Accessibility links

یەکەم وتاری سەرۆک بایدن بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا


جۆو بایدن وەک 46 هەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا یەکەم وتاری خۆی لە کۆنگرێس پـێشکەشکرد و تیایدا جەختیکردەوە سەر ئەو پـلانانەی لە میانەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا ڕایگەیاندن.

سەرۆک بایدن شەوی چوارشەممە وتارەکەی پـێشکەشکرد لە ڕووداوێکی بێ پـێشینەدا، ئەویش دوو خانم لە هەردوو کورسی سەرووی سەرۆک دانیشتبوون، ئەوانیش نانسی پـلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و کامڵا هێرس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی ئەنجومەنی سینات.

ئەمساڵ بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، ژمارەیەکی کەمی ئەندامانی کۆنگرێس و کاربەدەستان دەعوەتنامەی ئامادەبوونی وتارەکەیان بۆ چووبوو، بۆیە نزیکەی 200 کەس ئامادەبوون، ئەمەش زۆر کەمە بەراورد بە جاران کە زیاتر لە 1600 کەس ئامادەی وتاری سەرۆک دەبوون.

هەریەک لە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە و لۆید ئۆستن وەزیری بەرگی و جۆن ڕۆبەرتس سەرۆکی دادگای باڵا لە نێو ئامادەبوواندا بوون.

سەرۆک بایدن لە سەرەتای وتارەکەی گوتی" خانمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، خانمی جێگری سەرۆک.. هیچ سەرۆکێک هەتا ئێستا لەم سەکۆیەوە ئەم وشانەی نەوتووە، وە ئێستا کاتێتی."

پاشان گوتی بە درێژایی مێژووی ئەمەریکا سەرۆکەکان بۆ ئەم هۆڵە هاتوون بۆ ئەوەی قسە بۆ کۆنگرێس و وڵاتەکە و جیهان بکەن لە بارەی ڕاگەیاندنی شەڕ یان ئاهەنگگێڕان بۆ ئاشتی و ڕاگەیاندنی پـلان و ئەگەرە نوێـیەکان، بەڵام ئەمشەو من هاتووم قسە بکەم لەسەر قەیران و هەلەکان و لە بارەی بنیادنانەوەی وڵاتەکەمان و بوژاندنەوەی دیموکراسی وڵاتەکەمان و ئایندەی ئەمەریکا ببەینەوە.

ئەمشەو لێرە وەستاوم ڕۆژێک پـێش ئەوەی 100 ڕۆژی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەم تێپەڕببێت. 100 ڕۆژ تێپەڕ بووە بەسەر ئەوەی سوێندی سەرۆکایەتی خوارد و دەستم خستە سەر ئنجیلی بنەماڵەکەمان. وڵاتێکم بۆ بەجێ ما کە لە قەیراندا بوو. خراپـترین پەتا لەوەتای سەدەیەک. خراپـترین قەیرانی ئابوری لەوەتای بێبازاڕیی مەزن[قەیرانە ئابوریـیەکەی ساڵانی سیـیەکانی سەدەی ڕابردوو]. خراپـترین هێرش بۆ سەر دیموکراسی وڵاتەکەمان لەوەتای شەڕی ناوخۆی. بەڵام ئێستا و تەنیا پاش 100 ڕۆژ دەتوانم بۆ وڵاتەکەی ڕابگەیەنم، ئەمەریکا جارێکی دیکە هەنگاو بەرەو پـێشەوە دەنێت.

گۆڕانی مەترسی بۆ ئەگەر، قەیران بۆ هەل، نسکۆ بۆ هێز. ژیان دەتوانێت هەرەسمان پـێبهێنێت. بەڵام ئێمە لە ئەمەریکا هەرگێز ناڕوخێین، ئێمە هەمیشە هەڵدەسێنەوە، وە ئەمڕۆ ئێمە ئەوە دەکەین و سەرلەنوێ ئەمەریکا هەڵدەستێتەوە.

هەڵبژاردنی هیوا لە بری ترس و ڕاستی لە بری درۆ و ڕووناکی لە بری تاریکی. پاش 100 ڕۆژ لە هەوڵی ڕزگارکردن و نوێبوونەوە، ئەمەریکا ئامادەیە بۆ هەستانەوە. جارێکی دیکە پـێکەوە کاردەکەینەوە و خەونمان دەبێتەوە و داهێنانمان دەبێتەوە و ڕێبەراتی جیهان دەکەینەوە. بۆخۆمان و جیهانمان سەلماند کە ئەمەریکا کۆڵ نادات.

100 ڕۆژ پـێش ئێستا، ماڵی ئەمەریکا گڕی گرتبوو، بۆیە دەبوو کاربکەین.

و لە سایەی سەرکردایەتی مەزنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نانسی پـلۆسی و سەرۆکی زۆرینە شومەر و پـشتیوانی زۆری خەڵکی ئەمەریکا ، دیموکرات و سەربەخۆ و کۆماری، کارمانکرد.

پـێکەوە پـلانی ڕزگارکردنی ئەمەریکامان پەسەندکرد کە یەکێکە لە گرنگترین کۆمەڵە پـلانەکانی ڕزگارکردنە لە مێژووی ئەمەریکا. ئەوەتا ئێستا ئەنجامەکەی دەبینین.

پاش ئەوەی بەڵێنم دا لە ماوەی 100 ڕۆژ 100 ملیۆن دەرزی کوتانی ڤاکسینی دژی کۆڤید- 19 دابینبکەین، توانیمان زیاتر لە 220 ملیۆن دەرزی کوتانی ڤاکسینەکە لەو 100 ڕۆژەدا دابینبکەین. سوپاس بۆ هەوڵەکانی هەمووتان.

ئێمە هەموو سەرچاوەکانی حکومەتی فیدراڵی بەکاردەهێنین. ڤاکسینەکەمان بەدەستهێنا بۆ نزیکەی 40 هەزار دەرمانخانە و زیاتر لە 700 ناوەندی تەندروستی کە هەژارەکانیش دەتوانن وەریبگرن. شوێنی کوتانی بە کۆمەڵ دادەنێین و یەکەی جوڵاو ڕەوانەی ناوچە دوردەستەکان دەکەین. ئەمڕۆ 90% ی ئەمەریکایـیەکان ئەوپەڕی 8 کیلۆمەتر لە شوێنی کوتانی ڤاکسینەکە دورن. هەر کەسێک تەمەنی سەرو 16 ساڵ بێت و هەر کەسێک شیاوبێت ڤاکسینەکە وەربگرێت دەتوانێت دەستبەجێ وەریبگرێت. بۆیە ئێستا ڤاکسینی خۆت وەربگرە.

کاتێک سوێندی سەرۆکایەتی خوارد، کەمتر لە 1% ی کەسانی بە تەمەن بە تەواوی لە دژی کۆڤید – 19 ڤاکسینیان وەرگرتبوو. پاش 100 ڕۆژ نزیکەی 70% ی کەسانی بە تەمەن ڤاکسینی تەواوی خۆیان وەرگرتووە. لەوەتای مانگی یەکەوە ڕێژەی لەدەستدانی گیانی کەسانی بە تەمەن بەهۆی کۆڤید 19 وە بە ڕێژەی 80% کەمی کردووە، وە زیاتر لە نیوەی ئەو ئەمەریکایـیانەی تەمەنیان سەروو 18 ساڵە بە لایەنی کەم دەرزیـیەکی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.

لە بنکەیەکی تەندروستی لە شاری گلاندێڵی ویلایەتی ئەریزۆنا لە پەرستیارێکم پـرسی دۆخەکە چۆنە؟ سەیری کردم و گوتی لێدانی هەر دەرزیـیەک وەک ژەمێکی هیوا وایە.

ژەمێکی هیوایە بۆ مامۆستایەکی ژن لە فلۆریدا کە منداڵێکی هەیە نەخۆشی تێکچوونی سیستەمی بەرگری جەستەی هەیە، بۆی نووسیم دەترسێت لەوەی ڤایرۆسەکە بباتەوە ماڵەکەی. کاتێک دەرزی ڤاکسینەکەی لێ درا و گەڕاوەتە ناو ئۆتۆمبیلەکەی دەستیکردووە بە گریان، گریان لە خۆشیدا، گریان لەوەی دڵی ئیسراحەتی کرد.

باوکان و دایکان خەندە لەسەر ڕووخساری منداڵەکانیان دەبینن کاتێک دەگەڕێنەوە قوتابخانەکانیان، چونکە مامۆستا و شۆفێری پاسی قوتابخانەکانیان و کارمەندانی کافتریاکانیان ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.

باپیر و داپـیر لە بری ئەوەی لە پەنجەرەی ژورەکانیانەوە تەنیا سڵاو بکەن، ئێستا باوەش بە منداڵ و نەوەکانیان دەکەن، ئەمە هەموو شتێکە بۆ ئەوان.

هێشتا کاری زۆر ماوە ئەنجامی بدەین بۆ ئەوەی بەسەر ئەم ڤایرۆسەدا زاڵبین، بۆیە ناتوانین ئێستا پاڵی لێبدەینەوە.

بەڵام ئەمشەو، دەتوانم بڵێم لە سایەی ئێوە، گەلی ئەمەریکا، بەرەوپـێشچوونمان لە ماوەی 100 ڕۆژی ڕابردوو لە دژی پـیسترین پەتا لە مێژوودا، مەزنترین بەدەستهێنانی لۆجستی بوو کە هەرگیز وڵاتەکە پـێشتر بەخۆیەوە نەیدیوە.

چی دیکەمان لەم 100 ڕۆژەدا کرد؟ لەسەر بەڵێنەکەی خۆمان بووین و 1400 دۆلارمان داوە بە 85% ی خێزانەکانی ئەمەریکا. زیاتر لە 160 ملیۆن چەکمان بۆ ئەو مەبەستە ناردووە.

سەرۆک بایدن لە درێژەی وتارەکەی باسی لە زیادبوونی هەلی کار کرد و گوتی لە ماوەی ئەو 100 ڕۆژەی لە دەسەڵاتدایە، زیاتر لە 1.3 ملیۆن هەلی نوێی کار پەیدابووە، ئەمەش لە یەکەم 100 ڕۆژی هیچ سەرۆکێکی پـێشتر ڕووی نەداوە.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئێستا مەزەندەدەکات ئابوریـیەکەمان ئەمساڵ بە ڕێژەی 6% زیاتر گەشەبکات، ئەمەش خێراترین گەشەکردنە لەوەتای نزیکەی 40 ساڵ.

لە بارەی نۆژەنکردنەوەی وڵاتەکە، سەرۆک بایدن گوتی نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکان و پـردەکان و هێڵەکانی شەمەندەفەر و بەندەر و فڕۆکەخانەکان و تۆڕەکانی کارەبا و ئاو هەولی نوێی کار دابیندەکەن.

گوتیشی هیچ هۆکارێک نیـیە بۆ ئەوەی باڵی تۆرباینی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە شاری پـیتسبێرگی ویلایەتی پەنسلڤانیا دروستنەکرێت لە جیاتی شاری بەیژینی چین. هیچ هۆکارێک نیـیە ڕێگربێت لە بەردەم کرێکارانی ئەمەریکا لەوەی پـێشەنگی جیهان بن لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیلی کارەبایی.

پاشان باسی لە چینی کرێکار کرد و گوتی دەبێت کەمترین کرێ 15 دۆلار لە کاتژمێرێکدا بێت، چونکە ناکرێت کەسێک 40 کاتژمێر لە هەفتەیەکدا کاربکات و لە ژێر هێڵی هەژاریدا بژی.

ئاماژەی بۆ پشتیوانیکردنی ئەو خێزانانە کرد کە منداڵیان هەیە و گوتی لە مانگی سێـیەوە باجی کەمتر لەو خێزانانە وەردەگیرێت، بە شێوەیەک بۆ هەر منداڵێکی خوار تەمەن 6 ساڵ 3600 دۆلار و بۆ هەر منداڵی سەروو 6 ساڵ 3000 دۆلار دەدرێتەوە بە خێزانەکەی، ئەمەش یارمەتی زیاتر لە 65 ملیۆن منداڵ دەدات.

گوتیشی بۆ دابینکردنی پارە بۆ ئەم هەنگاوانەی باجی سەر دەوڵەمەندەکات زیاتر دەکات، ئەوانەی ساڵانە بە لایەنی کەم 400 هەزار داهاتیان دەبێت. گوتی کاتی ئەوە هاتووە کۆمپانیا و هەرە دەوڵەمەندەکان کە دەکەنە 1% ی خەڵکی ئەمەریکا بەشی ڕەوای خۆیان لە باج بدەن. ئاماژەی بۆ توێژینەوەیەکی نوێ کرد کە پـیشانی داوە 55 لە هەرە کۆمپانیا گەورەکانی ئەمەریکا لە ماوەی ساڵی ڕابردوو هیچ باجێکیان بە حکومەتی فیدراڵی نەداوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کەلێنانەی لە سیستەمی باجدا هەیە، بۆیە چاکسازی تێدادەکەن هەتا بەشە باجی خۆیان بدەن.

باسی لەوەش کرد بەهۆی پەتای کۆرۆناوە 20 ملیۆن کرێکار و فەرمانبەر کارەکانیان لەدەستداوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ملیاردێرەکان کە ژمارەیان 650 کەسە لە ئەمەریکا زیاتر لە یەک ترلیۆن دۆلار قازانجیانکردووە.

لە بارەی سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندیـیەکان لەگەڵ وڵاتاندا، سەرۆک جۆو بایدن گوتی ناکرێت وڵاتێک بە تەنیا ڕووبەڕووی هەموو قەیرانەکان ببێتەوە، هەر لە تێرۆرزمەوە هەتا بڵاوبوونەوەی ناوەکی و کۆچی بە کۆمەڵ و ئاسایشی ئنتەرنێت و گۆڕانی کەش‌وهەوا و وەک ئەوەی ئێستا ڕووبەڕووی بووینەتەوە، ئەویش ئەم پەتایەیە.

سەرۆک بایدن گوتی هیچ دیوارێکی بەرز نیـیە لە ڤایرۆس بمانپارێزێت. بۆیە پاش ئەوەی بەشی خۆمان ڤاکسین دابینکرد دەبینە سەرچاوەی ڤاکسین بۆ وڵاتانی دیکە، هەر وەک چۆن لە جەنگی جیهانی دووەمدا ئەمەریکا بووە سەرچاوەی دیموکراسی.

قەیرانی کەش‌وهەوا، شەڕی ئێمە نیـیە بە تەنیا، بەڵکو شەڕێکی جیهانیـیە. ئەمەریکا بەرپـرسە لە کەمتر لە 15% ی دەرهاویشتە کاربۆنیـیەکانی جیهانە، بۆیە لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونم وابەستەیی خۆم بە ڕێکەوتننامەی پاریس دووپاتکردەوە وە کۆنگرەیەکی لوتەکیـیمان بەست لەگەڵ هەموو ئابوریـیە سەرەکیـیەکان لە جیهاندا، هەر لە چین و ڕووسیاوە هەتا هیندستان و یەکێتی ئەوروپا.

لە بارەی پەیوەندیـیەکان لەگەڵ چین، سەرۆک بایدن گوتی" لە میانەی وتووێژەکەم لەگەڵ سەرۆکی چین پـێم گوت ئەمەریکا پـێشوازی لە پـێشبڕکێ دەکات و بە دوای شەڕدا ناگەڕێت. بەڵام بۆشم ڕوونکردەوە بەرگری لە بەرژەوەندیـیەکانی ئەمەریکا دەکەن لە هەموو بوارەکاندا. هەروەها ئەمەریکا هێزی لەشکری لە هەردوو ئۆقیانوسی هیندی و پاسیفیک دەهێڵتەوە وەک چۆن لەگەڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ئەوروپا، نەک بۆ شەڕ، بەڵکو بۆ ڕێگەگرتن لە ڕوودانی شەڕ. هەروەها ئەوەشم پێ وت کە بە زۆرێک لە ڕێبەرانی جیهانم وت، ئەمەریکا لە وابەستەیـیەکانی بە مافی مرۆڤ و ئازادیـیە سەرەکیتیەکان پاشگەزنابێتەوە. هیچ سەرۆکێکی بەرپـرسی ئەمەریکا ناتوانێت بەبێ دەنگ بێت کاتێک مافە سەرەکیـیەکانی مرۆڤ پـێشێلدەکرێن. دەبێت سەرۆک نوێنەراتی کرۆکی وڵاتەکەمان بکات."

سەبارەت بە ڕووسیا، سەرۆک بایدن گوتی "بۆ سەرۆک پـوتنم ڕوونکردەوە لە کاتێکدا نامانەوێت گرژیـیەکان زیاتربن، بەڵام ئەوە بزانن کارەکانیان ئاکامی دەبێت."

وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ و گونجاوم هەبوو بۆ دەستێوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانمان و هێرشە ئەلیکترۆنیـیەکان بۆ سەر حکومەتەکەمان و کۆمپانیاکانمان. هەردوو ئەم کارەیان کردووە و کاردانەوەم هەبوو.

بەڵام دەشتکرێت هاوکاربین کاتێک بەرژەوەندی هاوبەشمان دەبێت. هەروەکچۆن لە درێژکردنەوە پەیماننامەی New START ی ناوەکی کردمان و لە چارەیەری قەیرانی کەش‌وهەوا دەیکەین.

لە بارەی بەرنامە ناوکیـیەکانی ئێران و کۆریای باکور کە جێی هەڕەشەن بۆ ئاسایشی ئەمەریکا و جیهان، لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان کاردەکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە لە ڕێگەی دیپـلۆماسیـیەت و بەرپەرجدانەوەی توند.

سەرۆک بایدن باسی لە بڕیارەکەی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کرد و گوتی " لە پاش 40 ساڵ، من یەکەم سەرۆکم لە مانای ئەوە تێبگات منداڵێکت هەبێت لە ناوچەیەکی شەڕدا خزمەت دەکات.

سەربازمان هەیە لە هەمان ئەو شەڕەدان کە باوکیان یان دایکیان تیایدا خزمەتیان کردووە. سەربازمان لە ئەفغانستان هەیە کە لە 11 ی سێپتەمبەر هێشتا لەدایک نەبووبوون. چووین بۆ ئەفغانستان بۆ دەستگیرکردنی ئەو تێرۆرستانەی لە 11 ی سێپتەمبەر هێرشیان کردە سەرمان. ئوسامە بن لادنمان بە سزای ڕەوای خۆی گەیاند و هەڕەشەی تێرۆرستی ئەلقاعدەمان لە ئەفغانستان کەمکردەوە. بۆیە پاش 20 ساڵ لە ئازایەتی و قوربانیدانی ئەمەریکایی، کاتی ئەوە هاتووە هێزەکانمان بگێڕینەوە وڵات.

سەرۆک جۆو بایدن گوتیشی ئامادەن ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەک ببنەوە کە لە هەر شوێنێکدا بۆ سەر ئەمەریکا هەبێت. ئاماژەی بۆ قاعیدە و داعش کرد کە لە یەمەن و سوریا و سۆماڵ و شوێنی دیکەی ئەفریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداو شوێنی دیکە هەن.

سەرۆک بایدن جارێکی دیکە باسی لە کێشە ناوخۆیـیەکانی وڵاتەکە کرد و گوتی وەک دەزگا هەواڵگریـیەکانی وڵاتەکە ئاماژەیان پـێکردووە ڕەگەزپەرستی لە تێرۆرزم زیانی زیاتری بۆ وڵاتەکە هەیە. داوای لە ئەندامانی کۆنگرێس کرد کاربکەن بۆ ئەوەی یاسای جۆرج فلۆید بۆ چاکسازی لە دەزگاکانی پـۆلیس لە ڕۆژی کوشتنی جۆرج فلۆید پەسەندبکرێت. سوپاسی ئەنجومەنی سیناتی کرد بۆ پەسەندکردنی بڕیارێک بۆ پاراستنی ئاسیاویـیەکانی وڵاتەکە لە ڕەگەزپەرستی.

پاشان باسی لە گرفتی هەڵگرتنی چەک لە وڵاتەکە کرد و گوتی دەبێت کۆمەڵێک ڕێوشوێن بگیرێنەبەر بۆ سنووردارکردنی ئەو تاوانانەی لە وڵاتەکەدا بە چەک دەکرێن، بە تایبەتی ئەو چەکانەی بێ ژمارەن و تۆمار نەکراون.

لە بارەی کێشەی کۆچبەرانی نایاسایی، گوتی چارەسەری بنەڕەتی ئەم کێشەیە لە وڵاتانی ئەو کۆچبەرانەوە دەستپـێدەکات. گوتی ئەو خەڵکە لەتاو توندوتیژی و گەندەڵی و ناسەقامگیری سیاسی و برسێتی و کارەساتی سروشتی ڕوو لە وڵاتە یەکگرتووەکان دەکەن.

گوتی کاتی خۆی کە جێگری سەرۆک بوو لە سەردەمی براک ئۆباما سەرۆکی پـێشووتر، کاری دەکرد بۆ چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتیـیەکانی کێشەکە، وە ئێستاش دەست بەو بەرنامەیە دەکرێتەوە و داوای لە کامڵا هێرس جێگری سەرۆک کردووە سەرکردایەتی هەوڵە دیپـلۆماسـیـیەکان بکات.

XS
SM
MD
LG