Accessibility links

سەرۆک بایدن گەیشتە ئەوروپا


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن گەیشتە بڕۆکسل، ئەمەش لەنێوەندی ناکۆکییەکانی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپادا سەبارەت بەوەی ئایا سزای زیاتر بسەپێندرێت بەسەر کەرتی وزەی ڕووسیدا یاخود نا.

نزیکەی لە سەدا 40 ی گازی ئەوروپا ڕووسیا دابینی دەکات، ئەمەش لەسەر هەندێک وڵاتی ئەوروپی قورس کردووە هەناردەی وزەی ڕووسی قەدەغە بکەن، ئەمەریکا پێشتر هەناردەی وزەی ڕووسی قەدەغەکردووە.

لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن وتی ڕووسیا هەوڵی ئەوە دەدات ئەو " وڵاتانەی هاوڕێی ڕووسیا " نین بەشێوەیەکی جیاواز پارەی ئەو گازە بدەن کە لە ڕووسیای دەکڕن، ئەمەش نرخی گازی لە ئەوروپا زیادکرد و نیگەرانی دروست کردووە لەسەر خراپتربوونی قەیرانی وزەی ناوچەکە.

پوتن داوایکرد ئەو وڵاتانەی کە گازی ڕووسییان دەوێت دەبێت دراوی ڕوبڵی ڕووسی بکڕن و بە ڕوبڵ پارەی گازەکە بدەن.

ئەو لیستی وڵاتانەی کە مۆسکۆ دەڵێت دەبێت بە ڕوبڵ پارەی گازەکە بدەن، ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە سزایان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، بە ئەمەریکا و وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و ژاپۆن و بەڕیتانیا و وڵاتانی دیکەشەوە.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان وتی کەمکردنەوەی پشت بەستنی ئەوروپا بە گازی سروشتی ڕووسی " بابەتێکی سەرەکیی بووە " لەم ڕۆژانەی دواییدا.

سۆلیڤان وتی سەرۆک بایدن ڕۆژی هەینی لەگەڵ سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین هەندێک هەواڵ لەسەر ئەو بابەتە ڕادەگەیەنێت.

ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆک بایدن بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا دەکات و دواتر لەگەڵ وڵاتانی کۆمەڵەی حەوتدا کۆدەبێتەوە و دواتر لە ئەنجومەنی ئەوروپادا وتارێک پێشکەش دەکات.

دوابەدوای ئەوەش سەرۆک بایدن سەردانی پۆڵەندا دەکات و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە ئاندرێ دودادا کۆدەبێتەوە.

سۆلیڤان وتیشی ڕۆژی پێنجشەممە ڕابەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت ڕێکدەکەون لەسەر هەماهەنگیرکردن بۆ پتەوترکردنی سزاکانی سەر ڕووسیا و پلان بۆ بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک دادەنێن.

بەرپرسێکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەدا ئەرکە بازرگانییەکانی یەکێتی ئەوروپا بە کۆمەڵ لەگەڵ ڕووسیادا زیاترە لە بازرگانییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ڕووسیادا، لەبەر ئەوە بابەتی سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیادا بۆ یەکێتی ئەوروپا هەستیارترە.

بەرپرسەکە بە ڕۆیتەرزی وت " ئەمەریکییەکان سزایان بەسەر نەوت و گازی ڕووسیدا سەپاندووە، کە ئەوە شتێکی ئاسانە بۆ ئەوان چونکە خۆیان بەرهەمهێنەری گاز و نەوتن. بزانین سبەینێ سەرۆک بایدن پێشنیاری چی دەکات."

سۆلیڤان وتی سەرۆک بایدن سەپاندنی کۆمەڵێک سزای دیکە بەسەر کەسایەتییە سیاسیی و دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیادا ڕادەگەیەنێت.

سەرچاوەکان دەڵێن هەندێک لە سزاکان پێشبینی دەکرێت ئەندامانی پەرلەمانی دووەمی ڕووسیا بکەنە ئامانج.

ڕابەران تاوتوێی چینیش دەکەن، ڕۆژی هەینی سەرۆک بایدن هۆشداریدایە سەرۆکی چین شی جین پینگ لەسەر ئەوەی پشتیوانی ماددیی لە ڕووسیا نەکات لە جەنگەکەی مۆسکۆدا دژی ئۆکرانیا.

سۆلیڤان وتی تاوەکو ئێستا ئەمەریکا هیچ بەڵگەیەکی نەبینیوە لەسەر ئەوەی چین یارمەتی ڕەوانەی ڕووسیا کردبێت.

وتی " بەڵام ئەوە شتێکە کە ئێمە چاودێری دەکەین."

هاوکات ڕابەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا نیگەرانن سەبارەت بەوەی پوتن چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت.

بەر لەوەی واشنتن جێبهێڵێت، سەرۆک بایدن وتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن ڕووسیاوە " هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG