Accessibility links

ناتۆ پلانی ڕەوانەکردنی هێزی زیاتری هەیە بۆ ناوەڕاست و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا


هاوپەیمانێتی ناتۆ بە فەرماندە سەربازییەکانی وت پلانێک دابنێن بۆ ڕەوانەکردنی هێزی شەڕکەری نوێ بۆ ناوەڕاست و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، ئەمە لەکاتێکدایە ڕووسیای تۆمەتبار کرد بەوەی لەجیاتی کشانەوەی هێزەکانی، هێزی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکانی نزیک ئۆکرانیا دەکات.

بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری ڕۆژئاوا وتی مەشقە سەربازییەکانی ڕووسیا لە لوتکەدان و تاوەکو کۆتایی مانگی دوو مەترسی دوژمنکاری ڕووسیا دژی ئۆکرانیا لە ئاستێکی بەرزدا دەمێنێتەوە.

دیبلۆماتکاران دەڵێن هێزە شەڕکەرەکانی ناتۆ پێدەچێت لە ڕۆمانیا و بولگاریا و هەنگاریا و سلۆڤاکیا جێگیر بکرێن، ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورە دەبێت لە پێگەی سەربازیی ناتۆدا، دوای ئەوەی ڕووسیا لە ساڵی 2014 دا نیمچە دورگەی کرێمیای گرتەخۆی، ناتۆ هێزی ڕەوانەی وڵاتانی باڵتیک و پۆڵەندا کرد.

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ وتی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا " بڕیارییاندا پەرە بە بژاردەکانیان بدەن بۆ پتەوترکردنی بەرگرییەکانی ناتۆ، لەوانەش جێگیرکردنی هێزی شەڕکەری نوێی ناتۆ لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG