Accessibility links

چاوەڕوان دەکرێت پارتی دەم باساک دەمیرتاش وەک بەربژێری سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبوڵ دەستنیشان بکات


باساک دەمیرتاش
باساک دەمیرتاش

پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە کوردەکان لە تورکیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند بەربژێرێکی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبوڵ دەستنیشان دەکات کە بڕیارە لە مانگی سێدا بەڕێوەبچن.

لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبوڵدا لە ساڵی 2019 دا بیناڵی یڵدرەمی بەربژێرەکەی پارتەکەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، پارتی داد و گەشەپێدان، شکستی هێنا، ئەوەش دوای ئەوەی پارتە کوردییەکە چووە پاڵ پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنەوە و پشتگیری لە یەک بەربژێر کرد، ئەویش ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ بوو. ئەو شکستەش کۆتاییهێنا بە 15 ساڵ فەرمانڕەوایی پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغان لە ئەستەنبوڵدا.

بەڵام ئەمجارە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی شارەوانییەکان لە یەکتر جیا بوونەتەوە، ئەمەش دەبێت یارمەتی هاوپەیمانەکانی ئەردۆغان بدات لە شارە فرە نەتەوەییەکانی وەکو ئەستەنبوڵدا سەربکەون.

پارتی یەکسانی و دیموکراسی لایەنگری کورد (پارتی دەم) کە پێشتر بە هەدەپە ناسراو بوو، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند لە 9 ی مانگی دوودا بەربژێرێک بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی ئیستەنبوڵ ڕادەگەیەنێت.

باس لەوە دەکرێت کە باساک دەمیرتاش وەکو بەربژێر دەستنیشان دەکرێت. باساک هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاشە کە پێشتر هاوسەرۆکی پارتەکە بوو، بەڵام لە ساڵی 2016 ەوە لە زینداندایە.

هەندێک لە ڕەخنەگران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پارتی یەکسانی و دیموکراسی لەگەڵ ئەردۆغاندا ڕێککەوتووە لەسەر ئەوەی ئەگەر سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکرێت ئەوا چیتر پشتیوانی لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئیمامئۆغلۆ ناکات.

دەمیرتاش لە ساڵی 2016 دا بە تۆمەتی " پڕوپاگەندەی تیرۆر " تاوانبار کرا و سزای 142 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

سەرکەوتنەکەی ئیمامئۆغلۆ لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2019 دا بەهۆی پشتگیری ڕاستەوخۆی پارتی ' باش ' ی ڕاستڕەو و پشتگیری ناڕاستەوخۆی پارتی یەکسانی و دیموکراسییەوە بوو، لەو هەڵبژاردنەدا پارتی یەکسانی و دیموکراسی بەربژێری نەبوو.

بەڵام هیواکان بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئیمامئۆغلۆ وەکو سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ لە ژێر مەترسیدان لە کاتێکدا کە پارتی " باش " لە مانگی دوانزەدا لە هاوپەیمانێتییەکەی نێوان پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا هاتە دەرەوە.

ئیمامئۆغلۆی تەمەن 52 ساڵ بە تۆمەتی سوکایەتیکردنی بە بەرپرسێکی گشتی تۆمەتبار کراوە و ئەگەر تۆمەتەکەی بەسەردا ساغ ببێتەوە ئەوا ڕەنگە ناچار بکرێت دەست لە کاربکێشێتەوە.

لە مانگی یەکدا ئەردۆغان وەزیری پێشووی ژینگەی تورکیا موڕات کورومی دەستنیشان کرد وەکو بەربژێرێک بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبوڵ.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG