Accessibility links

زیاتر لە 67 ملیۆن کەس بینەری دیبەیتەکەی نێوان هێرس و ترامپ بوون


نزیکەی 67.1 ملیۆن کەس شەوی سێشەممە بینەری دیبەیتی سەرۆکایەتی نێوان کامڵا هێرس و دانۆڵد ترامپ بوون، ئەو ژمارەیەش بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە لە بینەرەکانی دیبەیتەکەی مانگی شەشی نێوان ترامپ و سەرۆک جۆو بایدن کە دواجار بووە هۆی ئەوەی بایدن دەستبەرداری کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بێت.

کۆمپانیای نیڵسن وتی دیبەیتەکە لەلایەن ئەی بی سی نیوزەوە بەڕێوەبردرا بەڵام لە 17 تۆڕی هەواڵیدا پەخشکرا. دیبەیتەکەی مانگی شەشی نێوان ترامپ و بایدن 51.3 ملیۆن بینەری هەبووە.

دیبەیتەکەی ڕۆژی سێشەممە ژمارەی پێوانەیی نەشکاند لە زۆرترین بینەری دیبەیتی سەرۆکایەتیدا، لە ساڵی 2016 دا دیبەیتەکەی نێوان ترامپ و هیلاری کلینتن 84 ملیۆن بینەری هەبووە، دیبەیتەکەی ساڵی 2020 ی نێوان بایدن و ترامپ 73.1 ملیۆن بینەری هەبووە.

لە کاتێکدا کە دەوترێت هێرس لەو دیبەیتەدا لە ترامپ باشتر بووە، ترامپ و لایەنگرەکانی بە توندی ڕەخنەیان لە پێشکەشکارەکانی ئەی بی سی، دەیڤد مویر و لینسی دەیڤز، گرت. پێشکەشکارەکان لە ماوەی دیبەیتەکەدا لێدوانە هەڵەکانییان ڕاست دەکردەوە، چوار لێدوانی ترامپییان ڕاست کردەوە.

لە کاتێکدا کە سی ئێن ئێن لە ماوەی دیبەیتەکەی نێوان ترامپ و بایدندا لێدوانە هەڵەکانی ڕاست نەکردەوە، ئەی بی سی ڕووبەڕووی لێدوانەکانی ترامپ بووەوە لەسەر لەباربردن و کۆچ و هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 و تاوانی توندوتیژی.

هیچ دیبەیتێکی دیکە لە نێوان دوو بەربژێرەکەی سەرۆکایەتیدا ڕێکنەخراوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کەناڵی فۆکس نیوز بە ئاشکرا وتوویەتی دەکرێت میوانداری دیبەیتێکی دیکە بکات. سی بی ئێس میوانداری دیبەیتی نێوان جێگرەکەی ترامپ، جەی دی ڤانس و جێگرەکەی هێرس، تیم واڵز، دەکات لە 1 ی مانگی 10 دا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG