Accessibility links

پاپا فرانسیس دەڵێت جەنگ خۆی لە خۆیدا تاوانە دژی مرۆڤایەتی


پاپا فرانسیس ڕۆژی یەکشەممە گوتی جەنگ " تاوانە دژ بە مرۆڤایەتی "، هاوکات جەختی لە داواکەی کردەوە بۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

پاپا فرانسیس دوای نوێژی هەفتانەی ئانجیلۆس وتی " با لە یادمان نەچێت، خەڵک پێویستی بە ئاشتییە، جیهان پێویستی بە ئاشتییە."

هەروەها داوای لە خەڵکەکە کرد ئازارەکان بەهۆی " دڕندەیی جەنگەوە " لە چەندین شوێنی جیهاندا لە یاد نەکەن. پاپا چەندین جار داوای ئاشتی کردووە لە ئۆکرانیا و لە جەنگەکەی ناو غەززەشدا.

وتی " با نزا بکەین بۆ ئەوانەی کە دەسەڵاتییان هەیە بەسەر ئەم ململانێیانەدا تاوەکو بیر لەو ڕاستییە بکەنەوە کە جەنگ ڕێگەیەک نیە بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان، چونکە دەبێتە هۆی کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل و لە ناوچوونی شار و ژێرخانەکان."

ڕۆژی یەکشەممە سەدهەمین ڕۆژی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس بوو، جەنگەکە بە هێرشی چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل دەستیپێکرد، کە بە کوشندەترین هێرش دادەنرێت لە مێژووی ئیسڕائیلدا. ئەو هێرشەش بووە هۆی دەستپێکردنی هەڵمەتە سەربازییەکەی ئیسڕائیل بۆ لە ناوبردنی حەماس کە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزاران فەلەستینی و خاپوورکردنی زۆربەی ناوچەکانی کەرتی غەززە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG