Accessibility links

سەرۆکی واگنەر: جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا لەسەر بنەمای درۆیە


سەرۆکی گروپی سەربازیی بەکرێگیراوی واگنەری ڕووسیا یەڤیگنی پریگۆژین لەگەڵ دوو لە چەکدارەکانی
سەرۆکی گروپی سەربازیی بەکرێگیراوی واگنەری ڕووسیا یەڤیگنی پریگۆژین لەگەڵ دوو لە چەکدارەکانی

سەرۆکی گروپی سەربازیی بەکرێگیراوی واگنەری ڕووسیا یەڤیگنی پریگۆژین دەڵێت هۆکارە بنچینەییەکانی کرێملن بۆ لەشکرکێشییەکەی لە ئۆکرانیا لەسەر بنەمای ئەو درۆیانە بووە کە لەلایەن نەیارێکی هەمیشەیی کرێملنەوە داڕێژراوە، ئەو نەیارەش ئەفسەرە باڵاکانی سوپای ڕووسیان.

پریگۆژن ماوەی چەندین مانگە بە ئاشکرا وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ و جەنەڕاڵی باڵای ڕووسیا ڤالێری گیراسیمۆڤ تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی ئەوەی لە ئاست پلەکانییاندا نین.

بەڵام ڕۆژی هەینی بۆ یەکەمین جار هۆکارە سەرەکییەکانی ڕووسیای بۆ جەنگەکەی لە ئۆکرانیا ڕەت کردەوە کە ڕووسیا بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناوی دەبات.

پریگۆژین لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا وتی " لە 24 ی مانگی دوودا هیچ شتێکی نائاسایی لە ئارادا نەبوو... وەزارەتی بەرگری هەوڵی هەڵخەڵەتاندنی کۆمەڵگە و سەرۆکی دەدا، چیرۆکێکی پێ وتین لەسەر ئەوەی چۆن دوژمنکارییەکی شێتانە هەیە لە ئۆکرانیاوە و ئۆکرانیا پلانییان داڕشتووە لەگەڵ سەرانسەری ناتۆدا هێرشمان بکەنە سەر." وتی چیرۆکە فەڕمییەکە " چیرۆکێکی جوان " بووە.

پریگۆژین وتی " جەنگەکە پێویست بوو... بۆ ئەوەی شوێگۆ ببێتە مارشاڵ.. بۆ ئەوەی دووەمین مەدالیای ' پاڵەوان ' ی ڕووسیا وەربگرێت. جەنگەکە پێویست نەبوو بۆ لە ناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا و لە ناوبردنی نازییەکان."

پریگۆژین وتی جەنگەکە پێویستیش بوو بۆ دەوڵەمەندکردنی دەسەڵاتدارە فەرمانڕەواکان کە بەو سوودە بازرگانییەی ئەو بەشەی هەرێمی دۆنباسی ئۆکرانیا ڕازی نەبوون کە ڕووسیا لە 2014 دا لە ڕێی هێزە جیاخوازەکانی ناو ئۆکرانیاوە دەستی بەسەرداگرت.

وتی " ئەرکەکە دابەشکردنی سەرمایەکان بوو ' لە ناو ئۆکرانیادا '. دزییەکی گەورە هەبوو لە دۆنباس، بەڵام ئەوان زیاترییان دەویست."

واگنەر ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە گرتنی شاری باخموتی ئۆکرانیادا، پریگۆژینیش سەرکەوتنەکانی لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بە ئاشکرا ڕەخنە لە مۆسکۆ بگرێت.

بەڵام تاوەکو ئێستا ڕەخنەی لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن نەگرتووە، پریگۆژین پشتی تەواویی بە پوتن بەستووە.

بەڵام لێدوانەکانی ئەمجارەی پریگۆژین ڕاستەوخۆ پێچەوانەی ئەو هۆکارانەیە کە پوتن ئاماژەی پێدان کاتێک هێزەکانی ڕەوانەی ناو ئۆکرانیا کرد و وتی ئامانج لەم کارەی لە ناوبردنی نازییەکانی ناو ئۆکرانیا و توانا سەربازییەکانی ئەو وڵاتەیە کە بووەتە مەترسی بۆ سەر ڕووسیا. کیێڤیش ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردۆتەوە.

پریگۆژین ئاماژەی بەوەدا ڕووسیا پێش جەنگەکە دەیتوانی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا ڕێککەوتنێک واژۆ بکات. وتیشی جەنگەکە بووەتە کارەساتێک بۆ ڕووسیا و دەیان هەزاران گەنج بەبێ ئەوەی پێویست بکات بوونە قوربانی، بە ئەندامانی بە تواناترین هێزەکانی ڕووسیاشەوە.

وتی " ئێمە لە خوێنی خۆماندا خۆمان دەشۆین. کات زۆر بە خێرایی تەواو دەبێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG