بەرپرسی کۆمیتەی نێودەوڵەتی ئەنجومەنی فیدراسیۆنی ڕووسیا گریگۆری کاراسین دەڵێت ڕووسیا نزیکەی 700,000 منداڵی لەو ناوچانەی ئۆکرانیاوە گواستۆتەوە بۆ ڕووسیا کە شەڕییان تێدایە.
کاراسین وتی " لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا 700,000 منداڵ پەناگەیان لای ئێمە دۆزیوەتەوە، لە بۆردومانەکانی ئەو ناوچانەی شەڕییان تێدایە لە ئۆکرانیا هەڵاتوون."
لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا ڕووسیا جەنگێکی بەرفراوانی دژی ئۆکرانیا هەڵگیرساند. مۆسکۆ دەڵێت پڕۆگرامەکەی بۆ هێنانی منداڵان لە ئۆکرانیاوە بۆ ڕووسیا مەبەست لێی پاراستنی منداڵانی بێ سەرپەرشت و ئەو منداڵانەیە کە لەو ناوچانەی ململانێیان تێدایە لە ئۆکرانیا بەجێهێڵدراون.
بەڵام ئۆکرانیا دەڵێت زۆرێک لە منداڵەکان بە شێوەیەکی نایاسایی گواستراونەتەوە بۆ ڕووسیا و ئەمەریکاش دەڵێت هەزاران منداڵ بە ناچاری لە ماڵەکانییان دەرهێندراون و گواستراونەتەوە.
لە مانگی حەوتی ساڵی 2022 دا ئەمەریکا وتی ڕووسیا " 260 هەزار منداڵی بە ناچاری گواستۆتەوە بۆ ڕووسیا." هاوکات وەزارەتی یەکخستنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا دەڵێت تاوەکو ئێستا 19,492 منداڵ بە شێوەیەکی نایاسایی گواستراونەتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز