Accessibility links

کەمال موسلیم: گرانبونی نرخی ئارد هۆکاره‌کەی له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌یە، په‌یوه‌ندی به‌ بۆرسه‌ی جیهانییه‌وه‌ هه‌یه‌


کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق
کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق

کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت" گرانبونی نرخی خواردەمەنی بەتایبەت ئارد هۆکاره‌کەی له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دایه‌ بەڵکو په‌یوه‌ندی به‌ بۆرسه‌ی جیهانییه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نییه‌ هه‌ر ته‌نێک ئارد 60 دۆلاری چۆته‌سه‌ر بۆیه‌ نرخی ئه‌و ئارده‌ش له‌ بازاڕه‌کانی هه‌رێمی کوردستان زیاد بووه‌،بۆیە ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە وەک حکومەتی هەرێم ڕۆژی پێنج شەممە کۆدەبینەوە، دەشڵێت"به‌ڵێنی ئه‌وه‌ بەخەڵک ده‌ده‌ین وه‌کو وه‌زاره‌ته‌که‌ی خۆمان و وه‌کو وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان هه‌موومان له‌سه‌ر خه‌تیین بۆئه‌وه‌ی ئه‌و هۆکارانه‌ی که‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دایه‌ بتوانیین به‌کاری بهێنیین بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی نرخی ئارد له‌ بازاڕه‌کان."

"به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی که‌لوپه‌ل له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان له‌ژێر کاریگه‌ری گرانبوونی به‌تایبه‌تی که‌لوپه‌لی خۆراکیه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهانی"

لەسەرەتای وتووێژەکەدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان وتی"به‌گشتی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی که‌لوپه‌ل له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان له‌ژێر کاریگه‌ری گرانبوونی به‌تایبه‌تی که‌لوپه‌لی خۆراکیه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهانی جگه‌ له‌وه‌ی که‌ به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ پاره‌ی عێراقی به‌رزبوویه‌وه‌ بۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو نرخی ئه‌و که‌لوپه‌لانه‌ زیاتر چووه‌ سه‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ مادده‌ی خۆراکیه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی ئارد که‌ چه‌ند ڕۆژێکه‌ نرخی نان به‌رزبۆته‌وه‌ ئێمه‌ به‌دواداچوونی ته‌واومان له‌گه‌ڵ بازرگانه‌کان کرد چونکه‌ ئاردی سپی که‌ بۆ نانه‌واخانه‌کان له‌ده‌ره‌وه‌ ده‌هێنرێت، ئێمه‌ دانیشتنمان له‌گه‌ڵ کردن هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌رئاستی جیهانی گه‌نم له‌ بۆرسه‌ی جیهانی گرانبووه‌ هه‌ر ته‌نێک ئارد 60 دۆلاری چۆته‌سه‌ر بۆیه‌ نرخی ئه‌و ئارده‌ش له‌ بازاڕه‌کانی هه‌رێمی کوردستان زیاد بووه‌."

"ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ بۆرسه‌ی جیهانییه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نییه‌ "

کەمال موسلیم ئەوەشی وت" ئێمه‌ پێرێ کۆبوونه‌وه‌یه‌کمان کرد له‌نێوان وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان بۆ دراسه‌کردنی ئه‌و بابه‌ته‌ به‌و شێوازه‌ بوو ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ بۆرسه‌ی جیهانییه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نییه‌، ئه‌وی تریان کۆبوونه‌وه‌مان کرد و ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ی داهاتووش دوای ئه‌وه‌ی هه‌ر وه‌زاره‌ته‌ ده‌چێت دراسه‌ی بارودۆخی وه‌زاره‌ته‌که‌ی خۆی ده‌کات له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی وه‌زاره‌ته‌که‌ به‌و بابه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌تی به‌رچاوڕوونی ته‌واو له‌گه‌ڵ ستافێک له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌که‌ین بۆئه‌وه‌ی بزانیین چۆن بتواننین ئه‌م بابه‌ته‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ین ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ حکومه‌ته‌وه‌ هه‌بێت له‌مه‌سه‌له‌ی باج و ڕسومات و له‌ مه‌سه‌له‌ی کاره‌با و پێدانی سوته‌مه‌نی و ئه‌و کارئاسانیانه‌ی که‌ حکومه‌ت بۆخۆی ده‌توانێت بیکات، ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ جارێکی تر ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیدارانه‌ کۆده‌بینه‌وه‌ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌."

کەمال موسلیم دەشڵێت" له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراقی په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تائێستا نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستان له‌ لێژنه‌ی کڕینی ئه‌و مادده‌ خۆراکیانه‌ نیه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی بازرگانی له‌ دانیشتنه‌کانماندا داوامانکردووه‌ که‌ به‌حوکمی ئه‌وه‌ی به‌شێک له‌و خۆراکه‌ بۆ خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان ده‌نێردرێت نوێنه‌ری ئێمه‌شی تێدا بێت ئینشائه‌ڵا له‌ماوه‌یه‌کی نزیکدا واده‌که‌ین نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانیش له‌م لیژنه‌یه‌دا بێت به‌ڵام ئه‌و ئارده‌ی که‌ له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراقه‌وه‌ بۆ فۆڕمی خۆراکه‌که‌ دابه‌شده‌کرێت ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌و ئارده‌وه‌ نییه‌ که‌ ده‌درێته‌ فڕنی نانه‌واخانه‌کان چونکه‌ ئه‌وه‌ی لای ئێمه‌ لای وه‌زاره‌تی بازرگانی دابه‌شده‌کرێت بۆ هاوڵاتیانه‌ نه‌ک ئێمه‌ بیفرۆشینه‌وه‌ به‌ فڕن و نانه‌واخانه‌کان."

وەزیری بازرگانی حکومەتی هەرێم ئەوەشی وت" بێگومان کاتێک که‌ شت گران ده‌بێت خواست له‌سه‌ری که‌مده‌بێته‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که‌ داهاتێکی دیاریکراویان هه‌یه‌، گرانبوونی که‌لوپه‌لی خۆراکیه‌کان په‌یوه‌ندی به‌ بۆرسه‌ی جیهانییه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌وێوه‌ گرانبووه‌ نه‌ک بڵێین بازرگانێک یان خه‌ڵکێک لای خۆیانه‌وه‌ گرانیان کردبێت چونکه‌ لیژنه‌کانی چاودێری بازرگانی و لیژنه‌کانی تریش هه‌یه‌ له‌ قایمقامیه‌ت به‌رده‌وام سه‌ردانی بازاڕ ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هیچ که‌سێک ئه‌و دۆخه‌ نه‌قۆزێته‌وه‌ و له‌ بازاڕدا شت گران بکات به‌خواستی خۆی، هه‌ندێک گرانبوون هه‌یه‌ که‌ له‌ ئاستی جیهاندایه‌و له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نییه‌."

" پێنج شه‌ممه‌ش جارێکی تر هه‌موو وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان کۆده‌بینه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی بتوانیین ڕێکارێک بگرینه‌به‌ر که‌ نرخ له‌ئاستێکی گونجاودا بهێڵینه‌وه‌ "

وەزیری بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە لە هەنگاوەکانی حکومەت بۆ ڕێگریکردن لە گرانبونی نرخی کەلوپەل و خۆراک لەو ڕووەوە وتی" وه‌کو باسمکرد ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ خۆمان پێرێ دانیشتنمان له‌سه‌ر کردووه‌و پێنج شه‌ممه‌ش جارێکی تر هه‌موو وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان کۆده‌بینه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی بتوانیین ڕێکارێک بگرینه‌به‌ر که‌ نرخه‌که‌ له‌ئاستێکی گونجاودا بهێڵینه‌وه‌ نه‌ک له‌و نرخه‌ به‌رزه‌ی کاریگه‌ری له‌ هاوڵاتیان بکات."

" هیچ بازرگانێک نه‌هاتووه‌ لای من ئه‌و سکاڵایه‌ بکات "

ناوبراو ئەوەشی وت" هه‌ر بازرگانێک که‌ بیه‌وێت بچێت مادده‌ی خۆراکی له‌ده‌ره‌وه‌ بهێنێت ئێمه‌ ڕێگه‌ی پێده‌ده‌ین و مۆڵه‌تی هاورده‌کردنی ده‌ده‌ینێ."

کەمال موسلیم ئاماژەی بەوەکرد" من وەکو وەزیری بازرگانی هیچ بازرگانێک نه‌هاتووه‌ لای من بڵێت ده‌مه‌وێت ئه‌و مادده‌ خۆراکییه‌ بهێنم و ڕێگریم لێکراوه‌ و داوای سه‌رانه‌یان لێکردووم که‌س نه‌هاتۆته‌ لای من ئه‌و سکاڵایه‌ بکات چونکه‌ هه‌رکه‌سێک لای ئێمه‌ ئه‌و سکاڵایه‌ بکات ئێمه‌ به‌دواداچوونی بۆ ده‌که‌ین و ڕێگری ده‌که‌ین له‌ هه‌ر ده‌ستێوه‌ردان و قۆرخکارییه‌ک."

"هۆکاری گرانبوونه‌که‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دایه‌... وابکه‌ین تێچووی ئه‌و کاڵایانه‌ی که‌ دێت که‌متر بکرێته‌وه‌ هه‌تا بتوانیین نرخی له‌ بازاڕ دابه‌زێنیین "

وەزیری بازرگانی زیاتر لەسەر ئەوەی ئەوان وەک لایەنی وەزارەت و حکومەت چییان کردووە بۆ ڕێگریکردن لە گرانی خۆراک؟ لە وەڵامدا وەزیری بازرگانی وتی "ئه‌و بابه‌ته‌ چه‌ند ڕۆژێکه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ وه‌کو باسیشمکرد هۆکاری گرانبوونه‌که‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دایه‌، ئێمه‌ هه‌نگاویشمان ناوه‌ به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی کشتوکاڵیش دانیشتنێک ده‌که‌ین پێش ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ وه‌کو دوو وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیدار بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ بۆئه‌وه‌ی هه‌ر وه‌زاره‌تێک له‌ئاستی خۆیه‌وه‌ بتوانرێت هاوکاری و کارئاسانی بکرێت بۆ بازرگانه‌کانمان وابکه‌ین تێچووی ئه‌و کاڵایانه‌ی که‌ دێت که‌متر بکرێته‌وه‌ هه‌تا بتوانیین نرخی له‌ بازاڕ دابه‌زێنیین."

" به‌ڵێنی ئه‌وه‌ بەخەڵک ده‌ده‌ین "

کەمال موسلیم لە کۆتای وتووێژەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وتی" به‌ڵێنی ئه‌وه‌ بەخەڵک ده‌ده‌ین وه‌کو وه‌زاره‌ته‌که‌ی خۆمان، و وه‌کو وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان هه‌موومان له‌سه‌ر خه‌تیین بۆئه‌وه‌ی ئه‌و هۆکارانه‌ی که‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دایه‌ بتوانیین به‌کاری بهێنیین بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی نرخی ئارد له‌ بازاڕه‌کان."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:29 0:00


XS
SM
MD
LG