Accessibility links

سەرۆکی پێشووی ناتۆ داوا لە وڵاتان دەکات دەرەنجامەکان بۆ چین دەربخەن ئەگەر هێرش بکاتە سەر تایوان


ئاندرێس فۆرگ ڕاسمیوسن
ئاندرێس فۆرگ ڕاسمیوسن

سکرتێری گشتی پێشووی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ تایوان وتی وڵاتانی دیموکرات دەبێت ڕوونی بکەنەوە کە چین " ڕووبەڕووی دەرەنجامێکی ئابووری توند " دەبێتەوە ئەگەر دژی تایوان بجوڵێت.

چین کە تایوان بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، فشارەکانی سەر تایوانی زیاتر کردووە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردووە ڕۆژانە فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی چین لە دەوروبەری تایوان ئەرک ئەنجام دەدەن. لەلای خۆیەوە تایوانی دیموکراتخواز دەسەڵاتی چین بەسەر دوورگەکەدا ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت تەنها گەلی تایوان دەتوانن بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن.

سکرتێری پێشووی هاوپەیمانێتی ناتۆ ئاندرێس فۆرگ ڕاسمیوسن لێکچوونێکی باس کرد لە نێوان داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و دوژمنکارییە سەربازییەکانی چین بەرامبەر تایوان، وتی وڵاتانی دیموکرات دەبێت بە یەکگرتوویی کاربکەن بۆ دڵنیا بوونەوە لە سەرکەوتنی ئۆکرانیا تاوەکو هێرشی چین بۆ سەر تایوان دووربخەنەوە.

ڕاسمیوسن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە تایپێی پایتەختی تایوان بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هەر هەوڵێکی چین بۆ گۆڕینی دۆخی هەنووکەیی تایوان لە ڕێی هێزەوە، دەبێت وەڵامێکی یەکگرتووی یەکسانی لێبکەوێتەوە و دەبێت ئێستا ئەوە بۆ چین ڕوون بکەینەوە."

وتی " چین زۆر زیاتر لە ڕووسیا پشتی بە زنجیرەی دابینکردنی پێویستییەکانی جیهان بەستووە. دەرخستنی دەرەنجامی توندی ئابووری دژی هەر هێرشێک لە ئێستادا هەوڵێکی بەرپەرچدانەوەی بەهێز دەبێت." وتیشی پێی وایە سەرۆکی چین شی جینپینگ لە نزیکەوە چاودێری ئەوە دەکات جەنگەکەی ئۆکرانیا بە چی ئاڕاستەیەکدا دەڕوات.

ڕاسمیوسن کە سەرۆک وەزیری پێشووی دانیمارک بووە و یەکێک بووە لە باڵاترین دیبلۆماتکارەکانی جیهان و لە ساڵی 2014 دا هاوپەیمانێتی ناتۆی جێهێشت، داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کرد سزایەکی " گشتگیر " ئامادە بکەن دژی چین ئەگەر ئەو وڵاتە دژی تایوان بجوڵێت.

چین ئاماژەی بەوەداوە ئەگەر پێویست بکات هێز بەکاردەهێنێت بۆ یەکخستنەوەی تایوان لەگەڵ چیندا.

ڕاسمیوسن وتی وڵاتانی ئەوروپا دەتوانن بەشداری بکەن لە مەشقە سەربازییەکاندا لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی تایواندا، کە لە ئێستادا زۆربەی چەکەکانی دروستکراوی ئەمەریکین.

وتی " هەموو ئەوانەی کە باوەڕییان بە تایوانێکی دیموکرات و یاسا نێودەوڵەتییەکان هەیە، دەبێت کاربکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە سەرکەوتنی ئۆکرانیا. ئەوە پەیوەستە بە گەلی ئۆکرانیا و گەلی تایوانەوە بڕیار بدەن لەسەر داهاتووی خۆیان، لەبەر ئەوە جیهانی ئازاد دەبێت پشتیوانی ئێمەیان بدەنێ."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG