پۆلیسی بەڕیتانیا وتی ئەو پیاوەی کە لە لەندەن بە بەشی خوارەوەی تاوەری بیگ بێنی ئیلیزابێثدا سەرکەوت، دوای 16 کاتژمێر هاتووەتە خوارەوە و دەستگیرکراوە.
میدیاکانی بەڕیتانیا وتییان پیاوەکە ئاڵای فەلەستینییەکانی بەرز کردووەتەوە و هاواری کردووە " فەلەستین ئازاد بکەن."
وتەبێژی پۆلیسی گشتی لەندەن وتی " لەگەڵ دەزگاکانی دیکەدا کارمان کردووە بە لیوای ئاگرکوژێنەوەی لەندەنیشەوە و ئەفسەری شارەزامان ناردووە بۆ ئەوەی بە زووترین کات کۆتایی بەم ڕووداوە بهێنن و لە هەمان کاتیشدا مەترسی لەسەر ژیان کەم بکەنەوە."
بەپێی ڕاپۆرتێکی سکای نیوز، تیمەکانی فریاگوزاری بە کرەین چوونە سەرەوە بۆ قسەکردن لەگەڵ پیاوەکەدا، پێش ئەوەی بێتە خوارەوە بە دانوستکارانی وتبوو کە بەپێی مەرجی خۆی دێتە خوارەوە.
بەیانی ڕۆژی شەممە بەهۆی ڕووداوەکەوە دەزگاکانی فریاکەوتنی خێرا پردی وێستمینیستەرییان داخست، پۆلیس وتی سەرجەم شەقامەکانیش دوای دەستگیرکردنی پیاوەکە کراونەتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز