Accessibility links

د.مونا یاقو:ئومێد هه‌یه‌ بەمزوانە ئه‌و كه‌سه‌ بدۆزنەوه‌ کەهەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆی لەگەنجان دەکات به‌زووترین کات زانیاری باش ده‌گات


د.مونا یاقو
د.مونا یاقو

ماوەیەکە چەند گرتە ڤیدۆیەکی گەنجان لە ژێر ناوی پەشیمانی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاودەبێتەوە، د.مونا یاقو سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لەم وتووێژەدا دەڵێت" ئێستا ئه‌و بابەتە لای من زۆر گرنگه‌ له‌ ده‌سته‌ی خۆمان به‌شی سکاڵامان هه‌یه‌ که‌چی سکاڵای زۆر که‌م له‌لامان تۆمار ده‌کرێت، من به‌هه‌موویان ده‌ڵێم که‌ ئێمه‌ زۆر خه‌مخۆرین و ئێمه‌ زۆر حه‌زده‌که‌ین خزمه‌تی هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان بکه‌ین به‌تایبه‌تی ئه‌وکه‌سه‌ی که‌ ده‌بێته‌ قوربانی و توشده‌بێت له‌وجۆره‌ که‌یسانه‌ بابێن و سکاڵای خۆیان تۆمار بکه‌ین ئێمه‌ش ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستمان بێت درێغی ناکه‌ین، دەشڵێت"خۆی له‌ یاسای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ندێک ڕێوشوێن هه‌یه‌ ده‌توانیین بیکه‌ین و دادگایش بکرێت ئەگەر ئەو کەسە لەدەرەوەی هەرێمی کوردستانیش بێت، ئینشائەڵا ئومێد هه‌یه‌ ئه‌و كه‌سه‌ بدۆزنەوه‌ کەهەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی لە گەنجان دەکات، به‌زووترین کات زانیاری باش ده‌گات به‌دیاریکراوه‌یی له‌و که‌یسه‌."

"بۆ که‌یسه‌کانی مافی مرۆڤ دڵنیایی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین که‌ ئێمه‌ زۆر خه‌مخۆرین زۆر به‌ ویژدانه‌وه‌ ئیش ده‌که‌ین "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دەربارەی بڵاوبونەوەی گرتەی ڤیدۆی چەند گەنجێک لە ژێر فشاردا بەناوی پەشیمانی دەڵێت" وه‌کو ده‌سته‌ ئێمه‌ یه‌که‌مجار په‌یامێکمان هه‌بوو بڵاومان کرده‌وه‌ له‌ په‌یجی خۆمان له‌سه‌ر ئه‌و که‌یسه‌، دوێنێ به‌شی یاسایی و مافی مرۆڤ چوون هه‌تا بزانن چی نوێ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ تا زانیاری زیاترمان بۆ بێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ داواکاری گشتی دانیشتین و باسی ئه‌و که‌یسه‌مان کرده‌وه‌ که‌ چی بکرێت له‌و بابه‌ته‌ هه‌ڵبه‌ته‌ من زیاتر پێم باشه‌ نه‌ک ته‌نها ئه‌و که‌یسه‌ به‌ڵکو ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌وانه‌یه‌ زۆر پێویستمان به‌وه‌ بێت که‌ ئه‌و که‌یسه‌ بکرێته‌ که‌یسێک که‌ ڕوونکردنه‌وه‌ و وشیارکردنه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵک بکه‌ین به‌تایبه‌تی گه‌نجه‌کان و ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ چوارده‌ ساڵ بۆ سه‌ره‌وه‌ که‌ ئێمه‌ یاسامان هه‌یه‌ و ئه‌و یاسایه‌ زۆر شت قه‌ده‌غه‌ ده‌کات هه‌تا ئه‌و دیارده‌یه‌ زۆر بڵاونه‌بێته‌وه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان، سه‌باره‌ت به‌و که‌یسه‌ هێشتا ناتوانم زۆر شت بڵێم له‌وانه‌یه‌ بۆمان باش نه‌بێت جارێ ده‌ریبکه‌ین چونکه‌ که‌یسه‌که‌ هێشتا کۆتایی پێنه‌هاتووه‌ بۆیه‌ ناتوانم زانیاری زیاتر بڵێم."

د.مونا یاقو دەشڵێت" ئێمه‌ لایه‌نێکی چاودێرین واته‌ چاودێری ده‌که‌ین بۆ جێبه‌جێکردنی یاسا بۆ ئه‌و پێشێلکاریانه‌ی که‌ ده‌کرێت سه‌باره‌ت به‌هه‌موو که‌یسه‌کانی مافی مرۆڤ دڵنیایی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین که‌ ئێمه‌ زۆر خه‌مخۆرین زۆر به‌ ویژدانه‌وه‌ ئیش ده‌که‌ین، به‌ڕێگه‌یه‌کی یاسایی ته‌واو یاسا چۆن حوکم ده‌دات ئه‌وا ئێمه‌ هه‌میشه‌ پشتگیری ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی سه‌روه‌ری یاسا هه‌بێت له‌ هه‌رێمی کوردستان، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستمان بێت بۆ پاراستنی ئه‌و که‌سانه‌ و مافه‌کانیان ئێمه‌ هیچ درێغی ناکه‌ین."

" به‌دڵنیایی ئومێد هه‌یه‌ که‌ ئه‌و که‌سه‌ بدۆزنه‌وه‌ "

سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لەسەر کەیسی ئەو گەنجانە دەشڵێت" ئێمه‌ ئیش ده‌که‌ین واته‌ خه‌ریکین هه‌موو ڕۆژێک باسی ئه‌و که‌یسه‌ ده‌که‌ین له‌ زۆر شوێن به‌ په‌یوه‌ندی و به‌ دانیشتن و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک به‌ڵام ناکرێت من له‌ میدیا باسی بکه‌م، به‌ڵێ به‌دڵنیایی ئومێد هه‌یه‌ که‌ ئه‌و که‌سه‌ بدۆزنه‌وه‌، خۆی زۆربه‌ی کاته‌ ئه‌وه‌ی تۆمه‌تباره‌ هه‌میشه‌ ده‌وترێت که‌ شوێنی دیار نییه‌ هه‌تا بۆئه‌وه‌ی خۆی بپارێزێت به‌ڵام له‌ڕاستیدا وانییه‌ ئینشائه‌ڵا به‌زووترین کات زانیاری باش ده‌گاته‌ هه‌موو که‌سانه‌ی که‌ ئه‌و که‌یسه‌ له‌لایان گرنگه‌."

" سکاڵای زۆر که‌م له‌لامان تۆمار ده‌کرێت "

سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ جەختی لەوەشکردەوە ئەگەرچی لەدەستەکەیان بەشی سکاڵا هەیە بەڵام ژمارەیەکی کەم سکاڵایان لەلا تۆمارکراوە لەسەر ئەو دۆسێیە لەو ڕووەوە د.مونا یاقو ڕایگەیاند" ئێستا ئه‌و شته‌ لای من زۆر گرنگه‌ چونکه‌ له‌ ده‌سته‌ی خۆمان به‌شی سکاڵامان هه‌یه‌ که‌چی سکاڵای زۆر که‌م له‌لامان تۆمار ده‌کرێت، من به‌هه‌موویان ده‌ڵێم که‌ ئێمه‌ زۆر خه‌مخۆرین و ئێمه‌ زۆر حه‌زده‌که‌ین خزمه‌تی هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان بکه‌ین به‌تایبه‌تی ئه‌وکه‌سه‌ی که‌ ده‌بێته‌ قوربانی و توشده‌بێت له‌وجۆره‌ که‌یسانه‌ بابێن و سکاڵای خۆیان تۆمار بکه‌ین ئێمه‌ش ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستمان بێت درێغی ناکه‌ین، من وه‌کو که‌سی خۆم ئاماده‌م بچمه‌ هه‌موو شوێنه‌کان هه‌تا شتێکیان بۆ بکه‌ین لەگەڵ ئەوەشدا من دایکم تێده‌گه‌م مه‌سه‌له‌که‌ چۆنه‌ و تێده‌گه‌م ئه‌و کێشه‌یه‌ چه‌ند گه‌وره‌یه‌ بۆ ئه‌و گەنجانە بۆیه‌ هه‌وڵده‌ده‌م به‌هه‌موو توانام که‌ یارمه‌تیان بده‌م."

سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ بەهۆی هەستیاری بابەتەکەوە ئامادەنەبوو زانیاری زیاتر بدات لەسەر ئەو کەیسە لەو ڕوەوە دەڵێت" ئه‌و که‌یسه‌ بۆخۆی هه‌ستیاره‌ له‌کاتی لێکۆڵینه‌وه‌دا له‌وانه‌یه‌ هه‌ر قسه‌یه‌ک بکه‌ین زیان بگه‌یه‌نێت به‌شێوه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌که‌."

"ئەگەر ئەو تۆمەتبارە لەدەرەوەی کوردستان بێت دەتوانرێت دەستگیر بکرێت و دادگایش بکرێت "

د.مونا یاقو دوپاتیکردەوە ئەو کەسە ئەگەر لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش نەبێت لە وڵاتانی دەرەوە بێت دەتوانرێت دەستگیر بکرێت لەو ڕوەوە دەڵێت "خۆی له‌ یاسای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ندێک ڕێوشوێن هه‌یه‌ ده‌توانیین بیکه‌ین و دادگایش بکرێت، بەڵام لەکوردستان که‌موکورتی یاسا نییه‌، یاسای زۆرباشمان هه‌یه‌ ته‌نها پێویسته‌ بیسه‌لمێنین که‌ ئێمه‌ به‌ڕاستی ئه‌و یاسایه‌ جێبه‌جێ ده‌که‌ین له‌کاتی پێویستدا به‌شێوه‌یه‌کی باش و توند، جارێ له‌به‌رئه‌وه‌ی من هه‌موو ورده‌کاریی لێکۆڵینه‌وه‌که‌م ئاگا لێ نییه‌ بۆیه‌ ناتوانم بڵێم به‌ چ یاسایه‌ک ئەو تۆمەتبارە دۆسێی بۆ دەکرێتەوە به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ یاسامان هه‌یه‌، یاسای سزادانی عێراقی ژماره‌ 111 ساڵی 1969 ده‌رچووه‌ و هه‌موارکراوه‌ته‌وه‌ ئه‌و یاسایه‌ زۆر ده‌قی له‌ناودایه‌ که‌ له‌سه‌ر ئه‌و که‌یسه‌ جێبه‌جێ ده‌کرێت هه‌روه‌ها یاسامان هه‌یه‌ قه‌ده‌غه‌کردنی به‌کارهێنانی ئامێره‌کانی په‌یوه‌ندی ئه‌و یاسایه‌ دوباره‌ لێره‌دا ڕۆڵی خۆی ده‌بینێت واته‌ یاسامان زۆره‌ که‌موکورتیمان له‌ یاسادا نییه‌ ته‌نها کێشه‌که‌ له‌وه‌دا ئێمه‌ بیسه‌لمێنین که‌ یاسا جێبه‌جێده‌که‌ین."

" ئینشائه‌ڵا به‌ زووترین کات هه‌واڵی باش ده‌بێت به‌دیاریکراوه‌یی له‌و که‌یسه‌"

لە کۆتایی وتووێژەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا د.مونا یاقو جەختی لە گرنگی ئەو کەیسە کردەوە و دەڵێت" ئێمه‌ چاودێری ورد ده‌که‌ین واته‌ ئه‌و که‌یسه‌ له‌لامان زۆر گرنگه‌ هه‌ندێکجار به‌شه‌و ته‌له‌فونم بۆ ده‌کرێت یان من ته‌له‌فون ده‌که‌م ته‌نها بۆئه‌وه‌ی هیچ دوانه‌که‌وین له‌ناو ئیشه‌که‌ی خۆمان، وه‌ باوه‌ڕیشمان هه‌یه‌ ئینشائه‌ڵا به‌ زووترین کات هه‌واڵی باش ده‌بێت به‌دیاریکراوه‌یی له‌و که‌یسه‌، به‌ڵێ پێویسته‌ ئه‌و که‌سه‌ ده‌ستگیر بکرێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:22 0:00


XS
SM
MD
LG