پۆلیس دەیان کەسی لە ئیستەنبوڵ دەستگیر کرد دوای ئەوەی هەوڵییاندا بەشداری لە گردبوونەوەیەکدا بکەن کە تێیدا داوای پاراستنێکی زیاتر بۆ ژنان لە تورکیا دەکرا، لەم ساڵدا لە تورکیا زیاتر لە 400 ژن کوژراون.
خۆپیشاندەران هەوڵییاندا بچنە ناو شەقامی ئیستیقلالەوە بە بۆنەی یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانی لە ناوبردنی توندوتیژی دژی ژنان، لە کاتێکدا کە سەرجەم خۆپیشاندانەکان لەو ناوچەیەدا قەدەغە کرابوون.
پێشتر پۆلیس سەرجەم دەروازەکانی بۆ شەقامی ئیستیقلال و تەقسیمی گۆڕەپانی سەرەکی شارەکە داخستبوو، هاوکات بەرپرسان چەندین وێستگەی مێترۆیان داخست بۆ ڕێگریکردن لە گردبوونەوەیەکی گەورەی خەڵکەکە.
زۆرێک لە خۆپیشاندەران ناڕەزاییان دەربڕیوە دژی بڕیارەکەی ساڵی 2021 ی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە تێیدا تورکیای لە ڕێککەوتنێکی مێژوویی ئەوروپایی کشاندەوە کە بە پەیماننامەی ئیستەنبوڵ ناسراوە. پەیماننامەکە کە ئامانج لێی پاراستنی ژنانە لە توندوتیژی، لە ساڵی 2011 دا لە ئیستەنبوڵ واژۆ کرا.
بڕیارەکەی ئەردۆغان دوای ئەوە هات کە هەندێک لە ئەندامانی پارتە ئیسلامیەکەی پەیماننامەکەیان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی هاندان بۆ مافەکانی هاوڕەگەزخوازان و بەهاکانی دیکە کە پێیان وابوو لەگەڵ بەها و داب و نەریتی خێزانەکان لە تورکیا ناگونجێت.
ڕۆژی دووشەممە ئەردۆغان داواکانی ڕەت کردەوە بۆ گەڕانەوەی تورکیا بۆ پەیماننامەکە و جەختی لە پابەندبوونی حکومەتەکەی کردەوە لە پاراستنی ژناندا.
گروپی ڕاوێژیی ناوخۆیی ' ژنکوژی ڕادەگرین ' دەڵێت لە ساڵی 2024 دا 411 ژن لە تورکیا کوژراون.
سەرچاوە/ ئەسۆشیەتید پرێس/ دەنگی ئەمەریکا