هەفتەیەک دوای ئەوەی لافاوێکی گەورە کە قەبارەکەی هێندەی سونامی بوو لە شاری دێرنای لیبیایدا و بووە هۆی گیان لە دەستدانی هەزاران کەس، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ یارمەتیدانی ڕزگاربووەکان ڕۆژی یەکشەممە خێراتر بوون.
تیمەکانی گەڕان و فریاکەوتن بەردەوام بوون لە گەڕان بەدوای دۆزینەوە لاشەکان یاخود هەر ڕزگاربووەیەک لە ناوچە خاپوور بووەکەدا.
دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن دانیشتوانەکە، کە لە ئێستادا بە تەنها لە دێرنا 30,000 کەسییان بێ ماڵ و حاڵ بوون، پێویستییەکی زۆرییان بە ئاوی پاک و خۆراک و پەناگە و پێویستییە سەرەتاییەکان هەیە، ئەوەش لە نێوەندی زیادبوونی مەترسییەکانی کۆلێرا و سکچوون و وشکبوونەوە و بەدخۆراکیدا.
دانیشتوویەکی دێرنا بە ناوی محەمەد ئەل دەوالی، دەڵێت " لەم شارەدا، سەرجەم خێزانەکان زیانییان پێگەیشتووە."
دانیشتوویەکی تر، محەمەد ئەل زاوی، وتی لە بیرمە چۆن " چیایەکی گەورە لە ئاو لەگەڵ خۆیدا ئوتومبێل و خەڵکەکە و شتەکانییانی دەهێنا و هەموویانی خستە ناو دەریاوە."
تیمەکانی فریاگوزاری خێرا و یارمەتییە مرۆییەکان لە فەڕەنسا، ئێران، ڕووسیا، عەرەبستانی سعودیە، تونس، تورکیا و ئیماڕاتەوە ڕەوانە کراون بۆ لیبیا، یارمەتی دیکەش لە وڵاتانی دیکەوە بەڕێوەیە.
دووبەرەکی سیاسیی لە لیبیا بووەتە هۆی بەربەست دانان لە بەردەم هەوڵەکانی یارمەتییە مرۆییەکاندا، هەر ئەو دووبەرەکییە ماوەی چەندین ساڵە وڵاتەکەی خستووەتە جەنگ و بێسەروبەرییەوە.
لە نێوەندی ئەو بێسەروبەرییەدا، ژمارەی ڕاستەقینەی گیان لە دەستدانەکان بەهۆی لافاوەکەوە تاوەکو ئێستا نەزاندراوە.
وەزیری تەندروستی بەڕێوبەرایەتی ڕۆژهەڵاتی لیبیا، عوسمان عەبدلجەلیل، وتی گیان لە دەستدانی 3252 کەس لە دێرنا پشتڕاست کراوەتەوە.
بەرپرسانی لیبیا و ڕێکخراوە مرۆییەکان هۆشدارییان داوە لەسەر ئەوەی ڕەنگە ژمارە ڕاستەقینەکەی گیان لە دەستدانەکان زۆر زیاتر بێت، لە کاتێکدا کە هەزاران کەس بێسەروشوێنن.
سەرچاوە/ فرانس پرێس