پـێشبینی دەکرێت ڕەوشی ئابوری وڵاتی میانمار لەمساڵی 2021ەدا بە ڕێژەی لە سەدا 18 داببەزێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئەمڕۆ دووشەممەی بانکی جیهانی، ئەم داکشانە ئابورییە بەهۆی پشێوی و ئاڵۆزییە گەورەکانی وڵاتەکەوەیە دوای کودەتا لەشکرییەکەی مانگی 2 و هەروەهاش بەهۆی زۆربوونی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە.
میانمار لەوەتای کودەتا لەشکرییەکەوە لە ئاژاوە و گێرەشێوێنیدایە و لەشکر سەرکوتکردنێکی خوێناوی دەستپێکردووە دژی جودابیران و زیاتر لە 900 کەس کوژراون بەپێی ڕێکخراوێکی خۆجێیی چاودێرییەوە.
شەپۆلی ناڕەزاییش لە وڵاتەکەدا بۆتە هۆکاری ئیفلیج بوونی ئابوری هاوکاتی داخستنی زۆربەی بانکەکان و دەسەڵاتدارانی میانماریش ناتوانن لیستی باج ئامادە بکەن.
بانکی جیهانی دەڵێت، ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا و مانگرتنەکان و بڕینی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بوونەتە هۆکاری کەمبوونەوەی پارەی مۆڵ و سنوردارکردنی کاری بانکەکان لە کاتێکدا نرخی کیات، دراوی میانمار بە ڕێژەی نزیکەی لە سەدا 23 لە بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکاییدا دابەزیوە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی بانکی جیهانیدا ئاماژە بەوە کراوە ئەو داکشانە مانای ئەوەیە کە ئابوری میانمار بە ڕێژەی لە سەدا 30 دابەزیوە بە بەراورد لەگەڵ سەروەختی پێش پەتای کۆرۆنا و دەسەڵاتی لەشکر، هەروەها ڕێژەی هەژاریش لە وڵاتەکەدا ڕوو لە هەڵکشانە و وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی بانکی جیهانیدا ئاماژەی پێکراوە "دەشێت لە سەرەتای ساڵی 2022دا ببێتە 2 هێندە" بە بەراورد لەگەڵ ئەو ڕێژەی هەژارییەی لە ساڵی 2019دا هەبووە.
وەبەرهێنەران ڕوویان کردە میانمار، پاش ئەوەی لە ساڵی 2011دا چنگی ئاسنینی لەشکر بەرەو هێوربوونەوە دەچوو و زەمینە ڕەخسا بۆ چاکسازی دیموکراسیانە و ئابوری ئازاد لەو وڵاتەدا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 50 ملیۆن کەسە.
سەرچاوە / فڕانس پـرێس