ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی نوێی ناتۆ مارک ڕوت لە ترس و نیگەرانییەکانی ئەگەری سەرکەوتنی دانۆڵد ترامپی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا بە کەم زانی و بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە پشتیوانییەکان لە ئۆکرانیا، ئەمە لە کاتێکدا کە وەکو سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتییە سەربازییەکە دەستبەکاربوو.
مارک ڕوتی سەرۆک وەزیری پێشووی هۆڵەندا لە ماوەی وەرگرتنی پۆستی سکرتێری گشتی ناتۆدا لە یانس ستۆڵتنبێرگ لە بارەگای ناتۆ لە بڕۆکسل وتی " من سوورم لەسەر ئامادەکردنی ناتۆ بۆ ئاستەنگییەکانی داهاتوو."
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەو ئەندامانەی ناتۆ نەپارێزێت کە پارەی تەواو خەرج ناکەن بۆ بەرگریی هاوپەیمانێتییەکە و بەڵێنیداوە بە خێرایی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا ڕێکبکەوێت بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا.
ڕوت وتی " من نیگەران نیم. هەردوو بەربژێرەکە زۆر بە باشی دەناسم. چوار ساڵ لەگەڵ دانۆڵد ترامپدا کارم کردووە. ئەو ئەو کەسە بوو کە فشاری دەکرد بۆ خەرجکردنی پارەی زیاتر و ئەوەشی بە دەستهێنا."
وتی " دەتوانم لەگەڵ هەر کامێکیاندا بێت کار بکەم، دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان هەرچییەک بێت."
مارک ڕوتی کە هاوپەیمانی سەرسەختی ئەمەریکا و پشتیوانیکارێکی سەرسەختە لە ئۆکرانیا، 32 ئەندامەکەی ناتۆ سەرکردەیەکییان هەڵبژاردووە کە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا و هەوڵەکان بۆ پتەوکردنی بەرگرییەکانی هاوپەیمانێتییەکە دژی ڕووسیا.
ڕوت ئۆکرانیای خستووەتە لیستی کارە پێشینەکانییەوە، هاوکات دڵنیایی داوە لەوەی ئەندامانی ناتۆ زیاتر خەرج بکەن بۆ بەرگریی و هەروەها پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و هاوبەشەکان لە پاسێفیکی ئاسیا پتەوتر بکات.
سەرچاوە/ فرانس پرێس