سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەی بازرگانی لەهەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە سلێمانی سست و لاوازبووە، چونکە زۆربەی بازرگانەکان دەروازە سنوریەکانی هەرێمیان جێهێشتووە و ڕوویان لەدەروازە سنوریەکانی عێراق کردووە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی دەڵێت"سستبوونی پرۆسەی بازرگانی پەیوەندی بە کارئاسانیکردنی عێراقەوە هەیە لەدەروازە سنوریەکان بۆ بازرگانەکان، بازرگانی لەدەروازەکانی هەرێم تێچووی زیاترە، بۆیە بازرگانەکان ڕوو لە دەروازەکانی عێراق دەکەن."
سیروان محەمەد ڕوونیکردەوە، ڕۆیشتنی بازرگانەکان زیاتر کاریگەری لەسەر جوڵەی بازرگانی لەدەروازەی پەروێزخان هەبووە، بەڵام کەم تا زۆر کاریگەری لەسەر دەروازەی باشماخیش بەجێهێشتووە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی ئاشکراشیکرد، حکومەتی هەرێمیان لە مەترسیەکانی ڕۆیشتنی بازرگانان بۆ دەروازەکانی عێراق ئاگادار کردووەتەوە، وتی"داوامانکردووە گفتووگۆ لەگەڵ عێراق بکرێت، تا رسوماتەکان هەمووی وەک یەک بێت، لێرەش کارئاسانی بۆ بازرگانەکان بکرێت، حکومەت خۆشی چەند کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە، چاوەڕێی وەڵامین."
بەبڕوای سیروان محەمەد، حکومەتی عێراق زۆر باڵادەست نیە بەسەر دەروازەکان دا، بۆیە کارئاسانی زیاتر لەدەروازەکانی دەکرێت، وتی"زۆربەی بازرگانەکانی پەروێزخان ڕوویان لەدەروازەکانی عێراق کردووە."
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی جەختیکردەوە، ڕۆیشتنی بازرگانەکان لەهەرێمەوە بۆ دەروازەکانی عێراق کاریگەری لەسەر جوڵەی بازرگانی و هەلی کارهەبووە، چونکە لەدەروازەکاندا خەڵکێکی زۆر کرێکاری و بازرگانی و شۆفێری دەکەن، بۆیە هاوڵاتی و حکومەتیش زەرەرمەندبووە.
هەفتەی ڕابردوو، نزیکەی دوو هەزار شۆفێری دەروازەی پەروێزخان مانیان گرت و بۆ ماوەی هەفتەیەک دەروازەکەیان داخست، لەدژی دانانی کۆمپانیای جۆراوجۆر و لێسەندنی پارە بە ناوی جیاجیا.