Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە و کارەکانی ڕادەسپێردرێت بە جێگرەکەی


وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن
وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن

وتەبێژێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند وەزیری بەرگری ئەمەریکا لۆید ئۆستن گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەربازیی واڵتەر ڕیید، بە مەبەستی چارەسەرکردنی " چەند نیشانەیەک کە ڕەنگە کێشەی میزەڵدان بن."

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پات ڕایدەر لە بەیاننامەیەکی نوسراودا وتی " جێگری وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکانی گشتی هاوبەش ئاگادار کراونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کۆشکی سپی و کۆنگرێسیش ئاگادار کراونەتەوە."

دواتر ڕایدەر بەیاننامەیەکی دیکەی نارد و وتی نزیکەی کاتژمێر 5 ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ئۆستن " ئەرک و کارەکانی ئۆفیسەکەی " داوە بە جێگری وەزیری بەرگری کاثلین هیکس.

وتی " جێگری وەزیری بەرگری ئەرک و کارەکانی وەرگرتووە. سەرۆک ئەرکانی گشتی هاوبەش و کۆشکی سپی و کۆنگرێس ئاگادار کراونەتەوە."

بەرپرسانی نەخۆشخانەی سەربازیی واڵتەر ڕیید دەڵێن دوای ئەنجامدانی پشکنینەکان ئۆستن داخڵی یەکەی هەستیاری کراوە بۆ " چاودێریکردنی لە نزیکەوە."

بەرپرسەکان وتییان " لەم کاتەدا هێشتا دیار نییە وەزیر ئۆستن چەند لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە. ئەم کێشەی میزەڵدانەی ئێستا هەیەتی پێشبینی ناکرێت کار لەسەر ئەو چاکبوونەوەیەی بکات کە پێشبینی کراوە. پێشبینی شێرپەنجەکەشی زۆر بە باشی ماوەتەوە."

ڕایدەر وتی بە زووترین کات زانیاری نوێ لەسەر دۆخی ئۆستن بڵاودەکرێتەوە. لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا ئۆستن توشی نەخۆشی شێرپەنجەی پڕۆستات بوو. ئۆستن ڕەخنەی لێگیرا لەسەر ئەوەی نەخۆشییەکەی و نەشتەرگەرییەکەی و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی بە نهێنی هێشتەوە.

لە 1 ی مانگی دوودا ئۆستنی تەمەن 70 ساڵ بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت کاتێک سەرەتا پێی وتراوە کە ئەو نەخۆشییەی هەیە " هەواڵەکە توشی شۆکی کردم، لە ڕاستیدا یەکەمین بیرکردنەوەم ئەوە بوو کە بە نهێنی بیهێڵمەوە."

وتی " دەمەوێت زۆر ڕوون بم. بە باشی مامەڵەمان لەگەڵ ئەمەدا نەکرد. منیش بە باشی مامەڵەم لەگەڵ ئەمەدا نەکرد. دەبووایە بە سەرۆکم بووتایە کە توشی شێرپەنجە بووم. دەبووایە بە تیمەکەم و خەڵکی ئەمەریکاشم بووتایە، هەروەها بەرپرسیارێتی تەواو هەڵدەگرم. داوای لێبوردن لە ئەندامانی تیمەکە و گەلی ئەمەریکا دەکەم."

ئەسۆشیەتد پرێس دەڵێت دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی دوانزەدا ئۆستن بۆی دەرکەوت کە توشی شێرپەنجەی پڕۆستات بووە، لە 22 ی مانگی دوانزەدا چووە بۆ نەخۆشخانە و نەشتەرگەرییەکی بۆ ئەنجامدرا. هەفتەی دوای ئەوە لە ماڵەوە کارەکانی ئەنجام دەدا.

دواتر لە 1 ی مانگی یەکدا ئۆستن گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و دوو هەفتەی دیکەی لە نەخۆشخانەکەدا بەسەربرد، ئەوەش دوای ئەوەی توشی ئازارێکی زۆر بووە و لە یەکەی چاودێری وردی نەخۆشخانەکەدا داخڵکرا.

دوای هەفتەیەک لە دووبارە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، ئینجا سەرۆک جۆو بایدن و سەرکردەکانی دیکەی ئەمەریکا سەبارەت بە نەخۆشییەکەی ئۆستن ئاگادار کرانەوە.

ئاشکرا نەکردنی نەخۆشییەکەی لە کاتی خۆیدا بووە هۆی گۆڕانکاری لە ڕێنماییە فیدڕاڵییەکاندا و پێداچوونەوەیەکی ناوخۆ کرا بە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و پشکنەری گشتیش پێداچوونەوەیەکی بە پڕۆسەی ئاگادارکردنەوەکاندا دەستپێکرد.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG