ئەو بڕەی گازی میثان کە لە کێڵگەکانی نەوت و گاز و کانە خەڵوزەکانەوە لە سەرانسەری جیهاندا دەردەدرێتە هەواوە تەنها بەشێکی زۆر زۆر کەمی تۆمار کراوە و جیهان نازانێت بڕی تەواویی ئەو گازی میثانەی کە دەردەدرێتە هەواوە چەند زۆرە، ئەمەش بەپێی بەڕێوبەری یەکێک لەو کۆمپانیایانەی کە چاودێری گازی میثان دەکات لە ڕێی مانگە دەستکردەکانی خۆیەوە.
ستێفان جێرمەینی کۆمپانیای GHGSat دەڵێت لە جیاتی باشبوون، کێشەی دەردانی گازی میثان خراپتر بووە، وتی " لە ساڵی ڕابردوودا زۆر زیاتر لە پێشتر دەردانی گازی میثانمان بینیوە."
لە کۆتایی ساڵی 2023 ەوە، مانگە دەستکردەکانی کۆمپانیای GHGSat نزیکەی 20,000 شوێنییان لە سەرانسەری جیهاندا دیاریکردووە کە دەتوانرێت بوترێت ئەو شوێنانە ئێجگار زۆر گازی میثان دەردەدەنە هەواوە، یاخود ئەو شوێنانەی کە لە ماوەی یەک کاتژمێردا 100 کیلۆگرام گازی میثان دەردەدەن.
ئەوەش بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە لە ساڵی پێشووتر کاتێک کۆمپانیاکە 15,000 شوێنی لەو جۆرە دیاریکردبوو.
جێرمەین وتی ئەو ژمارانە کۆکراونەتەوە تاوەکو گفتوگۆیەک بکرێت لەسەر دەردانی گازەکە چونکە وڵاتان لە ساڵی 2023 دا لە گفتوگۆکانی کەش و هەوا لە دوبەی بەڵێنییاندا کە دەردانی گازی میثان کەم بکەنەوە. ئەم ڕاپۆرتەی جێرمەین لە کۆبوونەوەی دواتری کەش و هەوادا کە بەمزووانە لە باکۆی ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت دەخرێتەڕوو.
ساڵی ڕابردوو 50 کۆمپانیای نەوت کە نوێنەرایەتی نیوەی بەرهەمهێنانی نەوتی جیهان دەکەن بەڵێنێکییان واژۆ کرد کە بە نزیکەیی تاوەکو ساڵی 2023 ی کۆتایی بە دەردانی گازی میثان دەهێنێت و کۆتایی بە سوتاندنی گاز دەهێنێت لە کارەکانییاندا. لە زۆرێک لە وڵاتاندا میثان یاخود گازی سروشتی دەچێتە هەواوە لە بری ئەوەی لە ناو هێڵی بۆریدا بن و بەکاردەهێندرێن بۆ کارەبا و چێشتلێنان.
جێرمەین وتی نزیکەی نیوەی ئەو دەردانی گازی میثانەی بیندراوە لە پیشەسازی نەوت و گازەوە بووە. لە سەدا 16 ی دەردانی گازەکە بەهۆی کانە خەڵوزەکانەوە بووە.
کۆمپانیای GHGSat لەم ساڵدا سێ مانگی دەستکردی زیاد کرد، بەڵام جێرمەین گومانی هەیە لەوەی ئەوە هۆکار بووبێت بۆ بینی دەردانی زیاتری گازی میثان و وتی " وڵاتانی پێشکەوتوو لە جیهاندا پێویستییان بە وزەیە، وزەش بە داخەوە ئەمڕۆ هێشتا سەرچاوەکەی سوتەمەنی بەردینییە."
وتی زۆرترینی ئەو گازی میثانەی کە دەردراوەتە هەواوە لە ئەمەریکای باکوور و یۆراسیا بووە.
پێشتر لەم ساڵدا توێژینەوەیەک باسی لەوە کرد کە بیر و بۆرییە نەوت و گازەکانی ئەمەریکا و کۆمپرێسەرەکان سێ هێندەی ئەوەی کە حکومەت بیری لێکردووەتەوە گازی میثان دەردەن.
مانگی نۆ توێژینەوەیەک ئاماژەی بەوەدا کە گازی میثان لە هەوادا زیاتر بووە، ئەوەش لەگەڵ دوانەئۆکسیدی کاربۆندا گۆڕانی کەش و هەوا خراپتر دەکات.
سەرچاوە/ AP