کۆریای باکوور و کۆریای باشوور هێڵە گەرمەکانی پەیوەندی نێوانیان دووبارە کردەوە، دوای ئەوەی چەند مانگێک لەمەوبەر کۆریای باکوور ئەو پەیوەندییانەی داخست، هاوکات پیۆنگیانگ داوای لە سیئۆل کرد هەوڵی زیاتر بدات بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.
هەفتەی ڕابردوو ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون ڕایگەیاند دەیەوێت هێڵە گەرمەکانی پەیوەندی نێوان دوو وڵاتەکە دووبارە بکاتەوە. لە سەرەتای مانگی هەشتدا کۆریای باکوور وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک لەسەر مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور، هێڵە گەرمەکانی پەیوەندییەکانی داخست.
دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور وتی هێڵەکانی پەیوەندییە تەلەفونیەکان لە کاتژمێر 9 ی بەیانی ڕۆژی دووشەممەوە دووبارە دەکرێنەوە.
لەلای خۆیەوە کۆریای باشوور کرانەوەی پەیوەندییەکانی پشتڕاستکردەوە، هێڵە گەرمە سەربازییەکان و ئەو هێڵانەی دیکەش کە لەلایەن وەزارەتی یەکخستنەوە بەڕێوەدەبرێن.
هێڵە گەرمەکان ئامڕازێکی دەگمەنن بۆ پەیوەندییەکانی نێوان دوو کۆریاکە، بەڵام ڕوون نیە کە ئایا کردنەوەی ئەو پەیوەندییانە ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستانەکانی داماڵینی چەکی ناوەکی کۆریای باکوور یاخود نا.
دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور داوای لە کۆریای باشوور کرد " ئەرکەکانی " بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە جێبەجێ بکات.
دەزگاکە وتی " بەرپرسانی کۆریای باشوور دەبێت هەوڵی ئەرێنی بدەن بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان باکوور و باشوور، هەروەها ئەو ئەرکە گرنگانە جێبەجێ بکەن کە دەبێت وەکو ئەرکی سەرەکی سەیر بکرێن لەپێناو داهاتوویەکی گەشتردا."
وەزارەتی بەرگری کۆریای باشوور وتی هێڵە گەرمەکان یارمەتیدەر بوون لە ڕوونەدانی پێکدادانی لەناکاو، هیوادارین کردنەوەی ئەو هێڵانە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییە سەربازییەکان.
لەلای خۆشیەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی واشنتن پشتیوانی لە هاریکارییەکانی نێوان دوو کۆریاکە دەکات، وتیشی " دووبارە کردنەوەی ئەو هێڵانە بەشێکی گرنگە بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی جێگیر لە نیمچە دورگەی کۆریادا."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز