Accessibility links

مایکرۆسۆفت: ئێران چالاکییە ئەلیکترۆنییەکانی خێرا کردووە لە هەوڵێکی دیاریدا بۆ کارکردنە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا


ڕۆژی هەینی مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند ئێران چالاکییەکانی ئۆنلاینی زیاتر کردووە کە وادیارە مەبەست لێی کارکردنە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بێت، لە حاڵەتێکدا هەڵمەتێکی سەرۆکایەتی کردووەتە ئامانج لە ڕێی هێرشی ئیمەیڵێکی فیشینگەوە.

مایکرۆسۆفت وتی کاراکتەرە ئێرانییەکان لەم چەند مانگەی ڕابردوودا ماڵپەڕی هەواڵی ساختەیان دروست کردووە و خۆیان گۆڕیوە بۆ چالاکەوانەکان، پلانیان داناوە بۆ خستنەوەی دووبەرەکی و چەواشەکردنی دەنگدەرە ئەمەریکاییەکان، بە تایبەتی لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکان.

ڕاپۆرتە نوێیە هەواڵگرییەکەی مایکرۆسۆفت لەسەر مەترسییەکە دەریدەخات ئێران چۆن پەرەی بە تەکتیکەکانی داوە بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە کە ڕەنگە کاریگەریی لەسەر جیهان هەبێت. ڕاپۆرتەکە زۆر زیاتر دەڵێت وەک لەوەی بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا ئاماژەیان پێداوە، نموونەی دیاریکراوی داوە لەسەر گروپە ئێرانییەکان و ئەو کارانەی کە تاوەکو ئێستا ئەنجامییان داون. نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەتی دەکاتەوە پلانی هەبێت بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا یاخود هێرشی ئەلیکترۆنی ئەنجام بدات لە هەڵبژاردنەکاندا.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە نیازی خراپی ئێران داوە، لەوەدا کە هەوڵ دەدات پشێوی دروست بکات لە ئەمەریکادا، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا پێشتر ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەمەریکا بە دیاریکراوی دژی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپە. بەرپرسانی ئەمەریکا نیگەرانییان دەربڕیوە سەبارەت بە هەوڵەکانی ئێران بۆ تۆڵەکردنەوە لە هێرشەکەی ساڵی 2020 ی سەر جەنەڕاڵێکی ئێرانی کە ترامپ فەرمانی پێکردبوو. وەزارەتی دادی ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا تۆمەتی تاوانی ئاڕاستەی پیاوێکی پاکستانی کرد کە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە و باسی لەوە کردووە کە پلانی کوشتنییان هەبووە کە چەندین بەرپرسی ئەمەریکایی کردووەتە ئامانج، بە ترامپیشەوە.

ڕاپۆرتەکە باس لەوەش دەکات چۆن چین و ڕووسیا سوود لە جەمسەرگیری سیاسەتی ئەمەریکا وەردەگرن بۆ بەرەوپێشبردنی نامەناردنە فێڵبازییەکەیان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا.

ڕاپۆرتەکەی مایکرۆسۆفت باس لە چوار نموونەی کارەکانی ئەمدواییانەی ئێران دەکات، مایکرۆسۆفت پێی وایە کارەکانی ئێران زیاتر دەبن لە کاتێکدا کە هەڵبژاردنەکانی مانگی یانزە نزیکتر دەبنەوە.

نموونەی یەکەم، گروپێکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە مانگی شەشدا لە ڕێی ئیمەیڵێکی فیشینگەوە بەرپرسی هەڵمەتێکی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییان کردووەتە ئامانج، فیشینگ شێوازێکی هێرشی ئەلیکترۆنییە کە زۆرجار بەکاردێت بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەستیار، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتەکە. بەڵام ئاماژەی بەوە نەداوە کام لە هەڵمەتەکان بووە. مایکرۆسۆفت وتی گروپەکە سەرچاوەی ڕاستی ئیمەیڵەکەی شاردووەتەوە بەوەی کە لە ڕێی ئیمەیڵێکی هاککراوی ڕاوێژکارێکی پێشووی باڵاوە ناردوویەتی.

وتیشی چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی گروپە ئێرانییەکە هەوڵیداوە بچێتە ناو هەژماری کاندیدێکی پێشووی سەرۆکایەتییەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە. مایکرۆسۆفت هەموو ئەوانە ئاگادار دەکاتەوە کە دەکرێنە ئامانج.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت گروپێکی ئێرانی ماڵپەڕی دروست کردووە کە خۆیان وەکو ماڵپەڕە هەواڵییە ئەمەریکاییەکان پیشان دەدەن و ئەو دەنگدەرانە دەکەنە ئامانج کە دەنگ دەدەن بە بەربژێرە ڕکابەرەکان.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە نموونەی سێیەمدا گروپە ئێرانییەکان خۆیان دەکەن بە چالاکەوانە ئەمەریکاییەکان، هەلومەرجێک دروست دەکەن بۆ کارکردنە سەر ئەرکەکانی نزیک لە هەڵبژاردنەکانەوە.

لە نموونەی چوارەمدا گروپێکی ئێرانی لە مانگی پێنجدا هەژمارێکی هاککردووە کە خاوەنەکەی کارمەندێکی حکومییە لە ویلایەتێکی یەکلاکەرەوەدا. ڕوون نیە کە ئایا هێرشە ئەلیکترۆنیەکە پەیوەندی بە هەوڵەکانی دەستوەردانەوە بووە لە هەڵبژاردنەکاندا یان نا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG