ئەفسەری باڵای سەربازیی لیتوانیا دەڵێت هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا بەشێوەیەک جێگیرکراون ئامادەن " لە هەر ساتێکدا بێت " هێرش بکەنە سەر ئۆکرانیا و بەردەوام هێزی پشتیوانییان بۆ دێت.
ڕۆژی چوارشەممە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی هێزەکانیان دوای تەواوبوونی مەشقە سەربازییەکانیان لەنزیک سنووری ئۆکرانیا دەکشێنەوە، بەڵام ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ مۆسکۆیان تۆمەتبار کرد بەوەی بوونی سەربازیی خۆی لە نزیک سنووری ئۆکرانیا زیاتر دەکات نەک ئەوەی هێزەکان بکشێنێتەوە.
سەرۆکی بەرگری لیتوانیا ڤالدیماراس ڕوپسیس بە ڕۆیتەرزی وت " سوپاکە بەشێوەیەک جێگیرکراوە کە دەتوانێت لە هەر ساتێکدا بێت داگیرکردنەکە ئەنجام بدات، تەنها پێویستی بە فەرمانی هێرشکردنە."
وتیشی " هیچ نیشانەیەک نیە لەسەر ئەوەی بکشێنەوە، بەڵام نیشانە و زانیاری هەن لەسەر ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا لەسەر سنوورەکە پتەوتر دەکرێن و توانای دیکەیان بۆ زیاد دەکەن، هەروەها کۆمەڵێک یەکەش کە زۆر دوور بوون لە سنوورەکە، بەرەو سنوورەکە جوڵێندراون."
وتی " هێزی تەواوییان هەیە بۆ سەرجەم سیناریۆکان، لە داگیرکردنێکی بەرفراوانەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەند هەرێمێک."
ڕوپسیس ئەوەشی خستەڕوو هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبوونی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ لە وڵاتانی باڵتیک.
بەڕێوبەری هەواڵگری دەرەوەی ئیستۆنیا ڕۆژی چوارشەممە وتی ڕووسیا پێدەچێت " هێرشێکی سنووردار " دژی ئۆکرانیا ئەنجام بدات، سەرکەوتنی مۆسکۆ لەو هێرشەدا هانی دەدات فشارەکانی بۆ سەر وڵاتانی باڵتیک زیاتر بکات.
وڵاتانی باڵتیک هەریەک لە لیتوانیا و ئیستۆنیا و لاتیڤیا دەگرێتەوە و سەرجەمیان ئەندامن لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، بەڵام ئۆکرانیا ئەندام نیە لە هاوپەیمانێتیەکەدا، ڕووسیا دەیەوێت ناتۆ ڕازی ببێت بەوەی هەرگیز ڕێگە نەدرێت ئۆکرانیا ببێتە ئەندام تیایدا.
وڵاتانی باڵتیک ڕازیبوون لەسەر ئەوەی موشەکی ئەمەریکی دژە زریپۆش و دژە فڕۆکە بدەن بە ئۆکرانیا، وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆش لەڕووی سەربازییەوە پشتیوانیان لە وڵاتانی باڵتیک کردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز