شەڕی قورس لە نزیک کانتۆنی عەفرین هەڵگیرساوە و وا بۆ ماوەی دوو ڕۆژە چەکدارانی بەرەی نوسرە و ئەحرار ئەلشام و فەیلەق ئەلشام و هێزی دیکەی هاوپەیمانانیان هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی تەل ڕفعەت، عەین دقنە، فیلات ئەلقازی لە ڕۆژهەڵاتی شاری عەفرین.
بەپـێی چەند سەرچاوەیەک نزیک لە جەیش ئەلسوار چەکی قورس لە شەڕەکاندا بەکاردەهێنرێن.
زەکی ئەحرەسی کە لە جەیش ئەلسوارە، بە دەنگی ئەمەریکا گوت کە لە ئێوارەی دوێنێ سێشەممەوە چەکدارانی بەرەی نوسرە و هاوکارەکانی، لە ئەحرار ئەلشام، فەیلەق ئەلشام، جەیش ئەلسووننە، سوڵتان موراد و ئەحفاد سەڵاحەدین، هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ناوچانەی ڕۆژهەڵاتی عەفرین، ئەوانەی لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە ڕزگارکراون.
لە لایەکی دیکە جەیش ئەلسوار لە پەیامێـکیدا داوای لە خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری شارۆچکەی ئیعزاز کردووە لە ناوچەکە دوربکەونەوە، چونکە گروپەکانی سەر بە نوسرە و ئەحرار ئەلشام ناوچەکە ڕادەسـتی داعش دەکەن.
درێژەی ڕاپـۆرتەکەی ئامینە مستۆ پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە عەفرین لەم فایلە دەنگیـیەدایە.