Accessibility links

پاپا فرانسیس لە وتارێکی مێژوویدا لە کۆمەڵەی حەوت داوای قەدەغەکردنی 'چەکە کوشندە سەربەخۆکان' دەکات


ڕۆژی هەینی پاپا فرانسیس داوای قەدەغەکردنی " چەکە کوشندە سەربەخۆکانی " کرد لە کاتێکدا کە بووە یەکەمین پاپا وتار پێشکەشی کۆبوونەوەیەکی کۆمەڵەی حەوت بکات و باسی لە مەترسییەکانی ژیری دەستکرد کرد.

پاپا فرانسیس وتی " لە نێوەندی تراجیدیایەکدا کە ململانێی چەکدارییە، پێویستە زۆر بەپەلە دووبارە چاو بخشێندرێتەوە بە گەشەپێدان و بەکارهێنانی ئامێرەکانی وەکو ' چەکە کوشندە سەربەخۆکان ' و دواجار قەدەغەکردنی بەکارهێنانییان."

پاپا فرانسیس لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوتدا لە پولیای باشووری ئیتاڵیا وتی " ئەمە بە پابەندبوونێکی دەستبەجێ و بەرجەستە دەستپێدەکات بۆ پێشکەشکردنی کۆنتڕۆڵێکی گونجاو و گەورەتری مرۆڤ. هیچ ئامێرێک نابێت ژیانی مرۆڤێک لە ناوبەرێت."

فرانسیس کە لەلایەن سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنییەوە بانگهێشت کرابوو وتارێک لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوتدا پێشکەش بکات، چەندین جار پیشەسازی چەک و ئەوانەی کە قازانج دەکەن لە جەنگەکان و مەرگ سەرکۆنە کردووە.

پێشتریش ژیری دەستکرد لە گۆڕەپانی جەنگدا بەکارهێندراوە و هاتنی بۆ ناو چۆنێتی بەڕێوەچوونی جەنگە نوێیەکان نیگەرانی دروست کردووە سەبارەت بە مەترسییەکانی پەرەسەندن و ڕۆڵی مرۆڤ بۆ بڕیاردان.

فرانسیس بە ڕابەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوتی وت " ژیری دەستکرد لە هەمان کاتدا ئامڕازێکی سەرنجڕاکێش و مەترسیداریشە."

هۆشداریدا و وتی " سەرکۆنەی مرۆڤایەتی دەکەین لە داهاتوویەکی بێ هیوادا ئەگەر توانای خەڵکەکە بۆ بڕیاردان لەسەر خۆیان و ژیانییان نەهێڵین، ئەوەش لە ڕێی ئەوەی ناچارییان بکەین پشت بە بژاردەکانی ئامێرەکان ببەستن."

کۆمەڵەی حەوت کە هەریەک لە بەڕیتانیا و کەنەدا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ژاپۆن و ئیتاڵیا و ئەمەریکا پێکەوە کۆدەکاتەوە، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند " ژیری دەستکرد دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە هاندان بۆ بەرەوپێشچوون و گەشەپێدانی کۆمەڵگەکانمان."

سەرکردەکانی کۆمەڵەی حەوت لە دەقی بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن فرانس پرێسەوە بیندراوە دەڵێن " کاریگەرییەکانی ژیری دەستکرد دەزانین لە بواری سەربازی و پێویستییەکاندا بۆ هەبوونی چوارچێوەیەکی کار بۆ بەکارهێنان و گەشەپێدانێکی بەرپرسیارانەی ژیری دەستکرد."

لەسەر ئاستی ستراتیژی، ژیری دەستکرد مۆدێلی گۆڕەپانی جەنگەکان دروست دەکات و پێشنیار دەکات چۆن وەڵامی هێرشەکان بدرێنەوە، ڕەنگە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیش لە پێشنیارەکانیدا بێت.

فرانسیس وتی " پێویستە دڵنیاببینەوە و بوارێک بپارێزین بۆ کۆنتڕۆڵێکی گونجاوی مرۆڤ بەسەر ئەو بژاردانەوە کە پڕۆگرامەکانی ژیری دەستکرد پێشنیاری دەکەن، شکۆی مرۆڤ بەندە بەوەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG