Accessibility links

کۆمکاری عەرەب داوایەکی لیبیا بۆ شەڕی دژی داعش پەسەند دەکات


کۆمکاری وڵاتانی عەرەب داوایەکی حکومەتی شەرعی لیبیای قبوڵکردووە بۆ پـێشکەشکردنی یارمەتی لەشکری بۆ ئەو وڵاتە تاوەکو ڕووبەڕووی داعش ببێتەوە.

ڕۆژی سێشەممە کۆمکاری عەرەب لە کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی لە قاهیرە بڕیاری دا بەرنامەیەک دابنرێت بۆ پـێشـکەشکردنی یارمەتی لەشکری بۆ لیبیا، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادە نەبوون ڕەزامەندی خۆیان دەربڕن بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر شوێنەکانی داعش لە شاری سرتی باکوری لیبیا.

نەبیل عەرەبی سـکرتێری گشـتی کۆمکاری عەرەب لە میانەی دانیشتنەکە گوتی " وڵاتانی ئەندام بڕیاریان داوە ڕێوشوێنی پـێویست بگرنەبەر بۆ گەڕانەوەی ئاشتی و ئارامی بۆ لیبیا و هەروەها پـێشکەشکردنی پاڵپشـتی سیاسی و لەشکری بە مەبەستی پاراستنی سەروەری لیبیا."

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو پشتیوانیـیەی لە ئێسـتادا لە حکومەتی شەرعی لیبیا دەکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش وەکو پـێویست نیـیە، بە تایبەتی لەم دوایـیانە کە داعش ناوچەی زیاتری لەو وڵاتە داگیرکردووە.

محەمەد ئەلدایری وەزیری دەرەوەی لیبیا لای خۆیەوە داوای لە وڵاتانی عەرەب کرد یارمەتی وڵاتەکەی بدەن بەپـێی ڕێـکەوتنـنامەی سـاڵی 1950 بۆ بەرگری هاوبەش و هەروەها بەپـێی بڕیاری ژمارە 2214 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆر.

XS
SM
MD
LG