Accessibility links

پاکستان دەڵێت ڕۆژی هەینی فڕۆکەوانە هیندییەکە ئازاد دەکات


وێنەی فڕۆکەوانە هیندییەکە کە لەلایەن سوپای پاکستانەوە بڵاوکرایەوە
وێنەی فڕۆکەوانە هیندییەکە کە لەلایەن سوپای پاکستانەوە بڵاوکرایەوە

پاکستان ڕۆژی هەینی ئەو فڕۆکەوانە هیندییە ئازاد دەکات کە لەم هەفتەیەدا دەستگیری کرد، ئەمەش وەکو دەستپێشخەرییەکی ئاشتی لەگەڵ هیندستاندا، دوای سێ ڕۆژ لە گرژییەکان لەنێوان پاکستان و هیندستان کە هەردوولا خاوەنی چەکی ناوەکیین.

تا ئێستا ئیسلام ئاباد هیچ وردەکارییەکانی نەداوە سەبارەت بەوەی چۆن فڕۆکەوانەکە دەگەڕێنێتەوە کە ڕۆژی چوارشەممە دوای کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە جەنگییەکەی لە کشمیری پاکستان دەستگیرکرا.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی هیندستان پێیان وایە ئازادکردنەکە لە بنکەی واغای سنووری نێوان هەردوو شاری لاهوری پاکستان و ئامریتساری هیندستان دەبێت.

ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆک وەزیری پاکستان عومران خان ڕایگەیاند سەربازە هیندییەکە وەکو دەستپێشخەرییەکی ئاشتی لەگەڵ هیندستاندا ئازاد دەکەن، وتی " ئارەزووی ئێمە بۆ هێورکردنەوەی ڕەوشەکە نابێت لەلایەن سەرۆک وەزیری هیندستان ناریندرا مودیەوە بە بێهێزی لێکبدرێتەوە."

لە نیودەلهی جەنەڕاڵێکی هێزی ئاسمانی هیندستان ئاڕ جەی کەی کابور وتی " ئێمە زۆر دڵخۆشین بە گەڕانەوەی و دەمانەوێت دووبارە بیبینینەوە." وتیشی " ئەم ئازادکردنە لەگەڵ پەیماننامەکانی جنێڤدا یەک دەگرێتەوە."

لەلای خۆشیەوە جەنەڕاڵ سوریندرا سینگ ماهال وتی " هیند لەوپەڕی ئامادەباشیدا دەبێت و هەنگاوێک لە پێشترەوە دەبێت بۆ وەڵامدانەوەی هەر دوژمنکارییەک لەلایەن پاکستانەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG