پۆلیسی نایجیریا دەڵێت پیاوێکی نایجیری دوای مشتومڕێکی لەگەڵ مەلایەکدا لەلایەن چەتەکانەوە لە ئابوجای پایتەخت سوتێندراوە و گیانی لەدەستداوە.
وتەبێژی پۆلیسی ئابوجا جۆزێفین ئادە وتی ئەحمەد عوسمان لەگەڵ مەلایەکدا مشتومڕی کردووە و دواتر توندوتیژی لێکەوتۆتەوە. پۆلیس گەیشتوونەتە سەر شوێنی ڕووداوەکە و پیاوەکەیان گواستۆتەوە بۆ نەخۆشخانە و لە کاتی گەیشتنیدا گیانی لەدەستداوە.
وتەبێژەکەی پۆلیسی ئابوجا وتی " مشتومڕەکە بووەتە هۆی کەوتنەوەی توندوتیژی و دواتریش کوشتنی لێکەوتۆتەوە، چەتەکانیش کە پیاوە ئاینییەکان بڵاوییان کردبوونەوە و ژمارەیان نزیکەی دوو سەد کەس بووە، ئاگرییان بەرداوەتە ئەحمەد عوسمان."
مانگی ڕابردوو خوێندکارێکی کچ لەلایەن خوێندکارەکانی هاوڕێیەوە لێیدرا و کوژرا و دواتر سوتێندرا، خوێندکارەکان وتیان کچەکە لە گروپێکی واتسئەپدا " کفری " کردووە. دوو خوێندکار لەوبارەیەوە بانگهێشتی دادگا کران.
نایجیریا وڵاتێکی عەلمانییە، بەڵام زۆرینەی باکووری وڵاتەکە موسوڵمانن و پەیڕەوی یاسای شەریعەی ئیسلام دەکەن و دادگایان هەیە کە سزا بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنن کە لە دینەکەیان لایانداوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز