د.زانیار ئاغال پزیشکی پسپۆڕی هەناوی لەم وتووێژەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا باس لەلایەنە باشەکانی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا دەکات.
”لە شەپۆلێکی زۆر بەهێزی کۆرۆنا-داین ”
د.زانیار ئاغال ڕایگەیاند”ئێمە ئێستا لە شەپۆلێکی زۆر بەهێزی کۆرۆنا-داین، بێگومان کە ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا بەرز بوو ڕێژەی مردنیش بەرز دەبێتەوە، ڕێژەی مردنەکانیش لەناو ئەوانەدایە کە تۆمارکراون لە نەخۆشخانەکان. ”
”ڤاکسین ڕێژەی مردن بە کۆرۆنا تا لە %0 کەم دەکاتەوە ”
دەربارەی کاریگەری ڤاکسین لەسەر کەمبونەوەی ڕێژەی مردن بە کۆرۆنا، د.زانیار دەڵێت” لە ئێستادا بەڵگەی حاشا هەڵنەگر هەیە کە ڤاکسین ڕێژەی مردن بە کۆرۆنا زۆر کەم دەکاتەوە بە ئاستی لە %0 ، وە ڕێژەی تووشبوون بە کۆرۆنای توند و داغڵ بوون لە نەخۆشخانە بە ڕێژەی لە %75 کەم دەکاتەوە ئەمە بە پێی لێکۆڵینەوەکانی کە لە وڵاتانی تر کراوە، چونکە لای خۆمان بەهۆی نەبونی ئامڕاز و سەرچاوە توانای ئەو جۆرە لێکۆڵینەوەمان نیە. ”
”ئەوانەی ئێستا لە نەخۆشخانەن بە هۆی کۆرۆناوە بۆ دانسقە بەدوایدا دەگەڕێیین هیچ کامیان ڤاکسینیان نەکردووە ”
د.زانیار ئەوەشی وت” بەڵام ئەوەی خۆم وەک پزیشک بینیومە وە لەگەڵ هاوڕێ پزیشکەکانم کە هەمیشە لە پەیوەندیداین و باسی دەکەین ئەوەیە هیچ حاڵەتێکمان نەبینیووە کە ڤاکسینی کردبێت و داخڵی نەخۆشخانە کرابێت چ جای بوترێت ڤاکسینی کردبێت و مردبێت بە کۆرۆنا، ئەو مردنانەی کە هەیە هیچ کام لەوانە نین کە لە پێشتردا ڤاکسینییان وەرگرتووە، تەنانەت ئەوانەی ئێستا لە نەخۆشخانەن بە هۆی کۆرۆناوە بۆ دانسقە بەدوایدا دەگەڕێیین هیچ کامیان ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، وەک وتم ئەمە لێکۆڵینەوەی ئێمە نیە، ئەمە ئەوەیە کە ئێمە وەک پزیشک لای خۆمان دەیبینین و پشتڕاستی ئەو لێکۆڵینەوانە دەکەنەوە کە لەجیهاندا دەکرێن. ”
”ئەوانەی کۆرۆنایان گرتووە بەڵام پێشتر ژەمی یەکەمیان وەرگرتووە دۆخیان باشترە و نەگەیشتۆتە سییەکانیان ”
سەبارەت بەو کەسانەی ژەمی یەکەمی ڤاکسینییان وەرگرتووە د.زانیار وتی” ئەوان ڕێژەی لە %50 ی بەرگرییان وەرگرتووە، ئەو نەخۆشە بەڕێزانەی ڕۆژانە سەردانمان دەکەن لە نەخۆشخانە و کلینکە ئیستشارییەکان کە کۆرۆنایان گرتووە بەڵام پێشتر ژەمی یەکەمیان وەرگرتووە دۆخیان باشترە و نەگەیشتۆتە سییەکانیان واتە ژەمی یەکەمیش بێت ناهێڵێت پەکیان بکەوێت. ”
”ئایا ڤاکسین کاریگەری لاوەکی هەیە؟ ”
د.زانیار ئاغال کە پزیشکی پسپۆڕی بواری هەناوییە، سەبارەت بە کاریگەری ڤاکسینی کۆرۆنا لەسەر تەندروستی گشتی مرۆڤ دەڵێت” لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەم ڤاکسینە کێشەی ئەو دەنگۆ و پڕوپاگەندانە سەریهەڵدا، ئەوەش وەک هەر دەرمان و ڤاکسینێکی تر وایە ئاساییە لە ملیۆنان کەس، کاریگەری لاوەکی لەسەر کەسێک هەبوبێت، بەڵام گرفتەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئەو دەنگۆیانە نازانستین نازانرێت چۆن گفتوگۆی لەسەر بکەین، چونکە ئاساییە بێن بڵێن لە ڕاپۆرتێکدا لە فڵانە شوێن کەسێک ئەو کاریگەریەی هەبووە لەسەری ڤاکسین یا جاری واهەیە نەخۆش هاتووە بۆ لام کەسی تێگەیشتوو بووە لێی پرسیووم دکتۆر ڕاپۆرتێکی لەوجۆرە هەیە کە لە ئەڵمانیا یا لە ئیسرائیل ئەو کاریگەرییە لاوەکییەی هەبووە من زۆرم پێخۆشە ئەو جۆرە گفتوگۆیە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی زانستی، منیش بۆی ڕوون دەکەمەوە ئەم ڤاکسینە وەک هەر ڤاکسینێکی تر کاریگەری لاوەکی لەملیۆنان کەس لەسەر کەسێکی هەبووە باشترە لەوەی کە ڤایرەسەکە بگرێت و نیو ملیۆن کەس بکوژێت، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە دەنگۆکان نازانستین کە هەندێک دەڵێن تەمەن کورت دەکاتەوە، یا کاریگەری لەسەر منداڵبون یاخود هەرجۆرە دەنگۆیەک لەوبارەوە . ”
” پێم باشە بەکارهێنانی ڤاکسین لە هەرێمی کوردستان بکرێتە ناچاری لەبەر سێ خاڵ ”
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا وەک پزیشکێک لەگەڵ ئەوەیت کە وەرگرتنی ڤاکسین بکرێتە ناچاری؟
د.زانیار ئاغال وتی” بابەتی بەکارهێنانی ڤاکسین بە ناچاری ئەمە بابەتێکە لە جیهاندا جێی مشتومڕە، بەڵام وەک پزیشکێکی پسپۆڕ کە 15 ساڵەم لەم وڵاتەدا چارەسەری نەخۆشی بەڕێزی ئەم وڵاتە چارەسەر دەکەم، پێم باشە بەکارهێنانی ڤاکسین لە هەرێمی کوردستان بکرێتە ناچاری لەبەر سێ خاڵ، خاڵی یەکەم، ئەوەیە، کە ئێمە بێدی چاودێری وردمان کەمە وەک وڵاتانی تر نین کە چاودێری وردمان بەهێز بێت، لای ئێمە نەخۆش سەرەی گرتووە بۆ چاودێری ورد دەبێت خەڵکی تر بمرێت ئنجا جێی ئەو دەکەنەوە، خاڵی دووەم، ئەوەیە کە لای ئێمە تا ئێستا خەڵک پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان و خۆپارێزی نیە، خاڵێکی تریش ئەوەیە، تا ئێستا لای ئێمە هەندێک خەڵک هەیە هەر بڕوای بە کۆرۆنا نیە و دەڵێت، کۆرۆنا نیە ، خۆ لە وڵاتانی تر ڕەنگە لە ملیۆنان کەس یەک کەسی هەبێت وابڵێت بەڵام خێرا بێدەنگ دەکرێت، بۆیە بە بۆچونی من گرنگە ڤاکسین بکرێتە ناچاری بەتایبەت دوای ئەو مەرگەساتەی ڕویداوە. ”
” لەدوای توشبوون بە کۆرۆنا کەی دەتوانرێت ڤاکسین وەربگیرێت؟ ”
سەبارەت بە وەرگرتنی ڤاکسین لە لایەن ئەو کەسانەی کە توشی کۆرۆنا بوون دەتوانن دوای چەندە ڤاکسین وەربگرن؟
د.زانیار دەڵێت”بەپێی ستاندەردی وڵاتەکان دەگۆڕێت، بۆ نمونە لە وڵاتی ئێمە تاوەکو سێ مانگ، یا دوو مانگ، یاخود شەش هەفتە، بەڵام بۆ هەر بەڕێزێک باشترە لە سەنتەرەکانی (vaccination)بپرسن زۆر زۆر دڵسۆزانە وەڵام دەدەنەوە کە کەی گونجاوە ڤاکسین وەربگرن. ”