به‌ڵام به‌فه‌رمی هیچ شتێک به‌ ئێمه‌ نه‌وتراوه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی کوردستانین وه‌کو فراکسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ به‌ڵام هه‌تا ئێستا هیچ شتێک به‌فه‌رمی به‌ئێمه‌ نه‌وتراوه‌ و داوای سه‌رنج و تێبینی ئێمه‌ نه‌کراوه‌ چ له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه‌ چ له‌لایه‌ن لایه‌نه‌کانی تره‌وه‌ به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئێمه‌ پێمانوایه‌ ده‌ستور گرنگه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌بینیین له‌ هه‌رێمی کوردستان ئه‌و یاسایانه‌ی که‌ به‌رکارن کاریان پێناکرێت و پێشێلی یاسا ده‌کرێت و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بێ هێزکراوه‌ به‌پێی ده‌ستوری عێراقی ده‌بێت ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌یه‌کتری جیابکرێنه‌وه‌ به‌ڵام ده‌بینیین ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان جۆرێک له‌ تێکه‌ڵاویی پێوه‌ دیاره‌ چ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان چ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن بێت یان دادوه‌ری،بۆیه‌ ئه‌وه‌ی که‌ هه‌یه‌ بۆنموونه‌ ئێمه‌ نازانیین ئه‌وانه‌ی که‌ بڕیاریانداوه‌ که‌ ده‌ستور بنوسرێته‌وه‌ و لیژنه‌ پێکبهێنن بۆ ده‌ستور چۆن ده‌ستور ده‌نوسنه‌وه‌؟! له‌کاتێکدا په‌رله‌مانیان بێ ئه‌رزش کردووه‌ یان لاوازیانکردووه‌، وه‌ دادگاکانیان وا لێکردووه‌ که‌ هه‌یمه‌نه‌ی دادگاکانیان خستۆته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان یاخود ده‌توانم بڵێم سه‌ربه‌خۆی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری که‌وتۆته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌."

هەروەها وتیشی" هه‌تا ئێستا شتێک نییه‌ به‌ناوی کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌که‌وه‌، ئێمه‌ نازانیین میکانیزمه‌کانی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور و ده‌نگدان له‌سه‌ری و خستنه‌ ڕاپرسیه‌وه‌ چۆن ده‌یکه‌ن له‌کاتێکدا ئه‌و هه‌موو دامه‌زراوه‌یه‌ی که‌ په‌یوه‌ندی به‌ ده‌ستوره‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌موویان په‌کخستووه‌ و هه‌موویان لاواز و بێسه‌روبه‌ر کردووه‌."

"ئه‌سته‌مه‌ بتوانرێت ده‌ستورێکی مۆدێرن بنوسرێته‌وه‌ "

کاوە عەبدولقادر جەختیکردەوە، ئێستا کاتی نوسینەوەی دەستورێکی "مۆدێرن" نیە، لەو ڕووەوە وتی" ئێمه‌ پێمانوایه‌ له‌ئێستادا کاتی به‌دامه‌زراوه‌کردنی داموده‌زگاکانی هه‌رێمی کوردستانه‌ کاتی ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ڕاستی شکۆ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان بۆ دادگاکان بۆ ده‌سه‌ڵاته‌ جیاوازه‌کان واته‌ ده‌بینرێت له‌ کاتێکدا حیزب بڕیار له‌سه‌ر به‌ندکردن له‌سه‌ر دادگایکردنی چالاکوان و ڕۆژنامه‌نوسان ده‌دات، خه‌ڵکی حیزبی فشار له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری دروستده‌کات له‌ کاتێکدا ده‌بینیین په‌رله‌مان بێ هێز و لاوازکراوه‌ ته‌نانه‌ت حکومه‌ت ئاماده‌ نییه‌ بێته‌ په‌رله‌مانی کوردستان به‌وشێوازه‌ من پێموایه‌ له‌ ئێستادا ئه‌سته‌مه‌ بتوانیین ده‌ستورێکی مۆدێرن و ده‌ستورێک که‌ له‌سه‌ر پایه‌کانی دیموکراسی و مافی مرۆڤی تێدا جێگیر بکرێت ئه‌سته‌مه‌ بنوسرێته‌وه‌."

" له‌دابه‌شکردنه‌که‌ش ئه‌وه‌ی تێدابێت ئه‌گه‌ر سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ هه‌ولێر هه‌ڵبژێردێت پێویسته‌ سه‌رۆکی حکومه‌ت له‌سلێمانی بێت، وه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌شه‌وه‌"

سەبارەت بە داواکارییەکانیان لە نوسینەوەی دەستوردا، ئەندامەکەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ وتی " له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بکرێت له‌شێوازی حوکمڕانی جۆرێک له‌ تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه‌ هه‌تا ئێستاش له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ناو یه‌ک حکومه‌ته‌ به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تدا دوو ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌ دوو حکومه‌تی هه‌یه‌، دوو زۆن هه‌یه‌ که‌ هه‌ردوو حیزب ده‌سه‌ڵاتیان تێدا هه‌یه‌ و حکومڕانی ده‌که‌ن بۆیه‌ به‌ڕای ئێمه‌ ده‌بێت بۆنموونه‌ له‌دابه‌شکردنه‌که‌ش ئه‌وه‌ی تێدابێت ئه‌گه‌ر سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ هه‌ولێر هه‌ڵبژێردێت پێویسته‌ سه‌رۆکی حکومه‌ت له‌سلێمانی بێت، وه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌شه‌وه‌ واته‌ جۆرێک له‌دابه‌شکاری هه‌بێت له‌ده‌سه‌ڵاته‌کان. "

واتە ئێوە دەتانەوێت دابەشکاری دەسەڵاتەکان لەسەر ئاستی ناوچە و پارێزگاکانی هەرێم بێت؟ لە وەڵامدا کاوە عەبدولقادر دەڵێت " بەڵێ ئێمه‌ مه‌به‌ستمانه‌ وه‌کو قۆناغێکی ڕاگوزه‌ر بۆنموونه‌ بۆماوه‌ی پێنج ساڵ بێت بۆئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی ئه‌و پێنج ساڵه‌ بتوانیین دامه‌زراوه‌کان ڕێکبخرێنه‌وه‌ و بتوانیین هێزی پێشمه‌رگه‌ بکه‌ینه‌وه‌ به‌یه‌ک، ئه‌و کێشه‌ی دوو ئیداره‌یی و دوو زۆنیه‌ نه‌مێنێت له‌دێگه‌ڵه‌ به‌ولاوه‌ زۆنێکه‌ و به‌لای هه‌ولێره‌وه‌ زۆنێکی تره‌، ئێمه‌ ده‌زانیین دوو ده‌سه‌ڵاتی جیاوازن، تا ئه‌مه‌ کاڵ بکه‌ینه‌وه‌ و نه‌یهێڵین واته‌ ئه‌مه‌ شتێکی کاتی بێت نه‌ک بۆئه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی بێت بۆنموونه‌ کاتێکی بۆ دیاری بکرێت بۆماوه‌ی پێنج ساڵ بتوانێت ئه‌م سه‌رۆکایه‌تیانه‌ دابه‌شبکرێن. "

" واقیعێک هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان، وه‌ ئێستا ده‌بینیین ده‌سه‌ڵاته‌کان یاخود باره‌که‌ به‌لایه‌کدا لاسه‌نگ بووه‌ بۆیه‌ هه‌تا به‌و شێوازه‌ ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌ ژێر ده‌ستی یه‌ک حیزب بێت یان له‌ده‌ستی یه‌ک زۆن بێت ناتوانرێت ئه‌و دوو ئیداره‌ییه‌ی که‌ هه‌یه‌ کۆتایی پێبهێنرێت یان هێزی پێشمه‌رگه‌ ڕێکبخرێته‌وه‌. "کاوە عەبدولقادر ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وایوت "

"باسکردن لە نوسینەوەی دەستور بۆ لەبیربردنەوەی قەیرانی لێبڕینی موچەیە"

کاوە عەبدولقادر ئەوەشی وت " له‌ڕاستیدا ئێمه‌ نیه‌تێکی باش نابینیین له‌ پارتی و یه‌کێتی بۆ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور چونکه‌ ئه‌وه‌ شه‌شه‌مین هه‌وڵه‌ ئه‌وان ده‌یده‌ن بۆ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور پێنج هه‌وڵی ڕابردووش هه‌ر پارتی و یه‌کێتی خۆیان فه‌شه‌لیان به‌نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور هێناوه‌ هه‌ر خۆیان بونه‌ته‌ ئاسته‌نگ له‌ به‌رده‌م ته‌واوکردنی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور بۆیه‌ پێموایه‌ ئه‌وه‌ی ئێستاش ده‌گوزه‌رێت جۆرێکه‌ له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و جۆرێکه‌ له‌بیربردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌کان بۆنموونه‌ ئێستا قه‌یرانی لێبڕینی مووچه‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌ دواکه‌وتنی مووچه‌شی هاته‌سه‌ر، ئه‌وه‌ تاڵانکردنی داهاتی نه‌وت و گومرگه‌کانیش به‌رده‌وامه‌ بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ده‌یانه‌وێت قه‌یرانه‌کان له‌بیری خه‌ڵک ببه‌نه‌وه‌ و خه‌ڵک سه‌رقاڵ بکه‌ن به‌ده‌ستوره‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ نیه‌تی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستورێکیان نییه‌ که‌ زامنی مافه‌ دیموکراتی و نه‌ته‌وه‌یه‌کان بێت له‌ هه‌رێمی کوردستان."

"ئێمە گەشبین نین "

کاوە عەبدولقادر لە کۆتایی وتووێژەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وتیشی " ئێمه‌ گه‌شبین نیین واته‌ باوه‌ڕمان به‌ پارتی و یه‌کێتی نییه‌ که‌ بتوانن ده‌ستورێک بنوسنه‌وه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیانی هه‌رێمی کوردستان بێت و بنه‌ماکانی دیموکراتی و مافی مرۆڤی تێدا بچه‌سپێنرێت. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:05 0:00


XS
SM
MD
LG