سەرۆکی پاکستان عارف ئالڤی دەڵێت ڕەتی کردووەتەوە دوو پڕۆژە یاسا واژۆ بکات کە تیایاندا دەسەڵاتی زیاتر دەدرێت بە بەرپرسان بۆ دادگاییکردنی خەڵکەکە لەسەر کردەوەکانییان دژی وڵات و سوپا، وەزارەتی یاسا و دادی پاکستانیش وتی کارەکەی سەرۆک نادەستوورییە.
پڕۆژە بڕیارەکان لەلایەن هەردوو پەرلەمانەکەی پاکستانەوە پەسەند کراون، بەڵام سەرۆکی پاکستان عارف ئالڤی ئەندامێکە لە پارتەکەی سەرۆک وەزیری پێشووی پاکستان عیمران خان بە ناوی تەهریکی ئینسافی پاکستان، کە دژایەتی حکومەتە هاوبەشەکە دەکات کە دوو پڕۆژە یاساکەی پەسەند کردووە.
ئالڤی وتی " لە کاتێکدا کە خودا شایەتمە، بەندی پڕۆژە یاسای نهێنییە فەڕمییەکانی ساڵی 2023 و بەندی پڕۆژە یاسای سوپای پاکستان بۆ ساڵی 2023 م واژۆ نەکرد."
وتیشی داوای لە ستافەکەی کردووە پڕۆژە یاساکان بەبێ واژۆکراویی بگەڕێننەوە تاوەکو کاریگەرییان نەبێت.
وتی " بەڵام ئەمڕۆ بۆم دەرکەوت کە ستافەکەم بە خواست و فەرمانی من نەجووڵانەوە."
وەزارەتی یاسا و دادی پاکستان وتی بڕیارەکەی سەرۆک " جێی نیگەرانییەکی مەترسیدارە."
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی " سەرۆک دوو بژاردەی لەبەردەستدایە: یان ئەوەتا پەسەندی بکات، یاخود بابەتەکە بگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان و بە دیاریکراویی ئاماژە بە تێبینییەکانی خۆی بدات لەسەر بابەتەکە." وتیشی سەرۆک هیچ کام لەو بژاردانەی نەگرتووەتەبەر. " ئەو کارەشی دژی ڕۆحی دەستوورە."
بەپێی دەستووری پاکستان، ئەگەر سەرۆکی وڵاتەکە لە ماوەی 10 ڕۆژدا لە دوای واژۆکردنی پڕۆژە یاساکەوە لەلایەن دوو پەرلەمانەکەی وڵاتەکەوە، پڕۆژە یاساکە واژۆ نەکات یاخود بە تێبینییەکانی خۆیەوە ڕەوانەی نەکاتەوە بۆ پەرلەمان، ئەوا پڕۆژەکە دەبێتە یاسا.
وەزیری کاربەڕێکەری یاسا و دادی پاکستان ئەحمەد ئیران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " لە کاتێکدا کە سەرۆک لە ماوەی 10 ڕۆژدا پڕۆژە یاساکەی واژۆ نەکردووە و نەیگەڕاندووەتەوە، پڕۆژەکە دەبێتە یاسا."
وەزیری کاربەڕێکەری ڕاگەیاندنی پاکستان موڕتەزا سۆلانگی وتی وتەکانی ئالڤی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هیچ دەسەڵاتێکییان نیە چونکە ئەو لەو ماوە دیاریکراوەدا هیچ ناڕەزاییەکی سەبارەت بە پڕۆژە یاساکە نەگەڕاندووەتەوە.
وتی " تەنها هەوڵێکە بۆ دروستکردنی ئاڵۆزیی. هیچ بەهایەکی یاسایی نیە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز