ئەمڕۆ ڕۆژی ٣ی مانگی ٥ ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەرییە و ڕێکخراوی یۆنسکۆ "زانیاری وەک خزمەتی گشتی" وەک درووشمی ئەمساڵ دیاریکردووە. ئەمەش لەکاتێکدایە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا و بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژنامەنووسان بە بەردەوامی ڕووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە و ئاستەنگ دێتە ڕێگایان بۆ گەیاندنی ئەو زانیارییانە.
دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی تێیدا ئامادەبوو، ئاماژەی بە گرنگی مافی دەستکەوتنی زانیاری کرد و وتی:
"ئازادی ڕۆژنامەگەر و مافی گەشتن بە سەرچاوەکانی زانیاری و دەستەبەرکردن و بڵاوکردنەوەی بەشێوەیەکی ئازاد بەپێی یاسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان ڕێگەپێدراوە و دەبێت کار بۆ فراوانکردنیان بکرێت."
ئەمەش لەکاتێکدایە لە ماوەی ٤ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا، ٤٩ پێشێلکاری بەرامبەر بە ٣٦ ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن ئەنجامدراوە لە هەرێمی کوردستاندا کە بەشی زۆرینەیان خۆی دەبینێتەوە لە ڕێگری لە ڕووماڵکردن، هێرش و هەڕەشە و سووکایەتی، زەوتکردنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانیی و دەستبەسەرکردن بە بێ بڕیاری دادگا.
لە چەند مانگی ڕابردوودا ٥ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان لەلایەن دادگایەکی هەولێرەوە بە تۆمەتی سیخوڕی سزای ٦ ساڵ زیندانیان بۆ دەرکرا و بڕیارەکە لەلایەن ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانەوە ڕەخنەی لێگیرا، دیاری محەمەد ئاماژەشی بەوەدا ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان زیاد لە هەرکاتێک پێویستیان بە ژینگەیەکی ئارام هەیە بۆ ئەوەی کاری ڕۆژنامەوانی تێدا ئەنجامبدەن.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی کە ئامادەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە بوو ئاماژەی بەوەدا کە ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکانە کە ڕۆژنامەنووسان و کەرەستەکانیان بپارێزن و ڕێگایان لێنەگرن لەوەی کاری خۆیان ئەنجامبدەن.
"ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، حکومەتی ئیتیحادییە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە و ئەرکی ئێمەشە وەک حکومەتی خۆجێیی پارێزگای سلێمانی کە زەمینەی لەبار، ژینگەی لەبار بۆ ڕۆژنامەنووس وەکو مرۆڤ، بۆ کەلوپەل و کەرەستەکانی، زەمینەی ئازاد بۆ ڕوماڵکردن و بەدواداچوونەکانی و بۆ دەستخستنی وەڵام بۆ پرسیارەکانی کە لە ئەنجامدا پرسیاری کۆمەڵگان، پرسیاری خەڵکن، زەمینەکەیەکی لەبار و ژینگەیەکی لەبار بڕەخسێنین."
لە ماوەی ڕابردوودا زیاد لە ١٠ ڕاپۆرتی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆیان لە دۆخی ڕۆژنامەوانان و ئازادی ڕۆژنامەگەری لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەربڕیوە و داوایان کردووە چیدی ڕێگری نەکرێت لە ڕۆژنامەنوسان لەوەی کاری خۆیان بە ئازادانە ئەنجامبدەن.