سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ڕۆژی یەکشەممە فشارە نێودەوڵەتییەکانی ڕەت کردەوە و بەڵێنیدا ئیسڕائیل هێرشەکەی سەر ڕەفەح بۆ لە ناوبردنی چەکدارانی حەماس ئەنجام بدات، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی بڕیارە گفتوگۆکانی ئاگربەست لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە قەتەڕ دەستپێبکەنەوە.
نەتانیاهو لە کۆبوونەوەی کابینەکەیدا وتی " هیچ فشارێکی نێودەوڵەتی ناتوانێت ڕامانبگرێت لە بە دەستهێنانی سەرجەم ئامانجەکانی ئەم جەنگە، بۆ سڕینەوەی کۆنتڕۆڵی حەماس لە غەززە، بۆ ئەنجامدانی ئەوەش پێویستە لە ڕەفەح کاربکەین."
دواتر بە پڕۆگرامی State of the Union ی سی ئێن ئێنی وت ئیسڕائیل " بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان " بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی لە جەنگەکەدا دژی حەماس، وتی بەڵام بۆ ئەوەی ئەوە بە دەستبهێنین " بەردەوام دەبین لە فشارە سەربازییەکانمان."
وتیشی " گونجاو نیە " بۆ ڕابەری زۆرینە دیموکراتەکانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا چەک شومەر داوای هەڵبژاردنی نوێ بکات لە ئیسرائیل، شومەر هەفتەی ڕابردوو وتی نەتانیاهو " ڕێگەکەی لە دەستداوە " لە بۆردومانکردنی غەززەدا.
نەتانیاهو وتی " پێم وایە لە ئێستادا تەنها حکومەت کە دەبێت کاربکەین بۆ ڕووخاندنی حکومەتە تیرۆریستە چەوسێنەرەکەی ناو غەززەیە، حەماسی چەوسێنەر کە زیاتر لە هەزار ئیسڕائیلییان کوشت."
شومەر کە جووە و لە مێژە هاوپەیمانی ئیسڕائیلە، وتی نەتانیاهو مەترسیی ئەوەی لەسەر ئیسڕائیل دروست کردووە کە وڵاتەکەی بکاتە وڵاتێکی " قێزەون " لە کاروباری جیهانیدا، لە کاتێکدا کە دەیان هەزاران فەلەستینی لە ناوچوون و زۆرێکی دیکەیان بەهۆی نەبوونی خۆراکەوە لە سەرەمەرگدان، چونکە ئیسڕائیل ماوەی چەندین مانگە ئەو یارمەتییە مرۆییانەی سنووردار کردووە کە دەچنە ناو غەززەوە، ئەوەش لە ڕێی دانانی خاڵەکانی پشکنینەوە کە پڕۆسەی گەیاندنی یارمەتییەکان خاو دەکەنەوە.
نەتانیاهو وتی " زۆرینەی ئیسڕائیلییەکان پشتگیری لەوە دەکەن کە ئێمە دەیکەین. ئەگەر جەنگەکە نەبەینەوە، ئەمەریکاش دەدۆڕێت."
وتی " کێشەکە ئەوە نیە یارمەتی نەگاتە غەززە، کێشەکە ئەوەیە کە یارمەتییەکان لەلایەن حەماسەوە تاڵان دەکرێن، لەلایەن چەتەکانەوە تاڵان دەکرێن."
نەتانیاهو پێشتر بە کابینەکەی وت " بۆ هاوڕێکانمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەڵێم ئایا شتتان لەبیر دەچێتەوە؟ ئەوەندە بە خێرایی 7 ی مانگی 10 تان بیرچووەوە؟ خراپترین کۆمەڵکوژی دژی جووەکان لە دوای هۆڵۆکۆستەوە؟"
وتی " زۆر بە خێرایی ئێوە ئامادەن ئەو مافە لە ئیسڕائیل بسەننەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆی دژی دڕندەکانی حەماس؟"