Accessibility links

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە: ئامانجی هاوپەیمانان ئەوەیە هێزی حیزبی نەمێنێت


ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەبەوەدەکات لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان وڵاتانی هاوپەیمان، بەتایبەت ( ئەمەریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا) لەگەڵ ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە پێکهێنراوە، بۆ کارکردن لەسەر 26 خاڵی تایبەت بە چاکسازی، یەکێک لە بابەتە بنەڕەتیەکان مەسەلەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، فەریق جەبار یاوەر دەڵێت"یاسای چاکسازی ژمارە 2 ی ساڵی 2020 کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراوە، یەکێک لە مادەکانی پەیوەستە بەیەکخستنی هەموو هێزی پێشمەرگە و هەموو بوارەکانی پەیوەندیدار بە یەکخستنی پێشمەرگە، وەکو دۆسیە، خانەنیشینی، کەم ئەندام و یەکەی ژمێریاری، ئێمە پابەندین بەو یاسایە و لیژنەمان بۆ پێکهێناوە، خەریکی دانانی میکانیزمین بۆ جێبەجێکردنی."

بەهاندانی هێزەکانی هاوپەیمانان، تا ئێستا 14 ی لیوای وەزارەتی پێشمەرگە یەکخراونەتەوە، لە بارەی هۆکاری گرنگیدانی هاوپەیمانان و فشارکردنیان بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە، جەبار یاوەر ڕوونیکردەوە لەهەموو وڵاتاندا، هێز دەبێت بەدەست حکومەتەوە بێت، بۆیە هێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش، دەبێت لەچوارچێوەی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمدا بن، هێز دەبێت هی خەڵک بێت، نابێت هێزی حیزبی بمێنێت، ئەمە مەبەستی هاوپەیمانانە.

دەنگۆی بڕینی ئەو 20 ملیۆن دۆلارە بۆ ماوەی چەند مانگێک لە ئارادایە، کە پێشتر ئەمەریکا بۆ موچەی هێزە یەکخراوەکانی پێشمەرگە، مانگە خەرجی دەکرد، ئەمەش وەکو ناڕەزایەتیەک لە بەرامبەر لێبڕینی موچەی ئەو هێزانە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بەڵام ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، دەڵێت"پەیوەست نیە بە لێبڕینەوە، بەردەوام ئەو پارەیە هاتووە و دراوە بە پێشمەرگە."

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، دوای نیگەران بوونی هاوپەیمانان لە لێبڕینی موچەی هێزە یەکخراوەکانی پێشمەرگە، کە ئەوان مانگانە بودجەکەی دابین دەکەن، بڕیاردراوە میکانیزمی دابەشکردنی موچەی ئەو هێزانە بگۆڕدرێت. لەو بارەیەوە جەبار یاوەر وتی"لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا، ئەوە هاتووە، کە موچەی مانگانە نابێت بەدەستی بدرێت، بەڵکو لە رێگەی بانکەوە بێت، وەزارەتی پێشمەرگە ئەم پلانەی داناوە، وردە وردە موچەی لیواکانی پێشمەرگە دەبێتە سستمی بانکی، ئەمە تەنها داواکاری هاوپەیمانان نەبووە، بەڵکو بەرنامەی سەرەکی حکومەتیش بووە، بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی هەموو کاروبارەکان، لەوانە کاروباری وەزارەتی پێشمەرگەش."

فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لەبارەی ئەگەری تواندنەوەی هێزەکانی 80 ی پارتی و 70 ی یەکێتی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنیان، وتی"لە یاسای چاکسازیدا کە بۆ ئێمە نێردراوە، پێنج بابەتی پەیوەندیداری بە یەکخستنی هەموو هێزەکانی پێشمەرگە و کاروبارەکانیان تێدایە، جگە لەوەش، هاوپەیمانان و ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگەش، پرۆژەیان هەیە و ئیش لەسەر چاکسازی دەکەن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:48 0:00


XS
SM
MD
LG