وەزیری بەرگری ئەمەریکا جیم ماتیس وتی چاوی بە وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جوبەیر کەوتووە و داوای لێکردووە لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف بکەن لەسەر کوژرانی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچی.
کوژرانی جەمال خاشقچی بووە هۆی دروستکردنی قەیرانێکی گەورە بۆ سعودیە کە گەورەترین سەرچاوەی نەوتی جیهانە.
ماتیس وتی لەمیانەی کۆنگرەکەی بەحرەیندا چاوی بە جوبەیر کەوتووە و لە کۆبوونەوەکەیاندا گفتوگۆیان لەسەر کوژرانی خاشقچی کردووە.
ماتیس بە ڕۆژنامەنووسانی وت " گفتوگۆمان لەسەر بابەتەکە کرد. وەکو دەزانن باسمان لە هەمان شت کرد ئەوەش ئەوەیە کە پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و فراوان و تەواو لەسەر بابەتەکە بکرێت."
وتیشی " تەواو لە یەک تێگەیشتن هەبوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی جوبەیردا، ئەو وتی پێویستمانە بزانین چی ڕوویداوە و زۆر هاوکار بوو."
سەرۆکی ئەمەریکا لە ماوەی ڕابردوودا وتی دەیەوێت ڕاستی ڕووداوەکە بزانێت، لە هەمان کاتیشدا جەختی لە گرنگی ڕۆڵی سعودیە کردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی ئێران و توندڕەوە ئیسلامییەکاندا و بەوەشەوە کە کڕیارێکی گەورەی چەکی ئەمەریکایە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز