Accessibility links

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران مەسعود پزشکیان کێیە؟


سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران مەسعود پزشکیان
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران مەسعود پزشکیان

مەسعود پزشکیان بە تێپەڕینێکی سەرسوڕهێنەرانە لە بەربەستەکانی شورای نیگەهبان، چووە ناو پێشبڕکێیەکەوە کە لە زۆر ڕووەوە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. هەندێک لە خەڵکی ئێران و چاودێران هەڵبژاردنەکەی بە یارییەکی کۆماری ئیسلامی ئێران ناو دەبەن بۆ زیادکردنی بەشداری خەڵک لەهەڵبژاردنەکاندا و هەندێکیشیان وەک ئاسۆیەک سەیری دەکەن بۆ گۆڕانخوازانی ئێران و ئەگەری باشترکردنی دۆخی وڵاتەکە.

پزشکیان کە لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێراندا بەسەر سەعید جەلیلی توندڕەودا سەرکەوت، شرۆڤەکاران دەڵێن کەسێکە کە ڕەنگە زلهێزەکانی جیهان پێشوازی لێبکەن، بە هیوای ئەوەی کە پزیشکیان هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەی ئاشتی بدات بۆ دەرچوون لە گرژییەکانی ئێران بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە کە بە خێرایی پەرەی پێدەدات.

پزشکیان توانی لە ڕێی دەنگی چەند چینێکی دیاریکراویی کۆمەڵگەوە سەربکەوێت، کە بریتین لە چینی گەنجان و چینی مامناوەند، کە چەندین ساڵە بە سەرکوتکارییە ئاسایشییەکان بێ ئومێد کراون کە ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایی خەڵکەکە لە دەسەڵاتی ئێران.

پزشکیان کە پزیشکی نەشتەرگەری دڵە، بەڵێنیداوە هانی سیاسەتێکی دەرەوەی کرداریی بدات، گرژییەکان لەسەر گفتوگۆ چەقبەستووەکان لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 کەم بکاتەوە و بوارەکانی ئازادی کۆمەڵایەتی و هەمەچەشنی سیاسیی باشتر بکات.

بەپێی سیستمی ویلایەتی فەقی و کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرۆکی وڵاتەکە ناتوانێت هیچ سیاسەتێکی گەورە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران یاخود پشتیوانیکردن لە گروپە چەکدارییەکانی سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت، چونکە ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی بڕیاردەری سەرجەم بابەتە گرنگەکانی وڵاتەکەیە.


بەڵام سەرۆک دەتوانێت کاریگەریی هەبێت لەسەر تۆنی سیاسەتی دەرەوەی ئێران و لە نزیکەوە بەشدار دەبێت لە دەستنیشانکردنی جێگرەوەیەک بۆ خامنەئی کە ئێستا تەمەنی 85 ساڵە.

پزشکیان بە وەفایە بەرامبەر دەسەڵاتە تیۆکراتیکەکەی ئێران و هیچ نیازێکی نیە ڕووبەڕووی سیستمەکە ببێتەوە و لە چاوپێککەوتنە تەلەفیزیۆنییەکاندا بەڵێنیداوە دژایەتی خامنەئی نەکات لە سیاسەتەکاندا.

پزشکیان لە پەیامێکیدا بۆ دەنگدەران وت " ئەگەر هەوڵمدا و شکستم هێنا لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەڵبژاردنەکانم، ئەوا ماڵئاوایی لە ژیانی سیاسەت دەکەم و بەردەوام نابم. هیچ سوودێک نیە لەوەدا ژیانی خۆمان بە فیڕۆ بدەین و نەتوانین خزمەتی گەلە ئازیزەکەمان بکەین."

دید و بۆچوونەکانی پزشکیان جیاوازن لە دید و بۆچوونەکانی ئیبراهیم ڕەئیسی کە لە مانگی پێنجدا بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەیەوە گیانی لە دەستدا. ڕەئیسی پارێزراوی خامنەئی بوو کە جێبەجێکردنی کۆتوبەندەکانی بەسەر پۆشاکی ژناندا پتەوتر کرد و هەڵوێستێکی توندی هەبوو لەسەر گفتوگۆکان لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە.

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی تاران سنوورەکانی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە پێشێل بکات.

پزشکیان بەڵێنیداوە ئابووری وڵاتەکە ببووژێنێتەوە کە بەهۆی بەڕێوەبردنی هەڵە و گەندەڵی دەوڵەت و سزاکانی ئەمەریکاوە کەوتووەتە قەیرانێکی گەورەوە.

لە کاتێکدا کە دەسەڵاتی سەرۆک کەمترە لە دەسەڵاتەکانی خامنەئی، زۆرێک لە ئێرانییەکان گومانیان هەیە لەوەی دەسەڵاتە ڕۆحانییەکەی ئێران ڕێگە بە پزشکیان بدات ئەگەر هەوڵبدات گۆڕانکاری گەورە بکات.

سۆهراب حوسەینی تەمەن 45 ساڵ دەڵێت " پزشکیان ڕەنگە بتوانێت هەندێک ئازادی کۆمەڵایەتی بهێنێت. بەڵام سەرۆکێکی لاواز دەبێت چونکە خامنەئی و هاوپەیمانەکانی زۆر بەهێزتر و دەسەڵاتدارترن لە سەرۆک."

وتی " دەنگم بە پزشکیاندا تاوەکو نەهێڵم جەلیلی سەربکەوێت."


پزشکیان کە تورکی ئازەرییە و لە ساڵی 2008 ەوەنوینەرە لە پەرلەمانی ئێراندا، پشتگیری لە مافەکانی نەژادە کەمینەکان کردووە، هەروەها ڕەخنەی لە سەرکوتکارییەکانی دەسەڵاتە ڕۆحانییەکە گرتووە دژی ناڕەزایی سیاسیی و کۆمەڵایەتی.

لە ساڵی 2022 دا پزشکیان داوای ڕوونکردنەوەی کرد لە بەرپرسان سەبارەت بە مەرگی ژیانی ئەمینی کە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا گیانی لە دەستدا و بووە هۆی کەوتنەوەی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە وڵاتەکەدا.

پزشکیان وتی "ڕێز لە سیاسەتی باڵاپۆشی دەگرین، بەڵام نابێت هەرگیز ڕەفتارێکی نامرۆییانە دژی ژنان هەبێت."

مانگی ڕابردوو لە کۆبوونەوەیەکدا لە زانکۆی تاران، پزشکیان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو خوێندکارە زیندانیکراوانەی کە بە تۆمەتی خۆپیشاندانەکانی 2022-23 تۆمەتبار کراون، وتی " زیندانییە سیاسییەکان لە دەسەڵاتی مندا نیە، ئەگەر بشمەوێت شتێک بکەم هیچ دەسەڵاتێکم نیە."

لە ماوەی جەنگی عێراق و ئێراندا لە هەشتاکاندا، پزشکیان سەرباز و پزیشکیش بووە، لەو کاتەدا کارەکەی ڕەوانەکردنی تیمە تەندروستییەکان بووە بۆ هێڵەکانی پێشەوە جەنگەکە.

لە ساڵی 2001-2005 لە ماوەی سەرۆکایەتی خاتەمیدا وەزیری تەندروستی ئێران بووە.

لە ساڵی 1994 دا پزشکیان لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا خێزانەکەی و یەکێک لە منداڵەکانی لە دەستدا. دوو کوڕەکەی و کچەکەی بە تەنها گەورە کردووە و بەڵێنیداوە هەرگیز هاوسەرگیری نەکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG