Accessibility links

وەزیرەکانی هۆڵەندا سەردانی کیێڤ دەکەن و بەڵێنی پشتیوانییەکی جێگیر بە ئۆکرانیا دەدەن


وەزیرە نوێیەکانی بەرگری و دەرەوەی هۆڵەندا دەڵێن پشتیوانییەکانی وڵاتەکەیان بۆ ئۆکرانیا " وەکو بەرد جێگیرە."

لە ماوەی هێرشە داگیرکارییەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا، هۆڵەندا یەکێک بووە لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئۆکرانیا، بەڵام سەرکەوتنەکانی ڕاستە توندەکان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردووی ئەو وڵاتەدا گومانێکی دروستکرد لە پابەندبوونی هۆڵەندا بە ئۆکرانیاوە.

لە یەکەمین سەردانییاندا بۆ کیێڤ، وەزیری بەرگری هۆڵەندا ڕوبن بریکلمانس و وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا کاسپار ڤێلدکامپ لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی و بەرپرسانی دیکەی ئۆکرانیادا کۆبوونەوە.

ڤێلدکامپ بە ڕۆیتەرزی وت " پەیامی من بۆ هەموو بەرپرسان لە حکومەتی ئۆکرانیادا ئەوەیە کە هۆڵەندا لە پاڵ ئۆکرانیادا دەوەستێت و بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا لە ڕووی سەربازیی و دارایی ئەخلاقیشەوە."

بریکلمانسیش وتی کاری چالاک دەکرێت بۆ دابینکردنی فڕۆکەی شەڕکەری F-16 بۆ ئۆکرانیا و پێشکەشکردنی یارمەتی زیاتر بۆ پتەوترکردنی بەرگرییەکانی.

بریکلمانس لە ناوەڕاستی کیێڤ بە ڕۆیتەرزی وت " ویستم جەخت لەوە بکەمەوە کە پشتیوانییەکەمان بۆ ئۆکرانیا وەکو بەرد جێگیرە. پشتیوانییەکەمان بۆ ئۆکرانیا لەسەروو هەر گومانێکەوەیە."

هۆڵەندا یەکێک بووە لەو هێزە هاندەرانەی کە لە پشت هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتییەوەن بۆ دابینکردنی فڕۆکەی F-16 بە ئۆکرانیا. حکومەتەکەی هۆڵەندا وتی یەکەمین 24 فڕۆکەکەی کە بەڵێن دراوە بدرێن بە ئۆکرانیا بەمزووانە دەدرێن بە ئۆکرانیا.

بریکلمانس ڕەتی کردەوە وردەکاری زیاتر یاخود کاتی دیاریکراو لەسەر گەیاندنی فڕۆکەکان بدات، ئەوەش لەبەر هۆکاری ئاسایشیی.

ڕۆژی هەینی زێلێنسکی وتی دەیەوێت لە هاویندا تواناکانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی دوو هێندە بێت.

بریکلمانس وتی هۆڵەندا بەمزووانە سێ موشەک هاوێژەر و سیستمێکی ڕادار دەدات بە ئۆکرانیا. وتیشی لە گفتوگۆدایە لەگەڵ هاوبەشەکانی دیکەدا بۆ " دروستکردنی هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیاندنی سیستمی پاتریۆت " بە ئۆکرانیا، کە یارمەتی کیێڤی داوە بەرگری لە خۆی بکات دژی هێرشەکانی ڕووسیا.

وتیشی گفتوگۆکان ڕۆژی چوارشەممە لە واشنتن لە ماوەی کۆبوونەوەکەی ناتۆدا بەردەوام دەبن.

ڤێلدکامپ بەڵێنی پشتیوانی داراییشیدا بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا تاوەکو بتوانێت تواناکانی بۆ توێژینەوە شیکارییەکان و کۆکردنەوەی زانیارییەکان زیاتر بکات. هەروەها هۆڵەندا تاقیگەیەکی شیکاریی جووڵاویش دەدات بە ئۆکرانیا تاوەکو لە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگەکەدا دابندرێت.

وتی " ئەمە یارمەتی دەدات لە دادپەروەریی بەرامبەر زۆرێک لەو ئۆکرانیاییانەی کە لاشەکانییان لە بەرەکانی پێشەوە دەگەڕێندرێنەوە. هەروەها کارئاسانی دەکات بۆ لێکۆڵینەوەکردن لە دۆسییەکانی بێسەروشوێنبوونی کەسەکان و یارمەتیدانی هەوڵە بە کۆمەڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی منداڵە ئۆکرانیاییەکان لە ڕووسیاوە بۆ ئۆکرانیا و یەکخستنەوەیان بە خێزانەکانییان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG