لە هەوڵێکی دەیان ساڵەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان و هاوبەشەکانیدا، نەخۆشی ئیفلیجی منداڵ لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا لە ناوبرا. بەڵام ئیفلیجی منداڵان نەخۆشییەکە کە هێشتا لە چەند وڵاتێکی کەمدا بڵاودەبێتەوە. ڕێکخراوی تەندروستی جیهان و هاوبەشەکانی دەیانەوێت لە چەند ساڵێکی کەمی داهاتوودا نەخۆشییەکە بنەبڕ بکەن.
هەتاوەکو لەسەر زەوی بمێنێتەوە، ڤایرۆسی ئیفلیجی منداڵان هێشتا دەتوانێت بڵاوببێتەوە لە هەر شوێنێکدا کە منداڵان بە تەواوەتی ڤاکسین نەکرێن. توشبوونی منداڵێک لە غەززە کە ڤاکسین نەکراوە بەو نەخۆشییە یەکەمین جارە دوای زیاتر لە 25 ساڵ ئەو جۆرە نەخۆشییە لەو ناوچەیەدا تۆمار بکرێت.
ئیفلیجی منداڵان چییە؟
ئیفلیجی منداڵان بەهۆی ڤایرۆسێکەوە دەبێت کە توشی منداڵانی خوار تەمەن 5 ساڵ دەبێت. زۆربەی ئەوانەی کە توشی بوون نیشانەیان نیە، بەڵام دەتوانێت توشی تا و سەر ئێشە و ڕشانەوە و ئازاری پشتت بکات. لە حاڵەتە مەترسیدارەکاندا، نەخۆشییەکە دەتوانێت بچێتە سیستمی دەمارەوە و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا توشبووەکە ئیفلیج بکات، ئەمەش بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان.
ڕێکخراوەکە دەڵێت 1 لە کۆی 200 حاڵەتی ئیفلیجی دەبێتە هۆی ئیفلیجبوونی هەمیشەیی، لە نێو ئەو منداڵانەدا کە توشی ئیفلیجی بوون، نزیکەی لە سەدا 10یان دەمرن کاتێک ماسولکەکانی هەناسەیان ئیفلیج دەبێت.
ڤایرۆسەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە، لە ڕێی دەمەوە دەچێتە ناو لەشەوە. زۆرجار بەهۆی بەرککەوتنەوە لەگەڵ پاشەڕۆی کەسێکی توشبووەوە دەبێت یاخود بەهۆی ئاوی پیس یاخود خۆراکی پیسەوە.
ئیفلیجی منداڵان چەندین سەدەیە هەیە، هیرۆگلۆفیکی میسڕییە کۆنەکان پیشانی دەدەن منداڵان بە گۆچان دەڕۆن و خاسیەتەکانی قوربانییانی ئیفلیجییان پێوە دیارە.
پێش ئەوەی یەکەمین ڤاکسین بۆ ئەو ڤایرۆسە لە ساڵەکانی پەنجاکاندا دروست بکرێت، ئیفلیجی منداڵان ترسناکترین نەخۆشی بوو. لە ساڵی 1916 دا نەخۆشییەکە لە نیویۆرک بڵاوبووەوە و زیاتر لە 2000 کەسی کوشت، خراپترین بڵاوبوونەوەش لە ساڵی 1952 دا بوو کاتێک زیاتر لە 300 کەسی کوشت، ئەوانەشی ڕزگارییان بووە زیانی درێژخایەنییان بەرکەوتووە.
کەی هەڵمەتی لە ناوبردنی ئیفلیجی منداڵان دەستیپێکرد؟
ڕێکخراوی تەندروستی جیهان لە ساڵی 1988 دا بڕیارێکی دەرکرد، ئامانجییان ئەوە بوو تاوەکو ساڵی 2000 نەخۆشییەکە بنەبڕ بکەن، ڕێکخراوەکە و هاوبەشەکانی لە جیهاندا بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکانییان خێراتر کرد و هەڵمەتی کوتانی بەرفراوانییان دەستپێکرد، حاڵەتەکانی توشبوون بە نەخۆشییەکە لە سەدا 99 کەمیکرد.
ئەفغانستان و پاکستان تەنها وڵاتن کە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە تێیاندا هەرگیز ڕانەگیراوە. بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە چەندین وڵاتی دیکەشدا هەیە، زۆربەیان لە ئەفریکان. ڕێکخراوی تەندروستی جیهان و هاوبەشەکانی ئامانجییان ئەوەیە تاوەکو ساڵی 2026 نەخۆشییەکە لە ناوببەن.
بۆچی ئەوەندە زۆری خایاندووە؟
زۆر قورسە، ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە ئەوە دەگەیەنێت کە دەبێت لە سەدا 95 ی دانیشتوان لە هەر شوێنێک بێت ڤاکسین وەربگرن، بەو ناوچانەشەوە کە شەڕییان تێدایە و هەژارن و سیستمی تەندروستی تێیاندا خراپە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا