پاسەوانی کەنار دەریای ئیتاڵیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند بەهۆی نقوومبوونی بەلەمێکەوە کە زیاتر لە 30 سەرنشینی پێبووە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری سیراکیوسی سیسیلی دوو کۆچبەر گیانییان لە دەستداوە و کۆچبەرێکیش بێسەروشوێن بووە.
بەرپرسان دەڵێن دوای ئەوەی پەیوەندییەکیان وەرگرتووە، بەلەمێکی پاسەوانی تایبەت و فڕۆکەیەک چوون بۆ ناوچەکەدا، 34 کەسییان ڕزگارکردووە و گواستوویاننەتەوە بۆ بەندەری سیراکیوس.
پاسەوانی کەنار دەریا وتیشی کۆچبەرێک لە کاتی گەیشتندا لە بەندەرەکە گیانی لە دەستداوە و دواتر کۆچبەرێکی دیکە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە. ئاماژەشی بەوەدا هێشتا بە دوای بێسەروشوێن بووەکەدا دەگەڕێن.
ئەو کۆچبەرانەی کە لەسەر بەلەمەکە بوون خەڵکی سوریا و میسر و بەنگال بوون.
بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2014 ەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 23,500 کۆچبەر لە ناوەڕاستی دەریای ناوەند گیانییان لە دەستداوە یاخود بێسەروشوێن بوون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز