ئەندامێکی کۆنسەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) دەڵێت ئەوان هەتا کۆتایی پشـتگیری هێزە کوردیـیەکانی سوریا دەکەن لە بەرامبەر هێرشی دەوڵەتی تورکیا، وە نابێت هیچ کوردێک وەک تەماشاکەر بمێنێتەوە.
زوبێر ئایدار لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا گوتی ئەم هێرشەی تورکیا تەنیا بۆ سەر کوردەکانی سوریا نیـیە، بەڵکو بۆ سەر هەموو کوردە وە ئەوەی تورکیا بەرامبەر کوردی سوریا دەیکات بەهۆی ئەوەوە نیـیە لەوێوە شتی بەرامبەر کرابێت، بەڵکو ئەوەیە لەوێ دەسەڵات و دەستکەوتێکی کوردی بەدەستهاتووە.
ئایدار دەشڵێت بۆیە نابێت لە بەرامبەر ئەم هێرشەی تورکیا هیچ کوردێک وەک تەماشاکەر بمێنێتەوە، چونکە ئەمە هێرشێکە بەرامبەر هەموو گەلی کورد.
دەقی وتووێژەکە لەم فایلە دەنگیەدایە
پێشتر ڕەجەب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لەسەر تویتەرەکەی نووسی" هێزە لەشکریـیەکانی تورکیا بە هاوکاری لەگەڵ لەشکری نشتیمانی سوریا ئۆپەراسیۆنی (سەرچاوەی ئاشتی) لە باکوری سوریا دەستپـێدەکەن بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە هەردوو ڕێکخراوی تێرۆرستی پەکەکە/ یەپەگە و داعش."