لە میانەی سەردانێکیدا بۆ هێڵی کۆنتڕۆڵ کە هەرێمی کشمیری جێناکۆکی لەسەر دابەش دەکات، سەرکردەی نوێی سوپای پاکستان وتی سوپای وڵاتەکە ئامادەیە بۆ بەرگریکردن لە " بست بە بستی خاکی نیشتمان."
کشمیر لەلایەن پاکستان و هیندستانەوە ناکۆکی لەسەرە و هەردوولایان داوای سەروەری دەکەن بەسەریدا.
سەردانەکە کەمتر لە هەفتەیەک دێت دوای دەستبەکاربوونی جەنەڕاڵ عەسیم مونیر وەکو سەرکردەی نوێی سوپا بەهێزەکەی پاکستان، هەروەها یەکێک بوو لە بەهێزترین لێدوانەکانی دژی هیندستانی ڕکابەری پاکستان.
بەپێی دەزگایەکی ڕاگەیاندنی سەر بە باڵی سەربازی پاکستان، مونیر دەڵێت " ڕوونی دەکەمەوە بۆتان، هێزە چەکدارەکانی پاکستان ئامادەن، نەک تەنها بۆ بەرگریکردن لە بست بە بستی خاکی نیشتیمانمان، بەڵکو بردنەوەی شەڕەکە بۆ دوژمن ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان شەڕ بەسەرماندا بسەپێندرێت. دەوڵەتی هیندستان هەرگیز ناتوانێت نیازە خراپەکانی بەدەست بهێنێت."
پاکستان و هیندستان کە هەردووکیان خاوەنی چەکی ئەتۆمین، هەردووکیان دەڵێن کشمیر بەشێکە لە خاکی خۆیان، بەڵام تەنها بەشێکی بەڕێوەدەبەن، هەروەها دوو بۆ سێ جەنگیان لەسەر ناوچەکە ئەنجامداوە.
زۆرجار هەردوولا یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە تۆمەتی بەزاندنی ڕێککەوتنەکەی ئاگربەستی ساڵی 2003 ، ئەوەش لە ڕێی بۆردومانکردنی سەرانسەری هێڵی کۆنتڕۆڵەوە، ئەو سنوورەی کە کشمیر دەکات بە دوو بەشەوە، بەشێکیان سەر بە پاکستانەوە و بەشەکەی دیکەیان سەر بە هیندستانە.
لە ساڵی 2021 ەوە هێڵەکە ئارام بووە، ئەوەش دوابەدوای نوێکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی نێوان دوو وڵاتەکەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز