Accessibility links

ڕۆڤەرێکی مەریخ بوونی دەریاچەیەکی کۆن لەسەر مەریخ پشتڕاست دەکاتەوە


بەپێی توێژینەوەیەک کە ڕۆژی هەینی بڵاوکرایەوە، ڕۆڤەری پێرسێرڤانسی ناسا زانیارییەکی کۆکردووەتەوە کە تێیدا بوونی نیشتووەکانی دەریاچەیەکی کۆن لەسەر مەریخ پشتڕاست دەکاتەوە، دەریاچەکە لە کۆندا ئاوی تێدا بووە و بە کانی جێرێزۆ ناسراوە.

دۆزینەوەکانی چاودێریی ڕاداری زەمینبڕ کە لەلایەن ڕۆڤەرێکی ڕۆبۆتەوە ئەنجامدراون، وێنەکانی پێشووی خولگەیی و داتاکانی دیکە پشتڕاست دەکەنەوە کە بوونە هۆی ئەوەی زانایان بە شێوەیەکی تیۆری بڵێن کە بەشێک لە مەریخ ڕۆژێک لە ڕۆژان داپۆشراو بووە بە ئاو و ڕەنگە ژیانی میکرۆبی تێدا بووبێت.

توێژینەوەکە لەلایەن تیمێکی زانکۆی کالیفۆرنیا لە لۆس ئانجلس و زانکۆی ئۆسلۆوە ئەنجام دراوە، لە ڕۆژنامەی ساینس ئەدڤانسسدا بڵاوکرایەوە.

توێژینەوەکە لە پشکنینی ژێر ڕووکەشی مەریخەوە سەرچاوەی گرتووە کە لەلایەن ڕۆڤەرێکی شەش تایەیەییەوە لە ماوەی چەند مانگێکی ساڵی 2022 دا ئەنجام دراوە.

زانای هەسارەیی UCLA دەیڤد پەیج یەکەم نوسەری توێژینەوەکەیە وتی دەنگەکانی ئامێری ڕیمافاکسی ڕۆڤەرەکە ڕێگەیان بە زانایاندا سەیری ژێر زەوییەکەی مەریخ بکەن تاوەکو دیمەنێکی بڕبڕەیی چینە بەردەکان ببینن، بە قووڵی 20 مەتر، وەکو ئەوەی سەیری بڕینی ڕێگایەک بکەیت.

ئەو چینانە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر دەدەن لەسەر ئەوەی نیشتووەکانی دەریاچەکە کە ئاوەکە بردوویەتییە کانی جێرێزۆوە و سەرچاوەکەی ڕووبارێکی دەلتا بووە، هاوشێوەی ئەو نیشتووانە بووە کە لە دەریاچەکانی سەر زەویدان. دۆزینەوەکان توێژینەوەکانی پێشوویان پتەوتر کرد لەسەر ئەوەی کە مەریخی سارد و وشک و بێ ژیان ڕۆژێک لە ڕۆژان گەرم و تەڕ بووە و ڕەنگە بۆ ژیانیش گونجاو بووبێت.

زانایان بە پەرۆشەوەن بۆ ئەنجامدانی شیکاری بۆ نیشتووەکانی دەریاچەی جێرێزۆ لە نزیکەوە، کە باوەڕوایە نزیکەی 3 ملیار ساڵ لەمەوپێش دروست بووبێتن. ڕۆڤەرەکە نموونەی نیشتووەکانی دەریاچەکەی کۆکردووەتەوە و لە داهاتوودا دەگوازرێتەوە بۆ سەر زەوی.

پێشتر ڕۆڤەری پێرسێرڤانس لە چوار شوێنی نزیک ئەو شوێنەی کە لە مانگی دووی ساڵی 2021 دا لێی نیشتەوە نموونەی خاکەکەی وەرگرتووە و شیکاری بۆ ئەو نموونانە کراوە. نموونەکە توێژەرەوەکانی توشی سەرسوڕمان کرد لەبەرئەوەی سروشتی ئەو بەردەی وەرگیراوە بورکانییە و لەوەی نیشتووەکانی دەریاچە دەچێت.

دوو توێژینەوەکە پێچەوانەی یەکتر نین، تەنانەت بەردە بورکانییەکانیش نیشانەی ئەوەیان پێوە بووە کە پێشتر بەریەککەوتنییان لەگەڵ ئاودا هەبووە، زانایان لە مانگی هەشتی ساڵی 2022 دا ئەو دۆزینەوانەیان ئاشکرا کرد.

پەیج وتی بێگومان خوێندنەوەکانی ڕاداری ڕیمفاکس کە ڕۆژی هەینی ئاشکرا کران نیشانەی دۆزیوەتەوە لەسەر وەرینی پێش و دوای دروستبوونی چینە نیشتووەکانی دەریاچەکە کە لە لێواری ڕۆژئاوای کانییەکەدا دەستنیشانکراون. ئەمەش بەڵگەیەکی مێژوویی جیۆلۆجی ئاڵۆزە لەسەر مەریخ.

وتی " بەردی بورکانی هەبوون لەوێ دۆزیماننەوە. هەواڵە ڕاستەقینەکە ئەوەیە کە ئێمە ئێستا چووینەتە ناو دەڵتاوە و بەڵگە لەسەر نیشتووەکانی دەریاچەکە دەبینین، کە یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکاری ئەوەی بۆچی هاتووینەتە ئەم شوێنە. لەو ڕووەوە ئەوە چیرۆکێکی دڵخۆشکەرە بۆ ئێمە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG