Accessibility links

دزەیی:ڕێكخه‌ری ئاهەنگی مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری ئێران بانگهێشتنامەی فەرمی پێشكه‌ش به‌کاربەدەستانی باڵای هەرێمی کوردستان کردووە


Sefin Dzayee
Sefin Dzayee

ئەمڕۆ پێنج شەممە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری هەڵبژێراوی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، وابڕیارە شاندێکی عێراقی و لەنێویشیاندا هەرێمی کوردستان بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنەکە بکەن، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەموتووێژەدا باس لە بەشداری سەرۆکی هەرێم و شاندەکەی دەکات لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت" ڕێکخه‌ری ئاهەنگی مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری هەڵبژێراوی ئێران بانگهێشتنامەی فەرمی پێشکه‌ش به‌ سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆکی په‌رله‌مان کردووە، دەشڵێت" هه‌رێمی کوردستان هه‌میشه‌ هه‌وڵیداوه‌ که‌ فاکته‌رێکی سه‌قامگیر بێت له‌ناوچه‌که‌، وه‌ ده‌ستی دۆستایه‌تی بۆ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و گه‌لانی ده‌وروبه‌ریش درێژ بکات وه‌کو دراوسێیه‌کی ڕاسته‌وخۆی ئێران به‌باشی ده‌زانیین که‌ ئێمه‌ په‌یوه‌ندیه‌کی دۆستانه‌مان هه‌بێت به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مای دۆستایه‌تی بێت، وه‌ ته‌داخول نه‌کردن له‌کاروباری یه‌کتر."

"بانگهێشتی فەرمییە "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەیکرد"مه‌راسیمی ده‌ستبه‌کاربوونی سه‌رۆکی نوێی هه‌ڵبژێردراوی ئێران به‌و بانگهێشتە فه‌رمییه‌ی که‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئێران یاخود ڕێکخه‌ری ئه‌و ئاهه‌نگه‌ پێشکه‌ش به‌ سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆکی په‌رله‌مان کرابوو، دیاره‌ به‌هۆی هه‌ندێک به‌رنامه‌ی پێشوه‌ختی تر سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ناتوانێت به‌شدار بێت به‌ڵام به‌ڕێزان سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکی په‌رله‌مان به‌شدار ده‌بن، وه‌ شاندێکی حکومیش له‌ چه‌ند وه‌زیرێکی به‌ڕێز له‌گه‌ڵ ئه‌و شانده‌ به‌شدار ده‌بن، ئێران وڵاتێکی دراوسێیه‌ و په‌یوه‌ندیه‌کی دێرینمان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌، وه‌ به‌شێکی زۆری سه‌رکرده‌کانی سیاسی عێراقی به‌گشتی و هه‌رێمی کوردستانیش به‌تایبه‌تی له‌ ڕۆژانی ئۆپۆزیسیۆن هه‌تا پێش 1991 له‌ساڵی 1980کان په‌یوه‌ندییه‌کی دۆستانه‌ هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران."

"ده‌لاله‌ته‌ له‌و بایه‌خدانەی ئێران به‌ پێگه‌ی هه‌رێمی کوردستان و ئه‌و دۆستایه‌تیه‌ دێرینه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌بووه‌ "

دەربارەی بەشداریکردنی بەرپرسانی عێراقی و هەرێمی کوردستان سەفین دزەیی وتی" به‌شداریکردنی عێراق یاخود به‌رپرسانی عێراق وه‌کو سه‌رۆک کۆمار و به‌رپرسانی تری عێراقی له‌نێوان ئه‌وانه‌شدا هه‌رێمی کوردستانیش به‌شتێکی ئاسایی ده‌بینرێت، وه‌ به‌شداریکردنیشیان له‌و ڕێوڕه‌سمه‌ له‌ئاستێکی به‌رزی هه‌رێم ده‌لاله‌ته‌ له‌و بایه‌خدانەی ئێران به‌ پێگه‌ی هه‌رێمی کوردستان و ئه‌و دۆستایه‌تیه‌ دێرینه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌بووه‌ ئه‌وه‌ش ده‌سه‌لمێنێت که‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ هاوکێشه‌ سیاسیه‌که‌ی ناوچه‌که‌دا جێگه‌یه‌کی خۆی هه‌یه‌."

"هه‌رێمی کوردستان هه‌میشه‌ هه‌وڵیداوه‌ که‌ فاکته‌رێکی سه‌قامگیر بێت له‌ناوچه‌که‌، وه‌ ده‌ستی دۆستایه‌تی بۆ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و گه‌لانی ده‌وروبه‌ریش درێژ بکات "

سەبارەت بە کاریگەری دەستبەکاربوونی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران لەسەر پەیوەندییەکانی هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران؟ دزەیی ڕونیکردەوە" کۆمه‌ڵێک فاکته‌ر هه‌ن که‌ حکوم ده‌دات له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی ئێستا و داهاتوو یاخود به‌ چ ئاقارێکدا بڕوات جاری واهه‌یه‌ هه‌ندێک شتی ڕۆتینی ڕۆژانه‌ ڕووده‌دات له‌وانه‌یه‌ کاریگه‌ری ئه‌رێنی یاخود نه‌رێنی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کان هه‌بێت وه‌کو هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌کی ئاسایی نێوده‌وڵه‌تی هه‌وراز و نشێو هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ جێگیره‌ له‌ دیدی هه‌رێمی کوردستان هه‌میشه‌ هه‌وڵیداوه‌ که‌ فاکته‌رێکی سه‌قامگیر بێت له‌ناوچه‌که‌ هەروەها ده‌ستی دۆستایه‌تی بۆ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و گه‌لانی ده‌وروبه‌ریش درێژ بکات به‌هه‌مان شێوه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌که‌ین که‌ ئه‌و دۆستایه‌تیه‌ دوولایه‌نه‌ بێت له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان و ڕێزگرتن له‌ سه‌روه‌ری یه‌کتر بێت."

هەروەها وتیشی" بێگومان ئێران وڵاتێکه‌ وه‌کو مێژوو و شارستانیه‌تێکی چه‌ند هه‌زار ساڵه‌، ده‌وڵه‌تداری و ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تداری یه‌کجار زۆره‌ چ له‌ئاستی هه‌رێمی و چ له‌ئاستی نیوده‌وڵه‌تیش له‌ڕووی دیبلۆماسی و په‌یوه‌ندییه‌کانی خۆیان، ڕاسته‌ ئه‌مڕۆ ئێران له‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک قه‌یران و ئابڵوقه‌ی له‌سه‌ره‌ به‌ڵام له‌هه‌مان کاتیشدا له‌ڕووی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوده‌وڵه‌تی به‌رده‌وام بووه‌، وه‌ هه‌رێمی کوردستان و عێراقیش وه‌کو دراوسێیه‌کی ڕاسته‌وخۆی ئێران به‌باشی ده‌زانیین که‌ ئێمه‌ په‌یوه‌ندیه‌کی دۆستانه‌مان هه‌بێت به‌ڵام هه‌روه‌کو ئاماژه‌م پێدا له‌سه‌ر بنه‌مای دۆستایه‌تی بێت، وه‌ ته‌داخول نه‌کردن له‌کاروباری یه‌کتر."

"پێویسته‌ بڕیاری کۆتایی بۆ عێراقیه‌کان خۆیان بێت "

دزەیی جەختیکردەوە" عێراق وڵاتێکه‌ که‌ له‌ڕووی ستراتیژی و جیۆپۆڵه‌تیکه‌وه‌ له‌ناوچه‌که‌ تایبه‌تمه‌ندی و گرنگی خۆی هه‌یه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نێک ڕێز له‌ ئیراده‌ی خه‌ڵکی عێراق بگرن هه‌روه‌کو ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی که‌ له‌مانگی 10 بڕیاره‌ ئه‌نجام بدرێت، وه‌ ڕێز له‌سه‌روه‌ری عێراقیش بگیرێت، پێویسته‌ بڕیاری کۆتایی بۆ عێراقیه‌کان خۆیان بێت، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ ده‌بێت بڕه‌خسێت بۆئه‌وه‌ی که‌ خه‌ڵکی عێراق له‌سه‌ر سندوقی ده‌نگدان هه‌ڵبژاردن بکه‌ن و نوێنه‌رانی خۆیان هه‌ڵبژێرن و داهاتووی خۆیان خۆیان دیاری بکه‌ن نه‌ک له‌ پایته‌ختی وڵاتان چ هه‌رێمی بێت یاخود شوێنی تر بێت."

هەروەها وتیشی" ئێمه‌ ده‌زانیین که‌ ئێستا عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا له‌ چوارچێوه‌ی دایالۆگی ستراتیژی هه‌ندێک بنه‌مای ڕێککه‌وتن هه‌یه‌، وه‌ ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ش فره‌ ڕه‌هه‌نده‌ به‌واتایه‌کی تر مانه‌وه‌ی هه‌ندێک هێزی شه‌ڕنه‌که‌ر یاخود زیاتر ڕاوێژکاری بن، ئه‌وه‌ش له‌م قۆناغه‌ عێراق به‌ڕای ئێمه‌ پێویستی پێی هه‌یه‌، وه‌ هاوپه‌یمانان هاوکار و پاڵپشتی عێراق بن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر مه‌ترسیه‌کی داعش که‌ ئێستا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و چیتر شانه‌ی خه‌وتوو نیه‌ به‌ڵکو شانه‌ی ئاکتیڤن، وه‌ زۆر چالاکن له‌هه‌مانکاتیشدا ئێران وه‌کو دراوسێیه‌ک مافی خۆیه‌تی که‌ مه‌ترسی یاخود نیگه‌رانی له‌سه‌ر ئه‌منی نیشتیمانی خۆی هه‌بێت، وه‌ به‌ڕاستی عێراق و ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان نامانه‌وێت که‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ ببێته‌ گۆڕه‌پانی ته‌سفیه‌کردنی کێشه‌کان، هه‌وڵێکی جددی له‌ئارادایه‌ که‌ ئێران بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و دانیشتنانه‌، ئێستاش له‌گه‌ڵ ئه‌وروپیه‌کان زیاتر و ئه‌مه‌ریکاش پاڵپشتی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی JCPOA."

"به‌مه‌به‌ستی باسکردن و گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامێکی گونجاو له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی مه‌له‌فی نه‌وه‌وی هیوادارین ئه‌و دیالۆگه‌ بگاته‌ ئه‌نجامێک بۆئه‌وه‌ی ئاسایش و سه‌قامگیری، و دڵنیایه‌کیش به‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش بدات که‌ ئیتر هیچ هەڕەشە و مه‌ترسیه‌ک یاخود دڵه‌ڕاوکێیه‌ک نه‌مێنێت، ئه‌وه‌ش به‌ڕاستی کارێکی ئاسان نییه‌ کاتی ده‌وێت به‌ڵام به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی ڕابردوو ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌ی که‌ له‌نێوان شاندی ئێرانی و ئه‌وروپیه‌کان بووه‌ هیوادارین که‌ له‌ داهاتووش ئه‌مریکیه‌کانیش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌پیریه‌وه‌ بچن."سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وایوت"

" ئه‌و لیژنه‌ هاوبه‌شانه‌ی که‌ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غداد پێکهاتووه‌ لەسەر ئەو هێرشانەی دەکرانە سەر هەولێر بۆ به‌دواداچوون و به‌ مه‌لموسی دیاریکردنی لایه‌نه‌کان هیچ ئه‌نجامێکی نه‌بووه‌ "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا شاندەکەی هەرێم لەسەردانەکەیاندا بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران باس لەو نیگەرانیانە دەکەن کە هەندێکجار باس لەوەدەکرێت گروپە میلیشیاکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامی ئێران بەرپرسن لەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەولێر و چەند ئامانجێکی تر لە شوێنە جیاوازەکانی عێراق؟

سەفین دزەیی وتی" له‌ڕاستیدا ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ی که‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان کراوه‌ چ به‌ موشه‌ک و چ به‌ درۆن جێی نیگه‌رانی هه‌موولایه‌کمانه‌ و پێویسته‌ جێی نیگه‌رانی هه‌موو لایه‌ک بێت به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و لیژنه‌ هاوبه‌شانه‌ی که‌ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غداد پێکهاتووه‌ بۆ به‌دواداچوون و به‌ مه‌لموسی دیاریکردنی لایه‌نه‌کان هیچ ئه‌نجامێکی نه‌بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ڕووی شوێن یاخود ئه‌و زانیاریانه‌ی که‌ له‌به‌رده‌ست بووه‌ سه‌باره‌ت به‌ که‌سانێک که‌ له‌پشته‌وه‌ بوون، ئه‌و زانیاریانه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام پێویستی به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه‌."

دزەیی زیاتر وتی" سنوردانان بۆ ئه‌و هێزانه‌ به‌پلەی یه‌که‌م حکومه‌تی فیدڕاڵی لێی به‌رپرسه‌ چونکه‌ هه‌رێم به‌شێکه‌ له‌عێراق، وه‌ ئه‌و ملیشیانه‌ش ئه‌وانه‌ی که‌ ناویان دێت له‌ناو خاکی عێراقن و به‌شێکیشیان له‌سه‌ر بودجه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق ته‌مویل-پاره‌دار ده‌کرێن بۆیه‌ حکومه‌تی فیدڕاڵی به‌رپرسی یه‌که‌مه‌ بۆئه‌وه‌ی که‌ ڕێگه‌ نه‌دات ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان بکرێت، سه‌باره‌ت به‌و سه‌ردانه‌ به‌بۆچوونی من ئه‌و سه‌ردانه‌ پڕۆتۆکۆلییه‌ بۆ به‌شداریکردن له‌ مه‌راسیمێکی دیاریکراو باوه‌ڕناکه‌م هیچ ده‌رفه‌تێک هه‌بێت بۆ باسکردنی بابه‌تی تر، هه‌رچه‌نده‌ هاتوچۆ هه‌یه‌ شاندی ئێران بۆ هه‌رێمی کوردستان و به‌پێچه‌وانه‌ش شاندی هه‌رێمی کوردستانیش بۆ ئێران له‌ میانه‌ی ئه‌و شاندانه‌ ئه‌و نیگه‌رانیه‌ و یاخود هه‌ر نیگه‌رانیه‌کی بواری تریش هه‌بێت ده‌کرێت گفتوگۆی له‌سه‌ر بکرێت، هیوادارین ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ دۆستانه‌ی دراوسێانه‌ی که‌ له‌ڕابردوو هه‌بووه‌ هه‌روه‌کو وتم له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێزگرتن له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان و ڕێزگرتن له‌سه‌روه‌ری یه‌کتر به‌رده‌وامی هه‌بێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:25 0:00


XS
SM
MD
LG