خەڵکێکی زۆر لە هەرێمی کوردستاندا بە پلەی باڵا و نایاسایی خانەنشین کراون بەپێی زانیاریەکان پێداچوونەوە بە لیستی ئەو خانەنشینە پلە باڵا و نایاساییانەدا کراوە و ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە. جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستانی عێراقیش پێشبینی ئەوە دەکات ئەگەر پرۆژەی چاکسازی وەک خۆی جێبەجێ بکرێت 60 تا 100 ملیار دینار بۆ خەزینەی حکومەت دەگەرێتەوە.
لەم وتووێژەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا سەعید هەرکی جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند" ئەو کەسانەی کە پێیان دەڵێن پلە باڵا پێکهاتوون لە بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکار و وەزیر و وەکیل وەزیر و پەرلەمانتار، کۆمەڵێک لەو خەڵکەی کە کاتی خۆی خانەنشین کراون لەوانەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو وەزیفەیەی نەبینیوە ، کۆی گشتی خانەنشینی پلە باڵا 1470 کەسن، جگە لە ئەندامانی پەرلەمان کە ئەوانیش 430 کەسن، کەواتە 1900 کەس بە پلەی باڵا خانەنشین کراون".
ناوبراو دەڵێت" بۆ نموونە 189 وەزیرن وردبینی لەسەر 80 فایل کراوە تەنها 33 کەس پلەی حەقیقی وەزیریان هەیە، 168 کەس بە وەکیل وەزیر خانەنشین کراون. وردبینی لە فایلی 148 کەسدا کراوە لەوانە 67 کەس پلەی فعلی وەکیل وەزیریان هەیە و 81 کەسیش ئەولیاتیان نییە، هەروەها 342 ڕاوێژکارن. وردبینی بۆ فایلی 331 کەس لەوانە کراوە مەرجی ڕاوێژکاری لە 177 کەسدا هەیە و لە 154 کەسی تریش مەرجی ڕاوێژکاریان تێدا نییە ، و 771 بەڕێوەبەری گشتین لەوانە وردبینی بۆ فایلی 756 کەس کراوە 309 کەس بەڕێوەبەری فعلین و 447 کەسی تریش ئەولیاتیان نییە و ئەو پلەیەیان نەبینیوە."
لە بارەی ئەو داهاتەی کە بۆ خەزینەی حکومەت دەگەڕێتەوە پاش ئەو چاکسازیانە، سەعید هەرکی جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند" ئەو موچەی کە بە پلە باڵاکان دەدرێت 4 ملیۆن و نیوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە 1900 خەڵکی پلە باڵا دەدات و ئەگەر پرۆژەی چاکسازی وەک خۆی جێبەجێ بکرێت پێشبینی دەکەم دوو ملیار بۆ سەرەوە بۆ خەزینەی حکومەت بگەڕێتەوە تەنها لە پلە باڵاکان و ئەگەر پرۆژەکە وەک خۆی بە دروستی جێبەجێبکرێت پێشبینی دەکەم لە نێوان 60 تا 100 ملیار بۆ خەزینەی حکومەت دەگەڕێتەوە."