بەهۆی ڕووخانی مزگەوتێکەوە لە شاری زاریای ویلایەتی کادونای باکووری نایجیریا حەوت نوێژخوێن گیانییان لە دەستداوە و چەندین کەسی دیکە بریندار بوون.
وتەبێژی ئەنجومەنی ئیماڕاتی زاریا عەبدوڵاهی کواربای وتی ڕووداوەکە لە کاتێکدا بووە کە سەدان باوەڕدار خەریکی ئەنجامدانی نوێژی عەسر بوون لە مزگەوتەکەدا کە دەکەوێتە ناوەڕاستی شارەکەوە.
وتیشی " سەرەتا چوار لاشە دۆزرانەوە، دواتر دوای ئەوەی تیمەکانی فریاکەوتن مزگەوتە ڕووخاوەکەیان پشکنی سێ لاشەی دیکەش دۆزرانەوە."
ڕووخانی بیناکان لە نایجیریای قەرەباڵغترین وڵاتی ئەفریکا شتێکی باوە، لە کاتێکدا کە ڕێکارەکانی پارێزراویی لاوازن و کەرەستەکانی بیناسازی زۆرجار ستاندارد نین.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز