Accessibility links

ئێن ئاڕ تی: هاتنی هەموو هێزێکی ئەمنیی بۆ نزیک کەناڵەکەمان بە گوماناوی دەبینین


درەنگانێکی شەوی 9 ی ئەم مانگە هێزێکی ئەمنیی لە ناو پرۆژەی گوندی ئەڵمانی لە سلێمانی و لە نزیک کەناڵی ئێن ئاڕ تی جێگیردەکرێن. لە کاتێکدا کەناڵی ئێن ئار تی نزیکبوونەوەی ئەو هێزەی وەک بەئامانجکردنی ئەوان خوێندەوە، هێزە ئەمنییەکان باس لەوە دەکەن بۆ پاراستنی کەسایەتییەک بووە لەناو پرۆژەکەدا کە هەڕەشەی تێرۆرکردنی لەسەر بووە.

کەناڵی ئێن ئار تی کە تاکو ئێستا چەندین جار و لە کاتی جیاجیادا بووەتە ئامانجی هێزە ئەمنییەکان لە شاری سلێمانیدا، کاتژمێر نزیکەی 11:30 ی شەوی 9 ی مانگی نۆ لە ڕێگەی پەخشی ڕاستەوخۆ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕایگەیاند " لەسەر بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵکوتانە سەر کۆمپانیاکان و داوای سەرانە، یەکێتی هێزی هێناوەتە نزیک کەناڵی ئێن ئاڕ تی."

چیا حوسێن، جێگری بەڕێوەبەری کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕووداوەکەی گێڕایەوە و وتی " کاتژمێر 11:20 من لە بەرنامەدا بووم لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی. لەو کاتەدا پێیان وتم کە هێزێک هاتووەتە بەردەم گوندی ئەڵمانی. لەو کاتەدا ویستم پەیامنێری ئێن ئاڕ تی وەربگرم بەڵام پێیان وتم کە هێزەکە ئامێری ستریمەکەیان لە پەیامنێرکە سەندووە. هەموو دەروازەکانی گوندی ئەڵمانییان گرتبوو. داوای پێناسیان لە هەموو ئەو کەسانە دەکرد کە دەیانویست بڕۆنە ناو گوندی ئەڵمانییەوە."

" لەو کاتەدا پەیوەندیمان بە کاک سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانییەوە کرد و پێی وتین کە ئەوان نازانن ئەو هێزە کێن و بۆ چی هاتوون. لە کاتێکی درەنگانی شەودا کە هێزێکی وا بێنە نزیکی کەناڵەکەتەوە و پۆلیسیش زانیاری لەسەریان نەبێت، ڕوون نییە و بە گومان دەبیت لەوە بۆچی هاتبن."

زوهرە عەلی، پەیامێری ئێن ئاڕ تی وەختێک لەگەڵ هاوکارێکیدا دەچێتە بەردەم کەناڵەکە و دەیەوێت بە ڕاستەوخۆ ڕووداوەکان بگوازێتەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکەوە دەست بەسەر کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانیاندا دەگیرێت. زوهرە عەلی لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی:

" هێزێکی ئاسایش و پۆلیس هێنرانە نزیکی کەناڵی ئێن ئار تی و لە سەرجەم دەروازەکانی گوندی ئەڵمانی هێز جێگیرکرا. هێزەکە بە ئۆتۆمبیلی درعی جامڕەشەوە هاتبوون. ئێمەش ویستمان ڕووماڵی بکەین و زانیاری زیاتر وەرگرین لەسەر هاتنی ئەو هێزە. من و وێنەگرەکەم بڕیار عەلی لە چەند مەترێک لە دووری کەناڵەکەوە خۆمان ئامادە دەکرد بۆ ئەوەی بتوانین ڕاستەوخۆیەکە ئەنجامبدەین، لەو کاتەدا هێزێکی چەکدار کە پێکهاتبوون لە چوار ئۆتۆمبیلی درعی جامڕەش بە چەکەوە دابەزین و دەستیان گرت بەسەر کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانی ئێمەدا، کە پێکهاتبوو لە ئامێری پەخشی ڕاستەوخۆ و کامێرا."

لەو بارەیەوە موقەدەم یاسین، وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ سایتی ئێستا باسی لەوە کردووە کە هێزە ئەمنییەکە هیچ پەیوەندییەکی بە کەناڵی ئێن ئاڕ تییەوە نەبووە. "چەند کەسێک بە دوو ئۆتۆمبیل دەچنە سەر ماڵی یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی شاری سلێمانی، هەڕەشەی لێدەکەن و کار گەیشتووەتە ئەگەری تێرۆرکردنی، بەڵام مەفرەزەیەکی ئاسایشی سلێمانی بەهانای کەسایەتییەکەوە چوون."

دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر ڕووداوەکەدا شێرکۆ میروەیس، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی "دوای سەعات 10 ی شەو ژمارەیەک کەسی گومانلێکراو، لە ناو پرۆژەی گوندی ئەڵمانی لە سلێمانی زیاد لە چەند جارێک پرسیاری ماڵی منیان کردبوو، هەربۆیە دوای ئاگادارکردنەوەیان، هێزەکانی ئاسایش گەشتوونەتە شوێنەکە بەڵام گومانلێکراوان هەڵهاتوون و لێکۆڵینەوەش لەو بارەیەوە بەردەوامە."

چیا حوسێن باسی لەوەش کرد ئەوان وەکو کەناڵی ئێن ئاڕ تی ئەزموونیان هەیە لەگەڵ هاتنی ئەم هێزانە لە ڕابردوودا کە هەستاون بە سووتاندن و تێکدان و ڕاگرتنی پەخشی ئێن ئاڕ تی، هەربۆیە نزیکبوونەوەی هەر جۆرە هێزێکی وا بە گوماناوی دەبینن بۆ سەر خۆیان و شەو ڕووداوەکەش هەرچەند هەوڵیان داوە هیچ لایەنێکی ئەمنیی زانیاری پێنەداون لەسەر ئەوەی ئەم هێزە بۆچی لە نزیک کەناڵەکە جێگیرکراون.

XS
SM
MD
LG