Accessibility links

ئەنجومەنی سەربازیی نەیجەر دەسەڵات دەگرێتە دەست، ئەمەریکا دەڵێت هێشتا بوار بۆ دیپلۆماسی ماوە


ەنەڕاڵ ئەبدوڕەهامانی تیانی
ەنەڕاڵ ئەبدوڕەهامانی تیانی

ڕابەرانی کودەتاکەی نەیجەر جەنەڕاڵ ئەبدوڕەهامانی تیانییان وەکو سەرۆکی نوێی وڵاتەکە ڕاگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی ڕایانگەیاند سەرۆکی وڵاتەکە محەمەد بازومییان دوورخستۆتەوە، ئەمەش لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا حەوتەمین کودەتای سەربازییە لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەفریقادا.

وڵاتانی ئەفریقا و زلهێزەکانی ڕۆژئاوا و ڕێکخراوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان پشتیوانی خۆیان دەربڕیوە بۆ بازوم و داوایان کردووە دووبارە دیموکراسی بگەڕێندرێتەوە بۆ وڵاتەکە. هەندێک لە بەرپرسان دەڵێن هێشتا دەرەنجامەکە کۆتایی نیە.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کاثرین کۆلۆنا بە ڕوونی بە " هەوڵێکی کودەتا " ناویبرد، هاوکات وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کیربی وتی هێشتا بوار بۆ دیپلۆماسی لە ناوخۆی ئەفریقادا ماوە.

کودەتاکە نیگەرانی دروستکردووە سەبارەت بە ئاسایشی ناوچەیەک کە تێیدا نەیجەر یەکێک بووە لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتانەی ڕۆژئاوا کە هەوڵی لە ناوبردنی ئەو گروپە چەکدارییانەیان داوە کە سەر بە ئەل قاعیدە و ڕێکخراوی داعشن.

کیربی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " کودەتای سەربازیی ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئەمەریکا هاریکارییە ئاسایشی و هاریکارییەکانی دیکە لەگەڵ حکومەتی نەیجەردا ڕابگرێت."

تیانی کە ئێستا لەلایەن ڕابەرانی کودەتاکەوە وەکو سەرۆکی نوێی نەیجەر ڕاگەیەندراوە، پێشتر بەرپرسی پاسەوانە تایبەتەکانی سەرۆکایەتی نەیجەر بووە و ڕۆژی چوارشەممە سەربازەکانی لە ناو کۆشکی سەرۆکایەتیدا بازومییان گرتووە.

هەندێک لە ڕابەرانی جیهان دەڵێن لە دوای کودەتاکەوە قسەیان لەگەڵ بازومدا کردووە و هێشتا لە کۆشکەکەدا لەگەڵ خێزانەکەیدا دەستبەسەرە، بەڵام " باشە."

فەڕەنسا هێشتا بازوم وەکو سەرۆکی یاسایی نەیجەر دەناسێنێت.

پێش کودەتاکە، نەیجەر یەکێک بووە لە جێگیرترین هاوپەیمانی ڕۆژئاوا لە ناوچەیەکی ناجێگیردا.

نەیجەر سنووری بە وڵاتانی مالی و بورکینا فاسۆ و چادەوە هەیە، کە ئەوانیش بە هەمان شێوە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کودەتای سەربازییان تێدا ئەنجام دراوە.

هەریەک لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا هێزییان لە نەیجەر هەیە و ئەرکەکانییان بریتین لە پێدانی مەشق و ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە چەکدارییەکان.

نەیجەر حەوتەمین گەورەترین وڵاتە لە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمدا، یۆرانیۆم کانزایەکە کە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی و چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێندرێت، هەروەها بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شێرپەنجەش بەکاردەهێندرێت.

هاوشێوەی کودەتا سەربازییەکانی دیکە لە مالی و بورکینا فاسۆ، تیانی وتی هۆکاری کودەتاکە شکستی حکومەت بووە لە کۆنتڕۆڵکردنی یاخیبوونی ئیسلامییەکاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG