Accessibility links

ئۆباما هۆشداری دەدات و دەڵێت هەندێک لە کارەکانی ئیسڕائیل لە غەززە ڕەنگە دەرەنجامی پێچەوانەیان هەبێت


سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا باراک ئۆباما دەڵێت هەندێک لە کارەکانی ئیسڕائیل لە جەنگەکەیدا دژی حەماس، وەکو بڕینی خۆراک و ئاو لە غەززە، ڕەنگە ببنە هۆی " توندترکردنەوە هەڵوێست و ڕەفتاری فەڵەستینییەکان بۆ چەندین نەوە " و لاوازکردنی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئیسڕائیل.

لە لێدوانێکی دەگمەنیدا بۆ قەیرانێکی چالاکی سیاسەتی دەرەوە، ئۆباما وتی هەر ستراتیژییەکی سەربازیی ئیسڕائیل کە تێیدا باجی مرۆیی جەنگەکە پشتگوێ بکات " لە کۆتاییدا دەرەنجامی پێچەوانەی " دەبێت لەسەر ئیسڕائیل.

ئۆباما وتی " بڕیارەکەی حکومەتی ئیسڕائیل بۆ بڕینی خۆراک و ئاو و کارەبا بۆ گەمارۆدانی دانیشتوانی سڤیل لە غەززە نەک تەنها مەترسی هەیە قەیرانە مرۆییەکە خراپتر بکات، بەڵکو ڕەنگە بۆ چەندین نەوە هەڵوێست و ڕەفتاری فەڵەستینییەکان توندتر بکاتەوە، پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئیسڕائیل لاواز بکات و ببێتە یاری دەستی دوژمنانی ئیسڕائیل، هەروەها ڕەنگە هەوڵە درێژخایەنەکانیش بۆ خستنەوەی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بخاتە مەترسییەوە."

لە دوای هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماسەوە بۆ سەر ئیسڕائیل کە بووە هۆی کوژرانی 1400 کەس لەو وڵاتەدا، ئیسڕائیل بەردەوام هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر غەززە، بەرپرسانی غەزە دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 5000 کەس کوژراون.

ئۆباما سەرکۆنەی هێرشەکەی حەماسی کرد و جەختی لە پشتیوانییەکانی کردەوە بۆ مافی ئیسڕائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی، لە هەمان کاتیشدا هۆشداریدا لەسەر مەترسییەکان لەسەر هاووڵاتیانی سڤیل لەو جۆرە جەنگانەدا.

لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، ئۆباما زۆرجار لە دەستپێکی ململانێکانی ئیسڕائیلدا لەگەڵ گروپی چەکداری حەماسی فەڵەستینییەکان پشتگیری لە مافی ئیسڕائیل دەکرد بۆ بەرگریکردن لە خۆی، بەڵام دوای ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی سڤیل بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە دەکوژران، بەپەلە داوای لە ئیسڕائیل دەکرد دان بە خۆیدا بگرێت.

بەڕێوبەرایەتییەکەی ئۆباما لەو کاتەدا هەوڵی ڕێککەوتنێکی ئاشتی دەدا لە نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکاندا و سەرپەرشتی گفتوگۆکانی دەکرد، بەڵام لە کۆتاییدا شکستی هێنا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG